رێکەوتی 14-04-1985، لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی و زانای نیشتمانپەروەری کورد، لەوانە دوکتۆر جەمال نەبەز، دوکتۆر جەواد مەلا، دوکتۆر محەمەد ساڵح گابۆری، ژنەراڵ عەزیز عەقراوی، هەندازیار بروسک ئیبراهیم، دوکتۆر موزەفەر پەرتۆما، شێخ لەتیف مەریوانی و چەندین نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی دیکەی گەلەکەمان، لەشاری لەندەن لە بەریتانیا دامەزرا.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، حیزب نییە، بەڵکو سازی و نێوەندێکی نەتەوەییە و، ڕۆڵی چەترێکی کوردستانیی سەرتاسەریی هەیە و، تێدەکۆشێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو حیزب و ڕێکخراوەی ڕامیاری و ناڕامیاریی کوردی و کوردستانیی، بە هەموو پێکهاتەجیاوازەکانی ئاینی و ڕامیاری و چینایەتی و ڕەگەزیی کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە بە ئامانجی ڕزگاریی یەکجارەکی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
لەڕوانگەی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانەوە، دینەمۆ و بزوێنەری هەموو ڕابوون و بزاڤێکی نەتەوەی کورد، چ لە کۆن و چ لە ئێستا، لە نێوەرۆکی خۆیدا، بەمەبەستی ڕزگاری و سەربەستیی بووە و، هێنانی بیرۆکە و ئایدۆلۆژی دیکە نەیتوانیوە و ناتوانێ، ئەو ڕاستییە مێژووییە لەروخسار و نێوەرۆکی بزووتنەوەکانی کورد بشواتەوە.
ناکۆکیی سەرەکی و بنەڕەتیی لە کوردستان، لەنێوان داگیرکەران و، نەتەوەی کورددایە و، ئەو ناکۆکییەش بەگۆڕینی ڕژێمەکان، یان بە بەشداریکردن لە بزووتنەوەی دێمۆکراتیکی وڵاتە داگیرکەرەکاندا چارەسەر ناکرێت. لەسەر ئەم بناخەیە، کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، گرێدان و بەستنەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بە چوارچێوەی سنووری جوگرافیایی داگیرکەران، لەلایەن پارتی و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە، بەلادانێکی ئاشکرا لەپرنسیپی کوردستانیی دەزانێ و، ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئەوە شێوە خەباتە چ قازانجێکی بۆ نەتەوەی کورد و کێشەکەی تێدا نییە و نایبێت. تاکە ڕێگە، پچڕانی دەسەڵاتی داگیرکەرانە لە کوردستان و، سڕینەوەی ئاسەواری پاشکەوتوویی و، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییە لەسەرتاسەری خاکی کوردستان.
ئامانج و ستراتیژی نەتەوەیی و سیاسیی
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان!
• کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەباتدەکات بۆ پەرەپێدانی هەست و بیروباوەڕی نەتەوەیی و زیندووکردنەوەی کەسایەتیی نەتەوەیی لای مرۆڤی کورد، بۆ ئەوەی خۆی بە کورد بزانێ و، کوردستان بە مولک و خاکی خۆی بزانێت.
• کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەباتدەکات بۆ ڕزگارکردنی نەتەوەی کورد لە مەترسیی قەڵاچۆکردنی نەتەوەیی و کوشتاری بە کۆمەڵ و یەک لەدواییەک و ڕاگوێزانی بە کۆمەڵ و جەنگی بێکۆتایی و داگیرکردنی سەربازی و سووکایەتیپێکردنی بەردەوامی و هەڵگرتنی چەوساندنەوەی ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی لەسەر کورد. خەباتدەکات بۆ ستاندنەوەی هەموو ئەو نێوچە و مەڵبەندانەی کە بە پێی سیاسەتی شۆڤێنیستانەی بەعەرەب و بە فارس و بە ترککردنی کوردستان،لە لایەن داگیرکەرانەوە زەوتکراون و، لە خاکی نیشتمان دابڕاون.
• کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەباتدەکات بۆ سڕینەوەی هەموو شێواز و شوێنەوارێکی داگیرکەری و پاشکەوتوویی لە کوردستان و، بەکارهێنانی سامانی نەتەوایەتیمان، بە تایبەتی نەوت، بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدانی کوردستان. هەروەها دابینکردنی دێمۆکراسی و یەکسانیی، لەسەر بناخەی بڕوابوون بە پلۆرالیزم و، جێبەجێکردنی ژیانێکی مرۆڤانە و ئازادانە و گوزەرانێکی بەختەوەرانە و سەربەرزانەی ئەوتۆ کە شیاوی مرۆڤی ستەملێکراو و خۆڕاگری کورد بێت.
• کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان ڕێز و مافی یەکسان وەک هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئەو کەمینە گەلانە دادەنێ کە پێشینەیەکی کۆنی چەند هەزار ساڵەیان لە کوردستاندا هەیە و، خۆیان بە کوردستانیی دەزانن.
• کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەباتدەکات بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی بەندەکانی بڕیارنامەی مافی مرۆڤی جیهانیی لە کوردستان و، ڕێزگرتن لە هەموو بیروباوەڕێکی جیاوازی سیاسی و ئاینی و ڕەگەزی و چینایەتیی و هەروەها ژن بێت یان پیاو. کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان خەباتدەکات بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەی کورد بەڕێگەی پلۆرالیزم و دامەزراندنی سیستەمی پارلەمانتاریستی، هەڵبژاردنی ئازاد و نهێنی و دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆی کوردستان.
• کۆنگرەی نیستمانیی کوردستان خەباتدەکات بۆ دامەزراندنی پێوەندیی ئاشتی و ئاسایش لەگەڵ گەلانی هاوسێ لەسەر بناخەی یەکسانی و بەرژەوەندیی هاوبەش. کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان هەروەها ڕێز لەو پەیمان و ڕێککەوتنە جیهانییانە دەگرێ کە بۆ سوودی ئازادی و یەکسانیی مرۆڤن. بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە نێوچەکە و لە جیهاندا بە کارێکی پێویست دەزانێت.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان، ڕێکەتی 18-04-2009، کۆنگرەی شەشم (6) ی خۆی بەست. نووسینگەی سەرەکیی کۆنگرە لەشاری لەندەن لە بریتانیایە.
ئەدرەسەکانی سەۆکایەتی و دەزگەکانی کۆنگرە بەم جۆرەیە:
دوکتۆر جەواد مەلا – سەرۆکی کۆنگرە:
Wka palingswich House
241 King Street
London W 6 9 L P UK.
wka@knc.org،uk
0044 – 208 748 78 74
0044 – 07768266005
هەندازیار بروسک ئیبراهیم:
mailto:KNC@ribrahim.de
Tele; 0049 – 82 33 80 61
Fax; 0049 – 82 33 61 21
پارێزەر کامیل ژیر: سەرکردەیەتیی کۆنگرە - باشووری کوردستان:
00 964- 770 1419 031
jeerkamil@yahoo.com mailto:
سیروان کاوسی – بەرپرسیاری ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان:
KNC
P. B. 205 Holmlia
1204 Oslo، Norway.
mailto:post@kncsite.com
0047 – 93 83 99 53
ئەدرەسی ماڵپەڕەکانی کۆنگرە:
http://www.knc.org.uk
http://www.kncsite.com
http://www.rojavatv.org.uk
http://www.radiorojava.net
http://www.jemalnebez.com
http://www.jawadmella.org
http://www.dargazen.kurdblogger.com/