=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: ئایا ئێزیدیەکان مەترسیان لەسەرە؟ ڕیشەی کۆمەڵکوژی لە کوێوە دێت=KTML_End=
ناوی نووسەر: #محەمەد ڕەحمان ئەحمەد#
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە زۆرێک لە توێژەران بەتایبەتی لە بواری دەروونناسیەوە ویستیان بزانن کە نازییە ئەڵمانەکان چۆن دەستیان چووەتە کۆمەڵکوژی جووەکان بەم شێوە دڕندانەیە. سەرەنجام بۆیان دەرکەوت کە ڕق و کینە بەرامبەر بە جووەکان شتێک نەبووە کە نازییەکان و هیتلەر دایانهێنابێ، بەڵکوو ڕق و کینە بوغزاندنێکی سەدان ساڵەیە بووە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی دژی جووەکان. جووەکان لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی پیسترین مرۆڤی سەرزەوی بوون؛ کافربوون؛ دژە دینی مەسیح بوون؛ پارەپەرستن بوون؛ قۆرغکاری بازاڕ بوون؛ هۆکاری نەهامەتی بوون؛ زۆر دید و ڕوانگەی خراپتریش. بەجۆرێک لە زهنیەتی کۆمەڵگەی ئەڵمان لە مرۆڤخرابوون (dehumanized)، وەکوو شتی پیس و خراپ و نامۆ و جێی گومان تەماشا دەکران. بۆیە، کاتێک نازییەکان دێنە سەر دەسەڵات بە سەرکردایەتی هیتلەر و بڕیاری قڕکردنی جووەکان دەدن، ئەوا زۆر بەشێوەیەکی ئاسایی بەبێ ئەوەی هیچ هەست بە ئازاری ویژدان بکەن جووەکانیان دەچەوساندەوە و کۆمەڵکوژیان دەکردن. پاشانیش لە لێکۆڵینەوەکاندا کە پرسیار لە بکەران دەکرا لەبارەی ئازاری ویژدان، وەڵامیان ئەوەبوو کە هەستیان بە ئازاری ویژدان نەکردووە و زۆر لایان ئاسایی بووە، جووەکانیان بە شایستەی ئەو کۆمەڵکوژییە زانیوە.
ئەمەی سەرەوە ڕەگوڕیشەی هەموو کۆمەڵکوژییەکە. کاتێک سپیپێستە ڕۆژئاواییەکان کۆمەڵکوژی هیندییە سوورەکان و ئەفریقییەکان دەکەن و دەیان کەن بە کۆیلە، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە دێت کە ئەمانە مرۆڤگەلێکی نزمن، کەمن، وەکوو ئەوان زیرەک و پاک و باڵا نین، لەبەرئەوە شایەنی ئەوە نین وەکوو ئەوانی باڵا بژین.
کاتێک دەوڵەتی ئیسڕائیل بێبەزەییانە فەلەستینییەکان کۆمەڵکوژ دەکات، ئەمە تەنها سیاسەتی سەرۆک وەزیران، بێنجەمین نەتەنیاهۆ و کابینەکەی نییە، بەڵکوو ئەمە لە ڕق و کینەی ئیسرائیلییەکان بەرامبەر موسڵمانە-فەلەستینییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.
کاتێکیش تورک و عەرەب و فارس، کورد کۆمەڵکوژ دەکەن و بەشایەنی هیچ مافێکی سیاسیی و نەتەوەیی و کلتووری نازانن و هەر کاتێکیش بۆیان بلوێ کورد بسڕنەوە، ئەمە لەو وێنایە ناشرین و قێزەونە سەرچاوەی گرتووە کە لای خەڵکی خۆیان بۆ کوردیان دروست کردووە و لەسەری پەروەردە کراون. بۆ نموونە، کاتێک تورک دەڵێن “کورد کێوین”، یان عەرەب و فارس دەڵێن “کورد نەوەی جنۆکەن”، یان ئەوەی کە هەموویان دەڵێن “هەر کیانێکی کوردی، ئیسرائیلێکی دوومە”، ئەمانە هەر قسەیەکی سادە نین، بەڵکوو وێناکردنی کوردە لە مێشکی تاکەکانیان کە بەجۆرێک لە مرۆڤبوونی بخەن و بێمافی بکەن، بەو مەبەستەی هەر کاتێک فەرمانی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کوردیان دا، ئەوا لای خەڵکەکەیان زۆر ئاسایی بێت و ڕەوایەتی پێبدرێت.
