لە ساڵی 1274ی هەتاوی دا لە ئاوایی ساروقامیشی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی کە لە 30 کیلۆمێتری ڕۆژهەڵاتی سەقز هەڵکەوتووە لە دایک بوو.
دایکی ناوی زبەیدە و باوکی ناوی ئەحمەد بوە، ئەحمەد برازای فەیزوڵلا بەگ و زبەیدە، لە بنەماڵەی ئەبوسەعید بەگ بوە، کە هەر دووکیان دەچنەوە سەرماڵباتی بوداق سوڵتان، میر و فەرمانڕەوای بەناوبانگی ناوچەی موکریان.
برایم سەڵاح، لە کاتی بزووتنەوی سەرۆک سمکۆ دا دەبێتە پێشمەرگە، بەڵام چون زمانی ئینگلیزی دەزانی، دوای بەینێ دەیبەنە شاری سابڵاغ (مەهاباد) و لەوێ دەبێتە ورگێڕی تایبەتی نووسینگەی سەرۆک سمکۆ (چون ئەو کاتەش میسیۆنێرو شاندی بیانی و شتی وا لە سابڵاغ بوون). لە پاشان دوای هەرەس هێنانی بزوتنەوەی سمکۆ، دەگەڕێتەوە بۆ گوندی زێدی خۆی واتە سارووقامیش.
برایم سەڵاح، کاتی دەستەڵاتی بنەماڵەی قاجار، وەک سوارەی ئێسکۆرت، لەگەڵ زۆر لە کوڕانی ئەندامی هۆزگەلی کوردستان بە ناوی سوارەی ئێسکورت بە زۆر دەیبەن بۆ تاران. فەلسەفەی سوارەی ئێسکۆرت ئەمە بوە: پوڕتەقاڵیەکان کە ئەو کاتە ڕاوێژکاری دەمودەزگەی بنەماڵەی قاجار بوون وتوویانە وا باشە لە لایەن دەرباری شاوە فەوجێک پێک بێ لە کوڕی سەرۆکانی هۆزگەلی گرنگی کوردستان و ئێران، و ئەمانە بێنە تاران و ببنە ئێسکۆرتی تایبەتی شا، بۆ ئەوەی کە هەم وەک بارمتەیەک لە دەربار بمێننەوە و هەم هۆزەکانیش دڵیان خۆش بێ و بڵێن، کە ئێمەش لە کاروباری دەرباردا هاوبەشین. ڕەنگە ئەمە بۆ دەرباری شا تاکتیکێکی خراپ نەبووبێ، هەر چون بێ ئەمە چەشنە سەربازگیریەکی تایبەتی زۆرە ملێ بوە.
برایم سەڵاح، لەگەڵ کوڕانی ئەندامی سەرۆک هۆزگەلی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی ئەو کاتە وەک ئێسکۆرت لە دەرباری قاجار دەمێننەوە، تا ڕەزا شای پەهلەوی ئاخرین قەڕاڵی قاجار، واتە ئەحمەد شا لەسەر کار لا دەبا و دەرباری قاجار تێک دەچێ، سوارەی ئێسکۆرتیش دەشێوێ و بڵاوەی دەکەن و هەر کەس دەکەونە شوێنێک، هێندێکیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ و شاری خۆیان.
پاش ئەو بڵاوەیه، برایم سەڵاح لە تەمەنی بیست و چەند ساڵی دا، دەچێتە دەبیرستانی نیزام (زانکۆی ئەفسەری ئەو دەمە) لە تاران چونکە ئەو کاتە چونە زانکۆی ئەفسەری نەبوە، لەوێ دەرسی ئەفسەری دەخوێنێ. هەتا لە پاشان بە پلەی سیتوانی دەردەچێ و لە سپای ئێران دا دادەمەزرێ.
ئەو کاتەش سپا و دەستەڵات و دەزگای پەهلەوی لە گەڵ کورد هەر باش نەبوە و تەنانەت زۆر جاریش سیتوان برایم سەڵاح دەیەنە دادگەی نیزامی و بەندیشی دەکەن، تا لەپاشان دووری دەخەنەوە بۆ پارێزگەی پەڕ و دوورکەوتەی سیستان و بلووچستان و لەوێ دوور لە بنەماڵە و لەو کەشوهەوا گەرم و تەپوتۆز و خراپە دا، ژیانێکی زۆر سەغڵەت ڕادەبوێرێ و بە کورتی لە بەر کورد بوون و دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی پەهلەوی و زۆر شتی دیکە، نزیکەی هەژدە ساڵ هەر لە پلەی سیتوانی دا دەیهێڵنەوە.
