$ئەم دونیایە بەرەو کوێ دەڕوات!$
#محەمەد خۆشناو#
#16-05-2021#
ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین سەردەمی جەنگی ڤایرۆسات و ڕۆبۆتە، ماوەیەکی دیکە وایلێدیت زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆت جێگەی ئیشوکار و وەزیفە دەگرێتەوە، سرووشتی دەوروبەرمان لە گۆڕاندایە و نازانین دەگاتە کوێ! ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم سەردەمێکی نوێی تۆقێنەرداین و ڕۆژانە جۆری تاوانی وامان گوێ لێدەبێت کە ناچاربین بڵێین ئایا بەڕاستی هەرەسی ئەخلاقی لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە؟
دوێنی لە هەواڵێکدا بڵاوکرایەوە کە لە #چەمچەماڵ# برایەک برایەکی خۆی کوشتووە، پێشریش بڵاودەکرایەوە کوڕێک باوکی خۆی کوشتووە، کەسێک ژنی خۆی دەکوژێت یان کوڕ دایکی کوشتووە. لە هەمووی تاڵ و ناخۆشتر ئەوەیە کە ئەم دیمەنە جەرگبڕە بە مۆبایل وێنەی دەگیرێت، مۆبایل بووەتە شەیتان و هەست و سۆزی مرۆیی نەماوە. لە زەمەنێکی وشک و برینگی واداین کە دڵنیانیت لەوەی تۆ لەگەڵ برادەرێکت یان لەگەڵ کەسێک قسە دەکەیت و یەکسەر قسەکانت تۆماربکات، یان وایلێهاتووە کەسێک لە بەردەمتدا بکەوێت ئامادەنیت یارمەتیی بدەیت. ئەم تێکچوونی ڕەوشتە ڕەنگی داوەتەوە لەسەر شێوازی ئاخاوتن و هەڵسوکەوتیش، وشە جوانەکانی، بەیانیت باش یا ڕۆژ باش نەماوە، وەرە سەیری ڕەفتاری دوژمنکارانەی هاژووتنی ئۆتۆمبێلی هەندێک کەس بکە!
کۆمەڵگەی ئێمە بەزەیی و مرۆڤایەتی ونکردووە، ئەو تاوانانەی باسمانکرد نوێیە و پێشتر لە کۆمەڵگەی کوردستانی نەبوو و حاڵەتێکی نامۆ و غەریب بوو لای ئێمە. خەڵک بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە جۆر و ژمارەی ئەو تاوانانەی کە ڕوودەدن کە پێویستیی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە و ئایا لەبەر دۆخی خراپی ئابوورییە یان بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەرە ئەم تاوانەنە ڕوو دەدەن، کە هۆش و ویژدان ناهێڵێت و دەتبات بەرەو تێکدان و کاری دوژمنکارانەی وا ترسناک کە بڵێی ئێمە بەرەو مایەپووچبوونی ڕووحی و داماڵینی مرۆڤ لە بەها و پرنسیبەکانی مرۆڤ دەڕۆین. لە ڕاستیدا تەکنۆلۆژیاش سەرەڕای سوودەکانی بووەتە مایەی هەڵوەشانەوەی خێزان کە ژیانی خێزانی سارد و سڕ کردووەو، پەروەردە لە قوتابخانە، مزگەوت، کڵێسە و بەرنامەی تەلەڤزیۆنی کە بەرپرسە لە کۆعەقڵی خێزان بوونی زۆر لاوازە.
ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە سلوکییەی کە ئێمەی گەیاندە ئەو حاڵەتی دەروونی و سلوکی، داوای ئەوەمان لێدەکات کە بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێین، چونکە خەریکە ئەو نەخۆشییە بەدفەڕە تەشەنە دەکات و ناوە ناوە قوربانی نوێ و تاوانی ترسناکتر ڕوو دەدەن، بۆیە دەبێت هەموو لایەک و ئەوانەی ترسیان لە ئاییندە و نەوەکانی ئاییندە هەیە بکەونەخۆ، هەر لە سنووری سزای یاسایی یان چارەسەری ئەمنیی ڕانەوەستێت، بەڵکوو پێویستی بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی سەرتاسەری هەبێت بەتایبەتی خێزان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بەوەی خێزان درووستکەری منداڵ و پەروەدەکاری نەوەکان و هەڵگری بەها باشەکانە، بەمەش دەتوانرێت نەژادێکی باش ئامادە بکات. [1]
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 706
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!