ساڵی 1956 لە #سلێمانی# لە دایک بووه. خوێندنی قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی و کۆلیژی کشتوکاڵی هەر لە سلێمانی تەواو کردووە.
بەدوای بۆردوومانەکەی 24-04-1974 دا و شەهید بوونی بورهان شاسوار، بە دەستپێشخەری خۆی لە ڕێی شەهید ئازاد مەلا محەمەد ەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (کۆمەڵەی مارکسی لینی کوردستان) ەوە کردووە.
لە سەردان و بەسەرکردنەوەیەکی نماییندەی ناوەندی و سەرکردایەتی کۆمەڵەدا بۆ ڕێکخراوی سلێمانی، پۆلی شەهید کرێکار و لێپرسراوەکەی، واتە عدنان شاسوار بە کارامەترین یەکەی ڕێکخستن و ئەندامی کۆمەڵە لە سنووری ڕێکخراوی سلێمانیدا دەرچوون. هەر لەسەر ئەم بنچینەیە، عەدنان شاسوار، لە سەرەتای 1984 دا کرایە ئەندامی ڕێکخراوی سلێمانی کۆمەڵە. لەم خەباتە مەترسیدارەدا بەردوەوام بووە تا17-01-1987، کە بەدوای گیرانی شەهید سیف الدین حسام الدین دا (دواتر لە سیدارە دراوە) پەیوەندی بە خەباتی شاخەوە کردووە.
لە خەباتی شاخدا:
لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە بووە لە ناوەندی کۆمەڵە، سکرتارییەتی ی، ن، ک و تیپی پارێزگاری.
لە 16-04-1987، 26/2/و 22-03-1988 چەکی کوشندەی کیمیاوی بەرکەوتووە. ئەمەی سێهەمین جاریان لەوەدا بووە لەناوی بەرێ؛ ئەگەرچی کاری درێژخایانی تێکردووە کە تا ئێستاش لە ژێر چاودێری پسپۆڕی تایبەتدا لە لەندەن تیمار دەکرێ!
03-10-1990 لەگەڵ هاوسەر، کوڕ و کچەکەیدا گەیشتوونەتە لەندەن. لە لەندەندا:
لە کۆتایی 1993 ەوە بێووچان لە ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و چارەتییە کوردی و غەیرە کوردیەکاندا ئەندامی کۆمیتە، کارمەند یان خۆبەخش کاری کردووە.
بەردەوام خوێندوویەتی، بەشداری زۆر وێرکشۆپ، ڕاهێنان یان کۆبوونەوەی کردووە. لە ئاکامدا زانیاری و شارەزاییەکی باشی لە بواری کارکردن لەگەڵ منداڵان و لاواندا پەیدا کردووە و لە چەند ڕێکخراوێکی گەورەی بریتانی یان ناوچەیی لەندەندا ئەندام بووە یان ئەندامە. لە یەکێ لە خویندنەکانیدا، لەسەر ئاستی لەندەن، پلەی یەکەمی پچڕیوە و بۆ خەڵاتی گەورە پاڵێوراوە.
هیوایەکی گەورەی بەوە بووە کە ڕۆژێ بێ بتوانێ ئەم دەستکەوتانە بە منداڵان و لاوانی نەتەوەکەی بگەیەنێ لە کوردستان! هیوایەک کە بەداخەوە ڕێگری لە هێنانەدی دەکرێ!
لە دامەزراندنی ڕێکخراوی کانگا واتە ڕێکخراوی منداڵان و لاوانی کورد لە هەندەران/Kurdish Association for New Generation Abroad (KANGA) دا دەستپێشخەر بووە، کە ڕێکخراوێکی نێونەتەوەییە و لە بواری پەروەردە، خۆشگوزەرانی، هونەر و سەرگەرمیدا خزمەت بە منداڵان و لاوانی کورد دەکات.
لە 2005 دا بەڕێوەبەری بەشی کوردی پڕۆژەی مێژووی زارەکی Oral History Belonging to London بوو کە تیایدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ 9 کەسایەتی کوردا کرد، کە جێپەنجەیان بەسەر خزمەتکردنی لەندەنەوە دیار بوو. پڕۆژە گەورەکە 15 کۆمیوونتی غەیرە ئینگلیزی لەخۆگرتبوو، بۆ ماوەی 6 مانگ لە مۆزەخانەی بەناوبانگی Museum of London دا پیشاندرا و خەڵاتی مەزنیشی بەدەست هێنا.
ئەندامی دەستەی کارای ئەنفال و #هەڵەبجە# یە کە لە 16-03-2008 دا زۆر سەرکووتوانە کۆنفرانسی بە قانوون ناساندنی ئەنفال و هەڵەبجە وەک جەنەساید لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا لە لەندەن ڕێکخست.
دوو سووڕ لێپرسراوی کۆمیتە و، سووڕێکیش جێگری کۆمیتەی ڕێکخستنەکانی ی، ن، ک بووە لە بریتانیادا.
ئێستا لە لەندەن دەژی و لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و چارەتیەکاندا و لە بەڕێوەبردنی سەنتەر و خوێندگا کوردیەکاندا بەردەوامە.