فریشتەی دڵ گوڵی کوێستان
چاو کەژاڵی گەش و زۆرزان..!
قەت ڕازی دڵ نەدەی نیشان
کە تۆ گوڵی و من، باخەوان.!
لە هۆش خۆی چوو گوڵی شەوبۆ
کە چاوی کەوت بە جوانی تۆ
بتخانەی منیش هەژارم
بتپەرستم.. کە دڵدارم
گوێت لێ بێ ئاخ و هاوارم
بانگ ئەکەن تۆی تاکە یارم
هێزی نەما کاتێ هەڵۆ
کە چاوی کەوت بە جوانی تۆ
وا لە دووریت ئەی دوو چاوم
ئەشک ئەڕێژم بۆت سووتاوم
چارم نییە و پەشۆکاوم
هەر بە هیوای تۆیە ماوم
مانگی چواردە بوو ڕەنجەڕۆ
کە چاوی کەوت بە جوانی تۆ
***
گیانی دڵە خوای جوانی
تیشکی خۆری دەم بەیانی
تۆ بۆ ژینم وەکو کانی
لە شوێنێکی چۆڵەوانی
قەوسوقەزەح کەوتە ڕۆ.. ڕۆ
کە چاوی کەوت بە جوانی تۆ
***
کەی بێ گیانە دوور لە ئازار
دوور لە دەرد و ئاخ و هاوار
بەتۆ شاد بێت دڵەی هەژار
ئیتر بەس کات گریان و زار
شەرم گرتی گڕی پشکۆ
کە چاوی کەوت بە جوانی تۆ[1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #فرمێسک و زەردەخەنە#
Αυτό το στοιχείο έχει γραφτεί σε (کوردیی ناوەڕاست) γλώσσα, κάντε κλικ στο εικονίδιο
για να ανοίξετε το στοιχείο στην αρχική γλώσσα!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Αυτό το στοιχείο έχει προβληθεί φορές 103
Γράψτε το σχόλιό σας για αυτό το προϊόν!