ناوی شوێنەوار:گردی گۆدین، گۆدین تەپە
تەپۆلکەی گۆدین شوێنەوارێکی زۆر پڕبایەخی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ە. دەکەوێتە دۆڵی کەنگەوەڕی ڕۆژاوای شاری #کرماشان#. لە نیوەی ڕێگای نێوان کرماشان و هەمەداندایە. ئەوەی ماوە نزیکەی 15 هەزار مەتر دووجایە. ڕووبارەکەی تەنیشتی لەنێوان ساڵانی 750 بۆ 1400 بەر لەزایین، بە تەواویی لای باکووری داڕماندووە و بەرەبەرە دایخوراندووە. 32 مەتر لە دەورەی خۆی بەرزترە. لە ساڵی 1961 لەلایەن زانکۆی پەنسلڤینیاوە دۆزراوەتەوە و لەنێوان 1965 تا 1973 لەلایەن تیمێکی مۆزەخانەی شاهانەی ئۆنتاریۆی کەنەداوە، کنە و پشکنینی بۆ کراوە.
ڕەنگە بایەخی ئەو شوێنە لەبەرئەوە زۆر بووە چونکە لەسەر سنووری تۆڕی بازرگانیی میسۆپۆتامیا بووە، ئەو کاتە لە ئەفگانستانەوە بەردی لازورد بۆ میسۆپتامیا دەهات. شوێنەوارەکە لە ساڵی 5200ی بەر لە زایین ئاوەدان بووە، ئەوە لە چینی شەش بۆ هەشت دەسەلمێندرێ. بە گشتیی چینی دووەم (ساڵی 500 بەر لە زایین) تا چینی پێنجەم (ساڵی 3200 تا 3000 بەر لەزایین) بایەخی زۆریان پێدرا.
لە گردی گۆدین 11 کەلتووری جیاواز دەستنیشان کراوە. چینەکانی 7 تا 11 تەنیا دوو چاڵی تاقیکردنەوەیان هەبووە، چونکە توێژینەوە لەو سەردەمە لە گردی (سە گابی-نێوە کوردییەکەیم نەدۆزییەوە) نزیک گۆدین تەپە کرا، بۆیە لە گۆدین دووبارە نەکرایەوە. گڵسازیی تەپۆلکەی گۆدین سەر بە کەلتووری گڵسازیی حەلەفە. هەیەتی کاریگەریی کەلتووری دەڵمای بەسەرەوە هەیە و تەواو لەو بابەتانە دەچێ لە ناوچەی دەریاچەی ورمێ دۆزراونەتەوە. چینی هەشتی گۆدین، لەگەڵ کەلتووری گڵسازیی عوبەید، یەکدەگرێتەوە. چینی شەش و حەوت، لە هەزارەی چوارەمی بەر لە زایین هەبوون. ئەوکاتە بنچینەکانی شارستانییەتی مرۆڤی ئێستە دادەکوترا، سەرۆک وپاشایەکان دەسەڵاتی فەرمان دەرکردنیان هەبوو، باج داندرا، چینەکانی کۆمەڵگە دەرکەوتن، خەسڵەتەکانی ئابووریی تاک، دەرکەوتن، نووسین داهێندرا، سەرەتای سوپا پێکهێنان بوو و ژیانی شار هاتە ئارا.
لە خانووی ژمارە 18دا، گۆزەیەکی شکاو دۆزرایەوە. تا ساڵی 1991 نەدەزانرا ئەو گۆزەیە بۆچی بەکارهاتووە. بەڵام لەو ساڵەدا شوێنەواری ترشبوونی جۆ و ئایۆنی ئەکسالاتی کالسیۆم لەسەر دیواری ناوەوەی پارچەکانی ئەو گۆزەیە دۆزرایەوە. ئەوە بەڵگەیە ئەو گۆزەیە جۆی تێدابووە و ترشێنراوە. لەهەمان ژووردا دەنکە جۆی سووتاو دۆزرایەوە دیارە پاشماوەی ئامادەکردنی جۆیە بەرلەوەی هەڵگیرێ. تەمەنی ئەو دەنکە جۆ و گۆزەیە بۆ نێوان 3500 تا 3100 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەوە یەکەم جار بووە لە شوێنەوارێکدا بەڵگەی کحول بدۆزرێتەوە.
لە هەمان ژووردا، نزیکەی 2000 بەردی شێوە گۆ دۆزرانەوە، هیچ گومان نییە ئەوانە بۆ ژماردن درووستکراون و بەکارهاتوون. لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا سوودیان لێ وەرگێڕاوە. پێوەندی نێوان ئەوانەی لەو شوێنە ژیاون لەگەڵ نیشتەجێیەکانی دۆڵی کەنگەوەڕ توێژینەوە و گەڕانی زۆرتری دەوێ.