هاوینی ساڵی 1320ی هەتاوی، کە هاوپەیمانەکان ئێران داگیر دەکەن و ڕەزاشا وەدەردەنێن، لە شاری مەهاباد بزووتنەوەی کورد پەرە دەستێنێ، ئەویش لە فەرماندەی سپای سیستان و بلووچستان داوا دەکا، لە سپای ئێران بێتە دەرەوە، بە ئامانجی ئەوەی بچێتەوە بۆ کوردستان و لە خزمەت خەباتی گەلی کورد دا بێ. هەرچون بێ، زۆر بە چەرمەسەرێ لە سپای ئێران دێتە دەرەوە و دەچێتەوە بۆ کوردستان، چون ئەو کاتە سپای کوردستان بە دەگمەن ئەفسەری وای بوە کە وانەی نیزامیان خوێندبێ، بە پلەی سەرهەنگی لەوێ دادەمەزرێ و لە پاش کەوەتنە خوارەوەی نەمر کاپیتان محەمەد نانەوا زادە لە فڕۆکە، دەچێتە جێی ئەو و دەبێ بە فەرماندەی هێزی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان لە مەهاباد.
دوای تێکچوونی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان، ئەویش لەگەڵ وەزیر و کاربەدەستانی پایە بەرزی دیکەی کۆمار دەگیررێ و لە دادگەی سپایی و نیزامی تاوانی مەرگی بە سەردا دەسەپێنن، بەڵام لەپاشان دوای ئەوەی بەینێک لە بەندیخانە دەبێ دەستەڵاتی شا فرمانی ئەوە دەدا کە ئیدی کەسی دیکە لە سێدارە مەدەن و ئەویش لەگەڵ زۆر لە وەزیرگەل و کاربەدەستانی پایە بەرز کە گیرابوون لە بەندیخانە ئازاد دەبێ.
سەرهەنگ برایم سەڵاح بە پێی بیرەوەریەکانی خۆی، بەینێک لە گەڵ خەباتگێڕانی بەناوبانگی وەک مامە قالە دەباغی و عەزیزی کرمانج لە بەندیخانەدا بوە. پاش ئازاد بوون دەچێتەوە بۆ ئاوایی سارووقامیشی زێدی خۆی و لەوێ دەست دەکا بە کاری لێکۆڵینەوە. تاقیگەیەکی زۆر چکۆلە و سەرەتایی دادەنێ و دەست دەکا بە داهێنانی چەشنێک باتری. لە ساڵی 1330ی هەتاویەوە، خەریکی ئەم کارە دەبێ و پاش ماوەی 10 ساڵ تێکۆشان، دەتوانێ چەشنێک باتری تایبەت دابهێنێ کە بە باشی هەم ڕادیۆ کاری پێکردوە و هەم گڵۆپی ڕۆشن کردوە و هتد...
هێندێک لە کەرەسەی دروست کردنی ئەو باتریە شتی سروشتی ناوچەی کوردستان بوون. زۆر کەس ئێستا ماون کە ئەو باتریانەیەن دیوە یا هەواڵەکەیان زانیوە و ئاگادارن، دەڵێن: ئەگەر پشتیوانی دەستەڵاتی ببوایە ڕەنگە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی لە بەستێنی زانست و تێکنۆلۆژی دا بەدیبهێنایە، بەڵام دەستەڵاتی شا لەباتی یارمەتی بە چەشنی بنەوەشت سەرکوتیان کردوە، بە تایبەت لە بەر ئەوەی کە هەم ئەفسەری کۆمار بوە و هەم د.عەلی گەلاوێژی کوڕی لە ئەڵمان وێژەری ڕادیۆی پەیکی ئێران بوە لەو وڵاتە و ماوەیەکی درێژ بە دژی دەستەڵاتی شا قسەی کردوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم داهێنان و کاری زانستیە کە لە کوردستان دا زۆر وێنەی کەم بوە بە کەڵک وەرگرتن لە زانینی زمانگەلی بیانی وەک: ئینگلیزی، فەڕانسە، ئەڵمانی و... و ڕێنوێنی وەرگرتن لە کتێبی لارووسی پزیشکی بە زمانی فەڕانسە، لە گوندی ساروقامیش دەرمانگەیەکی چکۆلەی دانا و بە بێ ئەوەی قڕانێک پارە لە خەڵک وەربگرێ بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ، ڕەنگە بە سەدان کەسی کڵۆڵ و دەستبەتاڵی چارەسەر کردوە و تەنانەت بۆ کڕینی دەوا و دەرمان پارەشی پێ داون، کە ئەم خزمەتە لەو کاتەی کوردستان دا کە بەدەگمەن پزیشک بوە زۆر بە خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی دادەنرێ.
