ناونیشانی بابەت: دید و ڕۆشنایی دەربارەی ئیسلامی سیاسی
ئانادەکردن و نووسین: مالپەڕی ئاوێنە
دید و ڕۆشنایی، نوێترین پەڕتووکی نیاز سەعید عەلی- نووسەرە، کە لە کۆمەڵێک دیدار وتووێژپێکدێت دەربارەی ئیسلامی سیاسی و لە ساڵانی ڕابردودا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای نووسراوو ئەلکترۆنیدا ئەنجامیداوە، ئەم پەڕتووکە چەندین زانیاری گرنگ دەربارەی ئیسلامی سیاسی لەئاستی جیهانی ئیسلام و کوردستاندا لەخۆدەگرێت.
لەم پەڕتووکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەزموونی ئیسلامی سیاسی لە ماوەی سەدەی ڕابردودا هەم لە جیهانی ئیسلام و عەرەبی و هەم لە کوردستانیشدا، لەوکاتەوەی کە لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا یەکەمین ڕێکخراوی گەورە و کاریگەریی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتی میسر بەناوی ئیخوان موسلمین دادەمەزرێت و ژمارەیەکی بەرچاو لەسوننەکان لەدەوری کۆدەبنەوە، پاشان چەندین گرووپی توندڕەوتر لەژێر سایەی ئەم ڕێکخراوە دێنە دەرو ڕێبازێکی توندوتیژانە دەگرنە بەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و بەشێکیشیان لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە پەنا دەبەنە بەر کاری تیرۆر.
نیاز ئاماژە بەوە دەکات کە لەنیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هاتنەسەرکاری ڕژێمێکی شیعە مەزهەب لە ئێران کە خوازیاری هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەبێت بۆ وڵاتانی ناوچەکەو جیهانی عەرەبی، هاوکات لەشکرکێشی سوپای سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان و هەڵگیرسانی جەنگی جیهادی موجاهیدەکانی ئەفغان و ئەفغانەکانی عەرەب دژ بەداگیرکاریی سۆڤیەت و ڕژێمی کۆمۆنیستی ئەفغانستان - بەپشتیووانی ئەمەریکاو سعودیەو پاکستان - هەرچی زیاتر دەبنە هۆکاری بوژانەوەو تەشەنەسەندنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و پاشەکشە کردن بەبیری ناسیۆنالیستی عەرەبی و چەپ و سۆشیالیزم.
ئەم پێشهات و ڕووداوانە لەیەککاتدا توندڕەوانی سوننە و شیعە دەکەن بەپێشەنگی ناکۆکی و ململانێکانی ئەم دو مەزهەب و ئایینزایەو ڕەوتێکی دژە شارستانییەتی خۆراواو هەژمونی ئەمەریکیش لەنێو ڕەوتی ئیسلامیدا بەهێز دەکەن، کە زیاتر لەرێکخراوەکانی قاعیدە و #داعش# و حزبوڵادا بەرجەستە دەبێت.
نووسەری ئەم پەڕتووکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەوتە ئیسلامییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوە لەوەی ساڵەهایە سنوورەکانی جیهانی ئیسلام لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا سوورو خوێناوی بن، هەر لەفەلەستینەوە بگرە تا دەگات بەکشمیر و چیچان و نێجیریا و میانمار...هتد. لە هەمانکاتیشدا ناکۆکییە ناوخۆییەکانی وڵاتانی ئیسلامییان توندتر کردووەتەوە کە خۆیان وەک جێگرەوەی هێزە عەلمانییەکان ناساندوە.
شانبەشانی چەندان ڕێکخراوی ئیسلامیش، ژمارەیەک دەوڵەتی ئیسلامی بەئاڕاستەی بەهێزکردنی مۆدێلی ئیسلامی سیاسی خۆیان کاریان کردووە و دۆخی جیهانی ئیسلامیان ئاڵۆزتر کردووە، وەک سعودیەو ئێران و تورکیا و قەتەرو ئیمارات، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی بەڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆ شوێنەوارو جێپەنجەی ململانێی ئەم وڵاتانەیان پێوە دیارە.
لە کوردستاندا، بیری ئیخوانی لەپەنجاکانی سەدەی بیستەمدا بەهەوڵ و کۆششی بنەماڵەی مەلا عەبدولعەزیز سەرهەڵدەدات و یەکەمین کۆبوونەوەی ئیخوانیەکان لە مزگەوتی پاشای #هەڵەبجە# دەکرێت، پاشان لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، مەلا سدیق عەبدولعەزیزو مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو سەڵاحەدین بەهائەدین و شێخ محەمەد بەرزنجی و عەلی باپیر و مەلا کرێکار ڕۆڵی کارا لەبوژانەوەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیدا دەبینن.
نیاز باس لەوە دەکات کە لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا، مەلا کرێکار بیرۆکە و ڕێبازی سەلەفی جیهادی لەپاکستانەوە دەگواسێتەوە بۆ ناو گەنجانی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەوکاتەی لە ساڵی 1992شدا دەبێتە لێپرسراوی مەکتەبی سەربازی بزووتنەوەکە زیاتر کار بۆ ئاڕاستەکردنی بزووتنەوە بەرەو توندڕەویی و پڕ چەک کردن دەکات.
لەم پەڕتووکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کە لەچل ساڵی ڕابردودا چەندان گرووپ و ڕێکخراوو ڕەوتی ئیسلامی لە کوردستاندا سەریانهەڵداوە، کۆمەڵی جیهادی ئیسلامی، حەماسی ئیسلامی، بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، بەرەی تەوحیدی ئیسلامی، جوندئیسلام و ئەنسار ئیسلام، ئەمە جگە لەوەی سەلەفییەکان بەشێوەی ناڕێکخراوو گرووپی بچوک بچوک و لەسەر ئاستی تاک لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا لە بواری بانگەوازو پەروەردەی ئایینیدا کار دەکەن.
خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە بۆ هەموو ئەوانەی لە بواری مێژوو، کۆمەڵناسی و ئیسلامی سیاسی و سیاسەتدا کار دەکەن، بەسوود و پێویست و گرنگە. [1]