رۆژی 28-09-1946 لە سلێمانی لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرکەوتووانە لەسلێمانیو بەغدا بڕیوە، تا دواجار لەساڵی 1971 کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە.
ساڵی 1967 بۆ 1970 ئەندامی دەستەی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە، هاوکات کادیرێکی بنەڕەتیو هۆشیاری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان-یش بووە، ساڵی 1974 کاتێک گفتوگۆی شۆڕشی ئەیلولو ڕژێمی بەکر- سەدام بە بنبەست گەیشت و شەڕ دروستبووە، کاک دارۆ بوو بەپێشمەرگەو لەگەڵ ڕەوتی گەلەکەیدا ڕۆی.
دواتر لەساڵی 1975دا کەوتە بەردەستی ڕژێمی بەعسو ڕەوانەی کونجی زیندان کرا، هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لەو سەردەمەدا لە زیندانەکانی ئەبوغرێبو ئەمنی عامەی بەغدا زیندانی بوون، ئاگادارن کە کاکە دارۆ چەندین شێوازی ئەشکەنجەی لەسەر تاقیکراوەتەوەو چەندە ئازار دراوە، لەبەرامبەریشدا ئەو وەک پاڵەوان بەرگەی هەموو ئازارو ئەشکەنجەکانی گرتووە، هەر لەوکاتانەشدا خاڵە شیهاب-ی برای کە پێکەوە زیندانی بوون، ساڵی 1976 لەسێدارەدرا.
سەرئەنجام دوای مانەوەی چوارساڵ لە زینداندا، دوای ئەوەی بە جەستەی خوێناویو بیمارو زامداری خۆی هەمیشە بەرگریی لە بیرو باوەڕەکەی دەکردو نهێنییەکانی دەپاراست لەگەڵ پۆلێک تێکۆشەری هاوڕێبازی لە ساڵی 1979 بە لێبوردنی گشتیی ئازادکران.
کاک دارۆی سەرکردە لەدوای ئازادبوونیشییەوە چ دڵێکی بەژیان لەژێردەستی دوژمن خۆشنەبوو ئەگەرچی ئەو ژیانە لەشارو لەوپەڕی خۆشگوزەرانیشدا بووبێت، ئەویش لەبەرئەوەی ئەو لەمێژوو بوو بڕیاری بەشداری بەردەوامی خەباتکردنی دابوو، لەو ڕێگەیەشدا زیندانیو دەربەدەریو برا شەهیدبوونی بەسەردا هاتبوو، بۆیە ئەو نە زیندان توانی لە خەبات ساردیبکاتەوە، نە ئەوەشی بەدوا قۆناغی خەباتەکەی زانیو بگرە سوورتر بوو لەسەر ئەوەی کە ڕێگا چەند سەخت و هەورازو هەڵدێرتربێت ئەوا هەردەبێت هەنگاوەکانی بەردەوامبن، ئەوەبوو لە مانگی 11ی ساڵی 1979 لەگەڵ نەرمین خان-ی هاوسەری ڕوویانکردە شاخو بوون بە پێشمەرگە.
لە مانگی ئابی 1980 کاک دارۆ بوو بەنوێنەری (ی.ن.ک) لە وڵاتی سوریا.
ساڵی 1992 لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی بوو بە ئەندامی ئیحتیاتی سەرکردایەتیو دواتر ئەندامی سەرکردایەتیو دواجاریش ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.
کاک دارۆ بەهەمان شێوەی سەرکەوتنی لە کاروبارەکانی حزبیو خەباتی زیندانو شاخو دیپلۆماتیدا. لەکاروباری ئیدارییو ئابوورییو حکومیشدا دڵسۆزو سەرکەوتوو بووە، ساڵی 1993 پۆستی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی پێ سپێردراوەو ساڵی 1998 تا ماوەی دووساڵ بووە بەجێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانو پاشتریش لێپرسراوی مەکتەبی داراییو ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
هەوڵەکانی ئەو سەرکردە کۆچکردووە لە بواری ئیدارەو داراییدا لە ڕۆژگارێکی سەخت و نەبونیدا بوو، بەڵام زیرەکانە توانی مەرکەزیەتێک بۆ دارایی یەکێتی دروستبکات و ئابوورییەکەی ڕێکبخات، هەروەها چەندین گەشتی بازرگانیو دروستکردنی پەیوەندی ئابووریی بۆ وڵاتانی دەرەوەو دراوسێکانی هەرێم کردووە.
کورتییەکەی ئەوەیە کە ناتوانین هەموو ئەو بوارو قۆناغانەی کەئەم سەرکردەیە تایدا پێشەنگو چالاکو پڕ بەرهەم بووە لە دەرفەتێکی ئاوادا بخەینەڕوو، مەگەر تەنیا ئەوەنەبێت کە بڵێین کاک دارۆ پێشمەرگەو دیپلۆمات و سەرکردەو وەزیرو زیندانیو ئیدارییەکی گرنگو ڕۆژگای خۆی بوو، ئەو پیاوە ڕۆڵی گرنگی لە دامەزراندنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان هەبوو کە شانازییە بۆ یەکێتیو هەموو گەلی کوردیش.
بەڵام ئەوە دەستی قەدەرو نەخشەی مەرگی ناوادەو کتوپڕە کە ناهێڵێت بیرو خەیاڵەکان ببن بەکردەوە، بۆیە ئەگەر ئەو پیاوە چەند ساڵێکی دیکە بژیابایە ئەوا کاری گەورەترو بەرهەمی زۆرترمان لێی دەبینی، بەڵام بەداخەوە، ڕۆژی 31-05-2004 مەرگ بەربینگی پێگرت و ڕاپێچی دنیای شاراوەی کرد.