=KTML_Bold=بۆ ڕێگری لە بڕیارێکى ئەڵمانیا، ڕووبکەنە سەدر و سیستانى=KTML_End=
#عارف قوربانی#
هەفتەى ڕابردوو دواى کۆبوونەوەى ڕاوێژکارى ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکى هەرێمەکان، پڕۆژە بڕیارێکى حەوت خاڵییان پەسەند کرد لەبارەى دۆسیەى پەنابەران. یەکێک لە خاڵەکانى ئەو بڕیارە، بەزۆر ناردنەوەى ئەو پەنابەرانەیە کە بڕیارى دیپۆرتکردنەوەیان هەیە، یاخود دۆسییەکانیان داخراوە.
بەپێى ئامار و داتاى دەزگاکانى پەیوەست بە کۆچبەران لە ئەڵمانیا، نزیکەى 72 هەزار ئێراقى لە کورد و عەرەب، کە بەشێکیان کوردى ئێزدین، دۆسییەکانیان داخراوە و بڕیارى دیپۆرتکردنەوە دەیانگرێتەوە و ئەڵمانیا بەنیازە بەزۆر ڕەوانەى ئێراقیان بکاتەوە. لە کاتێکدا بەراورد بە پەنابەرى هەندێک وڵاتى دیکە، کۆمەڵگەى ئێراقى لە ئەڵمانیا خەڵکانى دوور لە کێشە و گیروگرفتن و بێزراونین لەبەرچاوى کۆمەڵگەى ئەڵمانى.
بەڵام ئەوەى وای کردووە لە پلەى یەکەمدا بن بۆ بەزۆر ڕەوانەکردنەوەیان، پەیوەندى بە حکوومەتى ئێراقەوە هەیە، چونکە بەپێى یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستوور و یاساى ئەڵمانیاش ڕێگە بەوە نادات بەزۆر پەنابەر بنێردرێتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆى ئەگەر وڵاتەکە ڕەزامەندى لەسەر نەدات. پێشتر ئێراق ڕەزامەند نەبووە لەسەر ناردنەوەى پەنابەرى ئێراقى، بۆیە سەربارى ئەوەى خەڵکانێک چەندین ساڵە مافى پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئێراق ڕەزامەندى نەداوە لەسەر بەزۆر ناردنەوەى، لە ئەڵمانیا و وڵاتانى دیکەى ئەوروپا ماونەتەوە، تاوەکوو دواجار بەڕێگەى کارکردن و هەندێک ڕێکاری یاسایى دیکە بوونەتە خاوەن وڵاتینامەى ئەو وڵاتانەى لێى دەژین.
بەڵام ئێستا وەک لە ڕاگەیاندنەکان و لە زارى هەندێک لە پەڕڵەمانتارانى ئێراقییەوە هەواڵەکە دزەى کردووە بۆ میدیاکان، سەرۆکوەزیرانى ئێراق لە سەردانى چەند مانگى ڕابردوویدا بۆ ئەڵمانیا، ڕەزامەندى لەسەر ئەوە داوە پەنابەرانى ئێراقى بەزۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێراق. ئەویش دواى ئەوەى ئەڵمانیا گوشارى خستوونەتەسەر، ئەگەر پەنابەرە ئێراقییەکان وەرنەگرنەوە، ڕەنگە ڤیزا بە شاندە ئێراقییەکان نەدەن. دەسەڵاتدارانى ئێراقیش لەبەر وەرگرتنى ڤیزا بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵى دەسەڵاتداران، گوێیان لەوە نییە ژیانى چەند هەزار خێزانى دیکە دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە حکوومەتى ئەڵمانیاش بێ ڕەچاوکردنى پێشێلکردنى مافى ئەو پەنابەرانە، لە ڕێگەى پۆلیسەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵ یاخود کەمپەکان و تا ئێستا چەندین هاووڵاتیى ئێراقى بەو شێوەیە دەستگیر کراون و ئامادەکراون بۆ ناردنەوە.
لەم وتارەدا باسى ئەوە ناکەم لێکەوتە خراپ و دوورمەوداکانى ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران، بۆ ئەڵمانیا چى دەبێت، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم زیانەکانى ئەم بڕیار و ڕێکارە نامرۆیى و نادیموکراسییە لەسەر ئەو هاووڵاتییانە چى دەبێت کە بەزۆر دیپۆرتى ئێراق دەکرێنەوە. ئەم ژمارە زۆرەى هاووڵاتیى ئێراقى کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ئەگەر هەمووشیان بەڕاستى مەترسى لەسەر ژیانیان نەبووبێت، بەشێکیان بەدڵنیاییەوە بەهۆى کێشەى سیاسى و ئەمنى و کۆمەڵایەتییەوە ناچار بوون وڵاتى خۆیان جێهێشتووە. بە ناردنەوەیان دەکەونەوە ناو هەمان ئەو کێشانەى پێشتر لێى هەڵهاتبوون. بەدوور نازاندرێت چەندین ڕووداوى کوشتن یان زیندانیکردنى لێبکەوێتەوە.
