ئاشکرایە چەرەس یەکێکە لەو خۆراکانەی وەکوو نەریتێک لەنێوان ژەمەکان بایەخی پێدەدرێت و بە جۆری جیاواز لەبەردەستدان، بەتایبەت بۆ بۆنە و ئاهەنگەکان، هەروەها لەدوای ڕەمەزان ڕۆژووەوانان بۆ قەرەبووکردنەوەی بڕە خۆراکییەکانیان پێویستە بایەخ بەو خۆراکانە بدەن کە ڕێژەیەکی زۆر لە مادە و کانزا سوودبەخشە خۆراکییەکانیان تێدایە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی، چەرەسەکان بە گشتی کێشڕێکی دەبەخشن و یارمەتیدەرن لە ڕێکخستنی چەوری و شەکری خوێن، تەنانەت توێژەران ڕایدەگەیێنن، ئەگەر ڕۆژانە تەنیا 28 گرامیان لێبخورێت کە دەکاتە نزیکەی 15 دەنک، ئەوا ڕۆڵی کاریگەر دەبینن لە پاراستنی تەندرووستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.
پزیشکانی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی ڕایدەگەیێنن، چەرەسەکان سەرچاوەی دەوڵەمەندی چەورییە ناتێرەکانن، هەروەها پرۆتین، کانزاکان، ڤیتامینەکان و دژە ئۆکسێنەکانیان تێدایە کە تەندرووستیی جەستە دەپارێزن.
=KTML_Bold=لێرەدا باشترین ئەو چەرەسانە دەخەینەڕوو کە پێویستە بایەخیان پێبدرێت=KTML_End=
=KTML_Bold=1- فستق=KTML_End=
بە گوێرەی ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی لە ئەمریکا، فستق یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دابەزاندنی کێش، بە جۆرێک یارمەتیی گۆڕینی خۆراک دەدات بۆ وزە و بەخێرایی هەستی تێربوون دەبەخشێت، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین بی کە هۆرمۆنەکانی خانمان ڕێکدەخات و توانای سێکسی لە پیاواندا زیاددەکات، هاوکات یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
=KTML_Bold=2- بادەم=KTML_End=
زۆر توێژینەوەی جۆراوجۆر سوودەکانی بادەم پشتڕاستدەکەنەوە بۆ دابەزینی کێشی جەستە و ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێن، هەروەها جگە لە پڕۆتین و ڕیشاڵەکان بادەم دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرەکانیش و یارمەتیدەرێکی چالاکە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی جەستە.
=KTML_Bold=3- عەلی بابا=KTML_End=
ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەریدەخات، عەلی بابا پڕۆتین، نیاسین و فۆڵەیتی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵەکان، ئاسن، پۆتاسیۆم، زینک، ڤیتامین B2، ڤیتامین E و ڤیتامین B.
هاوکات ناوەندەکە ڕوونی دەکاتەوە، عەلی بابا سووڕی خوێن چالاکدەکات و پێست دەدرەوشێنێتەوە.
=KTML_Bold=4- بووندوق=KTML_End=
ئەم جۆرە چەرەسە یارمەتیدەرێکی باشە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و چەوریی کۆلیستڕۆڵی خوێن، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E.
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا دەریدەخات، بووندوق دەشێت پەستانی خوێن کەمبکاتەوە و ئەگەر ڕۆژانە 15 دانە لێبخورێت ئەوا یارمەتیی کێش دابەزاندن دەدات.
=KTML_Bold=5- گازۆ=KTML_End=
گازۆ یەکێکە لەو چەرەسانەی کە سوودی تەندرووستیی جۆراوجۆری هەیە، بە جۆرێک دەزگای FDA ڕایدەگەیێنێت، گازۆ تەندرووستیی پێست دەپارێزێت و دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و فۆلیک ئەسید، هاوکات چەوریی خوێن کەمدەکاتەوە و تەندرووستیی دڵ دەپارێزێت.
=KTML_Bold=6- گوێز=KTML_End=
دامەزراوی خۆراک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، گوێز یەکێکە لەو خۆراکەی کە دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرەکان، بە جۆرێک ڕێژەیەکی زۆر لە ئۆمێگا سێی تێدایە، هەروەها پسپۆڕێکی خۆراکی ئەمریکی پێشنیازدەکات، پێش خەوتن بایەخ بە خواردنی گوێز بدرێت، چونکە هانی دەردانی بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەدات.
بە گوێرەی دامەزراوەکە، گوێز مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە و دەوڵەمەندە بە مادەی زینک، کالیسیۆم، ئاسن و ڤیتامین B6.
پسپۆڕێکی خۆراک لە کەنەدا دەڵێت: هەرچەندە زۆرینەی چەرەسەکان دەوڵەمەندن بە مادە خۆراکییە جیاوازەکان، بەڵام پێویستە خواردنی چەرەس بە شێوەیەکی سنوورداربێت، بە جۆرێک ڕۆژانە بڕێکی دیاریکراویان لێ بخورێت و کاریگەریی لەسەر ژەمە خۆراکییە سەرەکییەکان نەکات. [1]