گەر سەیر بکەین تورک و عەرەب و فارس، کورد وەک موسڵمانیش قبوڵ ناکەن، هەموو ئەو نەتەوانە داوای دەوڵەت دەکەن بۆ فەلەستین چونکە موسڵمانن بەڵام بە ناوهێنانی دەوڵەتی کوردی شێت و هار دەبن. دەی مەگەر کوردیش موسڵمان نییە! لە ڕاستییدا پرسەکە ئەوەیە کە کورد هێندە نزم کراوەتەوە و ناشیرین کراوە کە کەسیان وەک برای موسڵمانیش قبوڵی ناکەن.
تورک و فارس و عەرەب، بە کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان هاواریان لێ هەڵدەستێ بەڵام بۆ ئەنفال و کۆمەڵکوژی کورد کەڕ و لاڵن و مێش میوانیان نییە. هۆکارەکەش هەر ئەوەیە کورد بەلایانەوە مرۆڤ نییە و شایستەی هیچ مافێک نییە. هەر بۆیە هیچ هەستێکیان بۆی نییە و هەست بە ئێش و ئازاری کورد ناکەن و بە شایستەی ماف و دەوڵەتی نازانن. سەرەڕای ئەوە، تاکی کورد هەمیشە هەست بە ئازاری ئەوانی دیکەی موسڵمان و ناموسڵمان دەکات و خۆی بە برای دینی ئەوان دادەنێ، لەکاتێکدا هاوسۆزیەکە تاک لایەنە. ئەوان هەمیشە ئەو هاوسۆزییەی کوردیان ڕەتکردیتەوە و بەردەوامن لە دژایەتی و حیساب بۆ نەکردن وەک برای دینیی.
ئەمانە بۆ ئێزیدییەکان دە ئەوەندە ڕاست و دروستترن. ئەوان هەموو کاتێک مەترسی کۆمەڵکوژیان لەسەرە نەک تەنها لەلایەن تورک و عەرەب و فارس، بگرە لەلای “کورد”ەکانیش. ئێزیدییەکان وێنایەکی زۆر ناشرینیان بۆ دروست کراوە لەنێو بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی موسڵمان بەتایبەتی دیندارەکان. ئەم گرووپە لە کورد، ئێزیدییەکان وەک کەسانی پیس، شەیتانپەرست، کافر و دوژمنە دین تەماشا دەکەن. بۆیە، کاتێک لەلایەن “#داعش#”ەوە کۆمەڵکوژکران و کارەساتیان بەسەردا هات، هاوسۆزییەکی زۆر نەبینرا، تەنانەت زۆرێک لە دڵەوە پێیان خۆش بوو، یان هیچ نەبێ وەک کردارێکی سادە وەریان گرت، وەک ئەوەی دەڵێت “بە دەستی من نەبوو بەڵام بە دڵی من بوو”.
ئێستاش کاتێک کەسایەتییەکی ئێزیدی بێڕێزییەک بە پیرۆزییەکی موسڵمانان دەکات، لەجیاتی هێرشکردنە سەر خودی کەسایەتییەکە و وەڵامدانەوە و سکاڵا لەسەر تۆمارکردنی، بەشێکی زۆر لەو گرووپە بە دەرفەتیان زانی و هەرچی ڕق و کینە هەبوو بەرامبەر ئەو گرووپە ئایینییە کوردییە ڕشتیان. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەوان کاتێک بە دەستی داعشی موسڵمان ئەو کارەساتەیان بەسەردا هات هیچ هێرشیان نەکردە سەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان و لەسەر موسڵمانانیشیان حیساب نەکردن، گەر هەش بووبێ وای کردبێت ئەوا تاک و تەرا بووە.
سەرەڕای ئەمە، هیچ کەسایەتییەکی دینداری موسڵمان نەچوو داوای لێبووردنیان لێ بکات. دەی ئەگەر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات، لە کاتێکدا شەریعەتی جێبەجێ دەکرد و موسڵمانان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕوویان تێدەکردن شەڕیان بۆ دەکردن، ئەی بۆچی دەبێ حەیدەر شەشۆ نوێنەرایەتی هەموو ئێزیدییەکان بکات.
بەڵێ ئەو لێشاوە جنێو و سوکایەتییە، ئەم هەموو ڕق و کینە هەڵڕشتنە، ئەم بەسووک و نزم ڕوانینە بەرامبەر بە ئێزیدییەکان، هەمووی ئاماژەی ئەوەیە کە بەڕاستی ئەوان مەترسی دووبارە جینۆسایدیان لەسەرە.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=