چینی 5 نزیکەی 500 مەتر دووجا ڕووبەری بووە. چەند پێکهاتە و خانوو و هۆڵ دەستنیشانکران. هەموویان بە دیوارێکی بەرزی شێوە هێلکەیی دەورەدرابوون، دیارە ئەوە وەکوو شوورە بۆ خۆپاراستن بووە. گڵسازیی چینی پێنجەم هاوتەریبی ئوروک 4 و ئەکرۆپۆلی ژمارە 17ی شاری سوسەیە. خانوویەکی شێوە هێلکەیی لە ناوەڕاستی تەپۆلکەکە هەبووە، باوەڕ وایە سۆمەری یان ئیلامیی تێدا ژیابێ و بە خانووی دیکە دەورەدراوە و کەلتووری دانیشتووانی زاگرۆسیان تێدا بەجێماوە.
هەرچی چینی چواریشە، ڕووبەرەکەی سەروو 500 مەتر دووجا بووە. کاریگەریی کەلتووری ڕۆژاوای زاگرۆس و قەوقازی سەردەمی چاخی برۆنزی 1 ی بەسەرەوە دیارە. باشترین پاشماوەی ئەو سەردەمە لە شوێنەواری تازەکەند (فارس کردوویانە بە یانیغ تەپە و ئازاریش بە یانیک تەپە- لە جیهاندا هەر بە ناوە ئازارییەکەی بەناوبانگە) دۆزراوەتەوە. لەو چینەدا خانووی گوند، شوێنی کراوە بۆ هەندێ مەراسیم هەبووە، لە گۆدین دەرکەوتووە. هەر لەوکاتەیش، پیشەسازیی کانزا دەرکەوتووە. وا دیارە داگیرکاریی کەلتووری باکوور وایکردبێ خانووە هێلکەییەکە چۆڵ کرابێ، چونکە ئەو ڕێگەیەی بازرگانییکردنی لەنێوان میسۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتدا بڕیوە.
چینی سێیەمی گردەکە سەروو 700 مەتر ڕووبەری بووە. 11 مەتر ئەستوورە و بەردەوامیی هەبووە، هەمووی بۆ سەردەمی برۆنز دەگەڕێتەوە. ئەو چینە بۆ 6 چینی لاوەکی دابەشکرا. هەرنەبێ خانووەکانی یەکێک لەو چینە لاوەکییانە بە بوومەلەرزە داڕماون. پێوەندی توندی لەگەڵ کەلتووری سوسە Dو بانش مەلایان هەبووە. لەبەرئەوەی پێوەندی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی لادێ و نیشتەجێیەکانی لوڕستاندا هەبووە، دیارە گۆدین لەژێر دەسەڵاتی ئیلامییەکان بووە. ئەو کاتە گۆدین گەورەترین نیشتەجێی ئەو دۆڵە بووە. لەبەرئەوەی سەنتەری درووستکردنی گڵسازیی هەبووە و گۆشت لەلایەن دوکانێکی گۆشتفرۆش فرۆشراوە، ڕەنگە وەکوو شار چاوی لێکرابێ، ئەو سەردەمە دەکەوێتە نێوان ساڵانی 2600 تا 1500 پێش زایین. لە دوای 1500 یان 1400 بەر لە زایین، گۆدین جۆڵ کراوە و تا ساڵی 750 پێش زایین، ئاوەدان نەبووە.
لە سەردەمی مادەکاندا یەک قەڵا بووە، نزیکەی 133 مەتر بە 55 مەتر بووە. شوورەیەکی بەهێزی لە دەور هەبووە و سەردارێکی مادەکانی لێبووە. ئەو کاتە قەڵایەکە سێ ژووری هەبووە. هەر ژوورێک تاقی لە سێ دیواریدا هەبووە، و تەختی شاهانەی لە لای چوارەمیدا هەبووە. گەورەترینیان 30 پایەی تێدا بووە. 5 ڕیز بوون هەر ڕیزێک 6 پایە بووە. ئەو کۆشکە لەوانەی شارستانییەتەکانی فارس لەسەردەمی چاخی ئاسن دەچن. هەمان شێوەی لە حەسەنلو دۆزراوەتەوە. دانیشتووانی ئەو قەڵایە لە کاتێکی نەزاندراودا چۆڵیان کردووە. دواتر لە نزیکەی ساڵی 500 بەر لە زایین، ئەخمیەنییەکانی لێبووە.[1]