ساڵی 1331 و 32ی هەتاوی کە لە ناوچەی بۆکان و سەقز و ئەوانە بە ساڵی دوکتور موسەدیق بە ناوبانگن، دەڵێن بە سەدان ئاوارە و با بڵێین پەنابەری ڕامیاری کە لە دەست ڕێژیمی شا هەڵ هاتوون و زۆربەیان وەرزێر بوون، پەنایان بۆ هێناوە و پاکیانی بە ساغ و سڵامەتی ڕزگار کردوه، کە ئەم خزمەتە مەزنە کۆمەڵایەتیەی، لەو کاتە قەیران و پڕ مەترسیە دا بە کارێکی زۆر گەورە دەنرخێندرێ. بریا ئێستاش کەسێک کارێکی وای بۆ پەنابەرانی لێقەوماوی ئاڵتاش ئەنجام بدایە.
لەگەڵ تەواوی ئەوانەش دا، سەرهەنگ برایم سەڵاح پیاوێکی زۆر زانا بوە و بیجگە لە زمانگەلی ئینگلیزی، فەڕانسە، ئەڵمانی، عەرەبی، تورکی و فارسی و...، لەزانستی جەفر، تێئۆلۆژی و زانستە مۆدێڕنەکانی ئەمڕۆی جیهان دا وەک فیزیک، شیمی، بیرکاری زۆر پسپۆڕ بوە و لەم بوارانەشدا خوێندکاری زۆریشی بوە، بۆ وێنە سەرهەنگ ڕەشید ناهید، ئەندازیار عەبدوڵڵا شکارچی و دەیان کەسی ناسراوی دیکە خوێندکاری ناوبراو بوون و بە کورتی ئەتوانین بڵێین ئەو کاتە، بە بوونی مامۆستا برایم سەڵاح، ساروقامیش وەک زانکۆیەکی نافەرمی وابوە.
شایانی باسە کە نەمر د.عەلی گەلاوێژ و بەرێز مامۆستا حەسەن سەڵاح سۆران، کوڕی سەرهەنگ برایم سەڵاحن. بەهەشتی برایم سەڵاح، لە کاتژمێر 15:30 خولەکی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی 31ی جۆزەردانی ساڵی 1341ی هەتاوی لە ئاوایی ساروقامیشی فەیزوڵڵابەگی، کۆچی دوایی کردوە و لە سەر کێوی پیر محەمەد، هەر لەو ئاواییە نێژراوە.
بە هیوای ئەوەی مرۆڤی وا لە نێو کورد و بەرەی مرۆڤ دا زۆر هەڵکەوێ. بۆ نووسینی ئەم ژیاننامە کەڵک لەم کتێبانە و بیرەورەیەکانی خەڵک وەگیرراوە:
1ـ کتێبی فەرهەنگ و ئەدەبی موکریان (بۆکان)، لە نووسینی خوالێخۆشبوو مامۆستا برایم ئەفخەمی.
2ـ کتێبی "جوغڕافیای تاریخی کوردستان" لە نووسینی بەرێز مامۆستا مەلا جەلالی شافیعی کورد.
3ـ کتێبی "نظری بە تاریخ و فرهنگ سقز کردستان" لە نووسینی ڕێزدار مامۆستا عومەر فارووقی.
4ـ کتێبی عەشایری کورد، لە نووسینی ڕێزدار مامۆستا ع. سەججادی.
5ـ کتێبی بنەماڵەی ئەوڕەحمان بەگی موکری، لە نووسینی ڕێزدار مامۆستا ئیرەج ناهید.
6ـ کتێبی کورد و تورک و عارەب، لە نووسینی ویلیام ئیگڵتۆن، بە زمانی ئینگلیزی.
7ـ کتێبی بزووتنەی کورد لە سەدەی بیست دا، لە نووسینی کریس کوچێڕا، بە زمانی فەڕانسە.
8ـ کۆمەڵێک بیرەوەری کە لە یاد و بیری خەڵکی ناوچەدا مابوو.
تێبینی: ناوچەی فەیزوڵلابەگی، ناوچەیەکی بەربڵاوە کە لە نێوان شارەکانی سەقز، مهاباد و بۆکان هەڵکەوتووه.
ـ لە وێنەی یەکەمدا سەرهەنگ برایم سەڵاح، وەک فەرماندەی هێزی کۆماری کوردستان لە ڕۆژی 2ی ڕێبەندان دا لە بەرانبەر پێشەوا قازی موحەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و دەستەی وەزیران و کاربەدەستانی پلە بەرزی کۆماردا، ڕێژە دەڕوات.