یادی تیرۆرکردنی، مامۆستا #مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی# لە 27-03-2001
محەمەد جەمیل کوڕی مەلا ئەحمەدی ڕۆژبەیانی فەرقانی، لە ڕێکەوتی #03-07-1913# لە گوندی فەرقان سەربە ناوچەی قەرەحەسەن لە پارێزگای #کەرکووک# لە دایک بووە، هەر لە منداڵییەوە لای باوکی و مامۆستا ئایینییەکانی ناوچەکانی #گەرمیان# و کەرکووک خوێندنی ئایینی خوێندووە و ماوەیەکیش لەگەڵ باوکی هاتۆتە شاری #سلێمانی# لە دوای هاتنەوەی شێخ مەحموود لە هیندستان و تا ماوەی حوکمداریی شێخ مەحموود 1922-1924 لە سلێمانی ماونەتەوە و لەم ماوەیەشدا بە چاوی خۆی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە و یەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی حوکمدارییەکەی شێخ مەحمودی بە زمانی کوردی بینیووە.
دوای گەڕان بە گەلێک ناوچەی کوردستاندا وەکوو شارەکانی کەرکووک و پردێ و #هەولێر# و #کفری# و چەندین ناوچەی تری کوردستان بە مەبەستی خوێندن، لە کۆتاییدا و لە شاری کەرکووک لە ساڵی 1942 لەلایەن مامۆستا مەلا ڕەزای واعیز ئیجازەی مەلایەتی پێ دراوە.
مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی یەکەم وتاری لە ساڵی 1937 لە بارەی کوژرانی #بەکر سدقی# نووسی و لەسەر ئەم نووسینەشی دوو ساڵ لە حەویجە زیندانی کرا، سەرەڕای چەندین جار دوورخستنەوە بۆ حەویجە و نوگرە سەلمان و ناسریە و عیمارە و زیندانی کردنی بۆ چەندین جاری تر لەسەر نووسینەکانی لە بارەی مافی ڕەوای گەلی کورد و مێژووی نەتەوەکەیەوە.
مامۆستا مەلا جەمیل لە ساڵی 1963 پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی کوردستانەوە و ماوەیەک لە چەمی ڕێزان ماوەتەوە. دواتر بووەتە قازی لە سەنگاو پاشان ئەندامی دادگای تەمیز.
مامۆستا جەمیل لە ساڵی 1964 ڕووی کردووەتە شارەکانی #سەردەشت# و #سەقز# و هەمەدان و بێتووش و پاشان چووەتە شاری #تاران# و کراوەتە سەرپەرشتی بەشی کوردی و عەرەبی ڕادیۆکان و مامۆستاش لە زانکۆی (الاهیات)، تا ڕووخاندنی ڕژێمی شای ئێران لە ساڵی 1979 لەوێ ماوەتەوە.
مەلا جەمیل لە ئەیلولی ساڵی 1979 گەڕاوەتەوە #بەغدا# و بە ئەندامێتی کۆڕی زانیاری-دەستەی کورد، خەریک بووە تا لە شەوی #27-03-2001# لە ماڵەکەی خۆیدا و لە شاری بەغدا لەلایەن دەزگاکانی ڕژێمی #بەعس#ی عەرەبی ئێراقەوە تیرۆرکرا و لە ڕۆژی #28-03-2001# تەرمەکەی هێنرایەوە شاری کەرکووک و لە گۆڕستانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.
=KTML_Bold=هەندێک لە بەرهەماکابی:=KTML_End=
-وەرگێڕانی شەرەفنامە بۆ سەر زمانی عەرەبی.
-وەرگێڕانی یاداشتی ڕەفیق حیلمی بۆ سەر زمانی عەرەبی.
-فەرمانڕەوایانی موکریان.
-مندلي في التاریخ.
-وڵاتەکەت بناسە.
-#چوار دەوڵەتی کورد#.
-#کورد و ڕەگەزی ئاری#.
-سەدان وتار لەسەر زمان و مێژووی نەتەوەی کورد بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی خۆی.
شایەنی باسە مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی زۆربەی ژیانی بە ڕەبەنی ژیاوە تا لە ساڵی 1980 ژنی هێناوە و هیچ منداڵێکیان نەبووە.
=KTML_Bold=بۆ زیاتر بڕوانە:=KTML_End=
-مەحمود نەجمەدین: #مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی، شەهیدی قەڵەم#.
-میر بەسری: ناودارانی کورد، و: عەبدولخالق عەلادین. [1]