کتێبێکی نوێی ئنستیوتی کەلەپووری کوردە و مامۆستا (عەبدوڵڵا عەلی شەنگالی) کۆی کردووەتەوەو شیکردنەوەی بۆ پەندەکان کردووە.
ئەم کتێبە، لە 206 لاپەڕەی قەوارە گەورە پێکدێت و لە چاپخانەی (شڤان) لە سلێمانی چاپ کراوەو ژمارە 105ی بڵاوکراوەکانی ئنستیتیوت "سەنتەری دهۆک"ی وەرگرتووە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، بریتییە لە (1637) پەندو ئیدیۆمی ناوچەی شنگال و زارگۆتنی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە، کە لەپەراوێزی پەندەکانیشدا، هۆکارو کاتی وتنی پەندەکان، ئاماژەیان پێکراوە.
لە "دەستپێک"دا، باس لە بیرۆکەی کۆکردنەوەی ئەم پەندو ئیدیۆمانە کراوە کە چۆن لە ساڵی 1985داو لە گوندێکی ناوچەی شەنگال (عەبدوڵڵا عەلی شنگالی) لە زاری پیرەمێردێکەوە پەندێکی بیستووە و ئەم پەندە بووەتە هۆی ئەوەی کە لەو سەردەمەوە دەست بە کۆکردنەوەی ئەم بەشە لە فۆلکلۆری ناوچەکە بکات، بەڵام لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا کردنی کارێکی لەم شێوەیە، لەگەلێک رووەوە ئەستەم بووە، نەیتوانیوە لەکاتی خۆیدا بە ئەنجامی بگەیەنێت.
سەرەڕای ئەوەی کە لەڕووی زاراوەوە، پەند و ئیدیۆمەکان تایبەت بە ناوچەی شنگالن، بەڵام لەڕووی ناوەرۆک و هەستی ژیانی هەمەلایەنەوە، دەربڕی ژیانی کوردەوارین، تەنانەت هاوشێوەی ئەم پەند و ئیدیۆمانە، لەزارەکانی دیکەی کرمانجی ژووروو، تەنانەت خوارووشدا بەدی دەکرێن، کە لێرەدا بە چەند نموونەک بەراوردیان دەکەین:
1- ئاگری بن کایەیە. (ل9)
هەمان ئەم پەندە لە کتێبی (پەژن و گۆتنێت کوردی، حەجی جەعفەر، سپیرێز، 2006، ل12)دا بەم شێوەیە هاتووە (ئاگری بن کایەیە) کە تەنیا لە تیپی (ڕ)دا جیاوازن و ئەمیان قەڵەوە و ئەویان سادەیە.
2- ئاشی نەزانا خودی دگێڕی. ل17
لە کتێبی (پەندی پێشینان، شێخ محەمەدی خالڕ، چاپی چوارەم، سلێمانی، چاپخانەی شڤان، 2007، ل18)دا ئەم پەندە بەم شێوەیە هاتووە (ئاشی نەزان خوا ئەیگێڕێت) کە تەنیا شێوەزارەکەیان جیاوازە، ئەگەرنا، چوون یەکن.
3- برا برایە، بازار جودایە. ل27
لە کتێبی (فەرهەنگا گۆتنێن پێشینان، چیا مازی، گۆڕینی لە لاتینییەوە: ئەڤراز حسێن، سپیرێز، دهۆک، 2006، ل129)دا بەم شێوە هاتووە (برا برایە، بازاڕ جوودایە، مناملە جوودایە). هەمان ئەم پەندە لە (پەندی پێشینان... سەرچاوەی پێشوو، ل96)دا هاتووە (برا برایە، بازاڕ جیایە).
4- خوەدی چیا دبینی بەرفی لی دبارینی. (ل59)
لە کتێبی (پەندی پێشینان... سەرچاوەی پێشوو، ل170)دا بەم شێوەیە هاتووە (خوا تا کێو نەبینێ بەفری تێناکا) و هیچ جیاوازییەکیان نییە.
هەر ئەم پەندە لە کتێبی (زەڕینە و سیمینە- کۆمەڵێک تێکستی ناوچەی کرماشان/ بەرگی یەکەم: پەند و ئیدیۆم، عەباس جەلیلیان، ئنستیوتی کەلەپووری کورد، 2009، ل82)دا، بەم شێوەیە هاتووە (خوا خەر ناسی، شاخ وە پی نێا) کە لەڕووی داڕشتنەوە لەیەک ناچن، بەڵام بۆ یەک مەبەست بەکاردێن.
5- نە گەلەکی شێرین بە خەلک تە بخوی، نە گەلەکی تەعل بە خەلک تە باڤێژی. (ل200)
لە کتێبی (زەڕینە و سیمینە... سەرچاوەی پێشوو، ل219)دا بەم شێوەیە هاتووە (نە ئەوقەرە شیرین بوو، قوتد بیەن- نە ئەوقەرە تییەڵ، تفد بکەن) کە تەنیا شێوەزارەکەیان جیاوازی هەیە، ئەگەرنا چوونیەکن.
پێویستە ئەمەش بڵێین کە لێکچوون لە نێوان تێکستە فۆلکلۆریییەکاندا، لەلایەک یەکبوونی زمان و فەرهەنگی هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی گەلی کورد دەسەلمێنن، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ستانداردکردنی زمانی کوردی، بایەخی تەواویان دەبێت..