$ئارام بنوو پیاوە جوامێر و مەردەکەی #گەرمیان#$
#قوباد تاڵەبانی#
#29-09-2020#
هەر کاتێک وشەی جوامێر یان پیاوی مەردم دەکەوێتە بەر گوێ، یەکسەر کاک سەڵاحی کوێخام دێتە بەرچاو. کاک سەڵاح نموونەی مەردایەتی و مێرخاسی و پەرۆشی بوو بۆ خاک و نیشتمان. پێشمەرگەیەکی پارتیزان و دڵسۆز، دەوڵەتمەدار و بەرپرسێکی دەست و دامێن پاک و ڕەوشت بەرز و بە هەموو مانایەک مەرد.
کاک سەڵاح زۆر جیاواز بوو و تا دواساتەکانی ژیانی بە پاکێتی و بەهەمان ئەو بیر و باوەڕەوە ژیا کە لە گەنجێتیدا لەپێناویدا بووە پێشمەرگە و هەرگیز ڕێگەی نەدەدا ناو و ناوبانگی لە کەدار بێت.
کاک سەڵاح وەکچۆن لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتیدا مەرد و جوامێر بوو، لە قۆناغی پاش پێشمەرگایەتیشدا هەر مەرد و جوامێر مایەوە. نەیهێشت پلە و پۆست ناوی بزڕێنێت. ئەو دەسەڵاتە زۆرەی وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هەیبوو، بەکاری نەهێنا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی یان بۆ پڕکردنی گیرفانی.
لە دوا کۆنگرەی یەکێتی، لەناو گەرمییانییەکاندا ڕەنگە کاک سەڵاح خۆشەویسترین و بەهێزترین ئەندامی کۆنگرە بووبێت، کەچی پاشەکشەی کرد بۆ هەندێک هەڤاڵی دیکە تا گرژی نەکەوێتە ناو کۆنگرەوە.
لە ژیانمدا لە کەم شت پەشیمانم. بەڵام هەست دەکەم غەدرم لەم پیاوە مەزنە کرد. دوو ساڵ بوو داوای دەکرد خانەنشینی بکەم و هەڤاڵێکی دیکە لە شوێنەکەی دەستبەکار بێت، بەڵام من لێی پاڕامەوە کە لەبەر هەستیاری دۆخەکە و ئەو هاوسەنگیەی ڕایگرتبوو و هەروەها لەبەر ئەو ڕێزەی کە لە گەرمیان هەیبوو بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی گەرمیان. ساڵی ڕابردوو بەڵێنم پێدا کە یەکساڵی دیکە بەردەوام بێت خانەنشینی دەکەم. ئەوەبوو سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ خانەنشین کرا.
بەڵێ کوێخا جوامێرەکەی گەرمیان دوو ساڵ تەنیا لەبەر خاتری من و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ویست و خواستی خۆی و هاوسەرە بەڕێزەکەی مامۆستا هیامی بەلاوەنا و لە پۆستەکەی بەردەوام بوو.
ئێستا پەشیمانم و هەست ئەکەم غەدرم لە خۆی و مامۆستا هیامی هاوسەری کرد کە بە پێداگرییەکانم نەمهێشت لانی کەم دوو ساڵ بەئارامی و دوور لە فشاری بەرپرسیارێتی پێکەوە بژین. زۆر دڵگرانم کە نەیتوانی یەک ڕۆژ چێژ لە ژیانی خانەنشینی ببینێت، چونکە هەرکە خانەنشین بوو تووشی پەتای کۆرۆنا بوو. لێرەدا هیچم نییە بیڵێم جگە لەوەی زۆر داوای لێبووردن بکەم لە مامۆستا هیام.
هیوادارم کاک سەڵاح و ئەداکەی نموونەیەک بێت بۆ ئەو کەسانەی نایانەوێت مێژووی خۆیان بە کاری نەشیاو ناشیرین بکەن. ژیان و تێکۆشانی کاک سەڵاح فێرمان دەکات هەر کەسێک کە ئەمڕۆ لەهەر بوارێکدا ناوبانگێکی هەیە، ئەگەر بەپاکی و بە ڕەوشت بەرزییەوە بژین، ئەوانیش دوای خۆیان وەک کوێخا جوامێرەکەمان بەجوانی دەچنە ناو مێژووەوە.
هەرچەندە وشەکان زۆرجار لە ئاست شکۆ و ناوبانگ و مێژووی مرۆڤە مەزنەکاندا کوورت دەهێنن، بەڵام دوای هەموو ئەو ساڵانەی یەکتر ناسینمان هەست دەکەم تەنیا وشەیەک کە شیاو بێت لەپاڵ ناوی کاک سەڵاحدا دایبنێم ئەوەیە کە بڵێم: کاک سەلاحی مەرد.
ڕۆحت شادبێت کاک سەڵاح.. کوێخاکەی خۆم و گەرمیان. [1]