ئەوانەشیان ئەگەر کێشە و مەترسییەکانى پێشتریان کۆتایشى هاتبێت، دەکەونە ناو بارودۆخێکى سەختى ژیانەوە، چونکە بەشێکى زۆر لەوانە کە ئێراقیان جێهێشتووە، هەموو ماڵ و موڵکیان فرۆشتووە و داویانە بە قاچاخچى تاوەکوو بە ڕێگەیەکى سەلامەتدا بیانگەیێننە ئەوروپا. لە ئەوروپاش لەبەر ئەوەى مافى پەنابەرییان نەدراوەتێ، جگە لە یارمەتییەکى کەمى سۆسیال کە بەشى ژیانێکى هاکەزایى کردوون، خاوەن هیچ سەرمایەیەک نیین تا لە گەڕانەوەیان یارمەتیدەربێت بۆ دەستپێکردنەوەى ژیان. هەروەها بە دەستگیرکردنیان و ناردنیان بۆ کەمپەکانى (ناوەندنى دیپۆرتکردنەوە) دەست بەسەر کەلوپەل و ئۆتۆمبێل و تەنانەت جلوبەرگەکانیشیاندا دەگیرێت. ئەوانەى تا ئێستا دەستگیر کراون و نێردراون بۆ دیپۆرتسەنتەر، تەنانەت ڕێگەیان نەداوە بگەڕێتەوە ماڵەکەى جلوبەرگى پێویست لەگەڵ خۆى ببات، لەبەر ئەوەى بڕیارى ناردنەوەکەشیان دیپۆرتى زۆرەملێیە، ئەو ڕێکارەش نایانگرێتەوە کە پێشتر بە کەسانێک دەدرا کە دەگەڕانەوە بۆ وڵاتى خۆیان، بۆیە هەموو ئەو خێزانانە بە گەڕانەوەیان دەبێت لە سفرەوە ژیان دەستپێبکەنەوە.
لە کاتێکدا ڕێژەى بێ کارى لە ئێراق ڕۆژ لەدواى ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و لە هەندێک شار و شارۆچکە ڕێژەى هەژارى وا نزیک دەبێتەوە لە نیوەى دانیشتووان، ئەوانەى دەگەڕێندرێنەوە نە دەرفەتى دامەزراندن و نە دەرفەتى کاریان بۆ دەڕەخسێت، لە کاتێکدا بەهۆى ئەوەى منداڵەکانیان لە ئەڵمانیا بە زمانى ئەڵمانى خوێندوویانە و هەیانە گەیشتووەتە قۆناخەکانى سەروو سەرەتایى، بەگەڕانەوەى، یان لە خوێندن دادەبڕێت یاخود دەبێت چەندین ساڵ دوابکەوێت تاوەکوو بە سیستم و زمانى خوێندنى ئێراق ئاشنا دەبێتەوە، یاخود دەبێت خێزانەکەى بکەونە ژێربارى پێدانى کرێیەکى زۆرەوە لە خوێندنگەى تایبەت بە زمانى ئەڵمانى بخوێنێت کە ئەویش لە هەموو شارێک نییە. ئەمە سەربارى ئازارى تێکشکاندنى یادەوەریى منداڵەکان و دابڕانیان لە هاوڕێ و هاوپۆل و مامۆستا و تەنانەت پزیشکەکانیشیان.
دەبێت بەپلەى یەکەم دەزگاکانى میدیا و ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ئێراق، هەروەها هەموو ئەوانەى کەسوکاریان بەر ئەم لێشاوە دەکەوێت، لە ئێراقەوە ڕێگەیەک بگرنەبەر پێش بەو بڕیارەى ئەڵمانیا بگرێت. بە بۆچوونى من باشترین بژاردەش ئەوەیە ڕوو بکەنە سەدر و سیستانى. داوا لە سیستانى بکرێت فەتوایەک بدات لەسەر ئەوەى کە دەبێت ئێراق ڕێگربێت لە هەر جۆرە ناردنەوەیەک ئەگەر ڕەزامەندیى خودى کەسەکەى لەسەر نەبێت. هەروەها داوا موقتەدا سەدر بکرێت لە ڕێگەى خۆپێشاندانى جەماوەرییەوە گوشار بخاتە سەر حکومەت بۆ پاشگەزکردنەوەى لەو بڕیارەى داوێتى بە قبووڵکردنى بەزۆر ناردنەوەى هاووڵاتیى ئێراقى لە ئەڵمانیا، چونکە ئەمە هەر بە ئەڵمانیاوە ناوەستێت و وڵاتانى دیکەى یەکێتیى ئەوروپا هەموویان دەیگرنەبەر.
ناکرێت لەبەر ڤیزاى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى ئێراق (کە ڤیزا یەکێک لە هۆکارەکانە) بەشى زۆرى ئەو خەڵکەى سەرگەردانى وڵاتان بوون بەهۆى نادادى و گەندەڵى و تاوانکارییەکانى ئەوانەوە، جارێکى دیکەش لە ئەوروپا تووشى هەمان مەینەتى ببنەوە و ژیان و چارەنووسیان بخرێتەوە بەردەم هەڕەشەى جۆراوجۆر، لەبەر ئەوەى دەسەڵاتدارەکانى ئێراق خۆیان و ماڵ و منداڵ و دەستوپێوەندەکانیان ئاسانکارییان بۆ بکرێت لە وەرگرتنى ڤیزا.
ئەگەر ئەمە بە ڕوونى لە موقتەدا سەدر و سیستانى بگەیێندرێت، باوەڕم وایە دەسەڵاتدارانى ئێراق ناچار دەکەن لەو بڕیارە پاشگەزببنەوە کە ئێراقى بەزۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێراق. ئەمەش ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بڕیارەکەى حکوومەتى ئەڵمانیا و ناچارى دەکات بە پابەندبوون بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و کۆتایى بە ناردنەوەى بەزۆرى پەنابەرى ئێراقى بهێنێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=