کوورتەباسێک لەسەر پەرتووکی “#هەرمان ساتی ئەوینە#”ی غادە سەمان
یەکێک لە هێماکانی دەقێکی سەرکەوتوو ئەوەیە کە کاتێک باسی بابەتێک دەکات خۆی لە چوارچێوەی بابەتەکەدا خۆی قەتیس ناکات بەڵکوو بابەتەکە لە جیهانێکی گەورەتردا دەشارێتەوە.
غادە سەمان کاتێک باسی ئەوین دەکات ئەوین هەر دڵدارییەکی سانا و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاوێک نییە بەڵکوو پەیوەندیی دوو مرۆڤ لە جیهانێکی گەورەدا کەوا هەر کام بەرهەمی کۆمەڵگە و دابوونەریتێکن و هەر کام ڕوانینی جیاوازیان بۆ شتەکان هەیە. ڕێک ئەو ڕوانینە جیاوازانەی وا لە کۆتاییی خۆیاندا بێبەزەییانە بەسەر ئەویندا زاڵ دەبن و کۆتایی پێ دێنن.
پەرتووکی هەرمان ساتی ئەوینە پێکهاتەیەکە لەو شێوازە ئەوێنانە و ئەو مرۆڤانەی لە کۆتاییدا ئەوەی بە مرۆڤ دەبەخشێ تەنیاییە، تەنیاییەک کە بەرهەمی لێک تێگەیشتنی جیاواز و کۆمەڵگەی جیاواز و دابوونەریتی جیاوازە. وەکوو ئەوەی بڵێی بۆ هەر شوێنێکی جیهان ڕاکەی دیسانیش تەنیایی و ڕابردووت لەکۆڵت نابنەوە.
=KTML_Bold=ڕووپەلە سپییەکە نیشتمانە=KTML_End=
دەنووسم وەک کەسێ کەوا ماڵێ چێ دەکا پیت بە پیت و بەرد بە بەرد و بۆ هەڵاتن لە
هەڵوەدایییە هەتا هەتاییەکەی تیا نیشتەجێ دەبێ
لە نیشتمانێکی شێواوی ناشریندا …
تەمەنم سەرلێشێواو لەنێوان بەژاییەکان و دڵەکان و میوانخانەکاندا تێپەڕ کرد و،
هەرگیز ڕۆژێکم لە هێمنایەتیدا پێ نەبڕاوە
تەنیا لەنێو ئەشکەوتی پیتەکانمدا نەبێت …
لە ئەشکەوتە ئاوییە شینەکانی ڕەنگدانمدا
توانیم لە بەرەنجامی مەرگ لەنێوان ئاو و ئاودا ڕزگارم بێ…
هاوینم داهێنا سەرەڕای ئەو سزایەی وا لە بۆسەی چاوە ڕووتەکانایە. [1]