یان محەمەد ئەمین عەلی بەدرخان لە ساڵی 1851 لە دوورگەی Kreta لەدایکبووه. ئەم کەسایەتییە بەناوبانگەی بەدرخان بە یەکێک لە داکۆکیکەران و چالاکەوانەی چارەنووسی کوردی دەناسرێت و هاوکات دادپەروەرێکی ناسراوبووه.
بەدرخان بەگی باوکی لە ساڵی 1847دا سەربەخۆی بۆتان ڕادەگەێنێت، بەڵام بەهۆی ناپاکی برازاکەیەوه، Yezdanşêr، شکست دەهێنێت و عوسمانییەکان خۆی خێزانەکەی بەرەوو ئەستنەبوول ڕاپێچ دەکەن، دواتر بۆ دوورگەی Kreta دووریان دەخەنەوه. ئەمین عەلی یەکێک لەو حەوت کوڕەکەی بەدرخان بەگ بووه. ناوبراو توانیوێتی بە عەرەبی، فەڕەنسی، کوردی و تورکی بنووسێت و ئاخافتن بکات.
ئەمین عەلی خوێندنی یاسا لە زانکۆ تەواو دەکات و دواتر وەک پارێزەر و دادوەر لە چەند شوێنیکی جیاوازدا کار دەکات. لە ساڵی 1906دا بەهۆی گومانی تێوەگلان لە کوشتنی ڕەزوان پادشا خۆی و خێزانەکەی بۆ Isparta و Akkon دوور دەخرێنەوه. پاش شۆڕشی گەنجە تورکەکان و لابردنی سوڵتان عەبدولحەمەیدی دوو لە ساڵی 1908دا ڕێگا بە ئەمین عەلی دەدرێت، بۆ ئەستەنبوول بگەڕێتەوه.
لە ساڵی 1908دا بە هاوکاری لەگەڵ ڕۆشنبیران و زادەکاندا ڕێکخراوێکی ڕامیاری بەناوی Kürt Teavün ve Terakki Cemiyeti (=کۆمیتەی کوردی بۆ یارمەتیدانی یەکتری و پێشکەوتن) دادەمەزرێنێت. لێرەوە کار لەگەڵ Seyyit Abdülkadir دەکات. ناوبراویش لە خانەوادەیەکی دەستڕۆیشتووە سەرچاوەی گرتووه. پاش تێپەڕبوونی چەند کاتێک ڕێکخراوە ڕامیارییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوه. لە ساڵی 1918دا ئەمین عەلی و سەید عەبدولقادر ڕێکخراوێکی نوێ بەناوی Kürdistan Teali Cemiyeti (=کۆمەڵەی بڵندبوونی کورد) دادەمەزرێنن.
بەتێپەڕبوونی کات ناکۆکی لەنێوان ئەمین عەلی و سەید عەبدولقادر دەردەکەوێت: سەید عەبدولقادر هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆی کوردستان لەنێو ئێمپڕاتۆرێتی عوسمانی دەدات، ئەمین عەلی هەوڵی دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی تەواوی کورد دەدات. ئەم ناکۆکییە لە ساڵی 1920دا دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی Kürdistan Teali Cemiyeti. دواتر ئەمین عەلی ڕێکخراوێکی تایبەت بەخۆی بەناوی Kürt Teskilat-i Içtimaîye (=ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی کوردی) دادەمەزرێنێت.
سەرەڕای هەستی نەتەوایەتی بۆ کورد و کودرستان ئەمین عەلی خۆی وەک عوسمانییەک دەبینێتەوە و بەشداری پارتی عوسمانی وەک Ahrar Fırkası (=پارتی لیبرالی) یان Hürriyet ve İtilaf Fırkası (=پارتی سەربەخۆ و یەکێتی) دەکات. ئەم دوو پارتەش وەک پارتی ئۆپۆزیسیۆن دژی إتحاد و ترقی جمعیتی کار دەکەن. ئەم پارتەش لە کۆمەڵێک گەنج پێکهاتبوو و لە ساڵی 1908دا بەشداری کودەتایان دژی عەبدولحەمەیدی دوویان کردبوو و تا ساڵی 1918 لە دەسەڵاتدا مانەوه. جینۆساید دژی ئەرمەنییەکان بەهۆی توندڕەوی ئەم پارتەوە بووه.
کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم کۆتایی هات و عوسمانییەکان شکستیان هێنا و مستەفا کەمال دەسەڵاتی گرتە دەست. بەدەستێکی پۆڵاین تورکیا دامەزراند، ئەمین عەلی هیوای بە دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کورد نەما و هەر بۆیە بڕیاریدا، پاڵپشتی یۆنانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمالییەکان بکات.
لە ساڵی 1919دا لەسەر فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئەستەنبوول لەگەڵ کوڕەکانیدا، پارێزگاری Harput و ئەفسەری بەریتانی Edward W. C. Noel بەرەوو Sivas بڕۆن، تا کۆنگرەکە مستەفا کەمال تێکبدەن و دواتر دەستگیری بکەن. بەڵام ئەم کارە بەئەنجام نەگەیشت و ساڵی 1923 پێش دامەزراندنی کۆماری تورکیا وڵاتی بەرەوو میسر بەجێهێشت. ساڵی 1926دا لەوێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لەپاش خۆی چەند منداڵێکی بەجێهێشت، لەوانەش: جەلادەت، کامەران، سوورەیا، کە هەرهەموویان کاریگەریی بەرچاویان بۆ خەباتی ڕزگاری گەلی کورد هەبووه.