ئەشکەوتی ئاویی مێژوویی سەهۆڵان یەکێکە لە گرینگترین و بێوێنەترین ئەشکەوتە سرووشتییەکانی کوردستان و هەروەها یەکێک لە سەیر و سەمەرەترین دیمەنە دڵڕفێنەکانی سرووشتی جوانی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار.
ئەم ئەشکەوتە ڕۆژانە میوانداری نزیک بە هەزار کەس لە گەشتیارانە، کە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانە دێن بۆ بینینی ئەم ئەشکەوتە سرووشتییە.
ئەم ئەشکەوتە لە ئاوایی سەهۆڵان، لە 42 کیلومەتریی ڕۆژهەڵاتی باکووری مەهاباددا هەڵکەوتووە.
پانتایی ژووری ئەشکەوتەکە نزیک بە 600 مەتری چوارگۆشەیە و لە بەردی قسڵاوی پێک هاتووە. بە ڕزایی میچی ئەم ئەشکەوتە هەتا ئاستی دەریاچەکەی 50 مەترە و قوڵایی ئاوەکەی لە هەندێ شوێن دەگاتە 32 مەتر. جیاوازی پلەی گەرمای دەرەوە و ژووری ئەشکەوتەکە لەنێوان 10 تا 15 پلەیە.
لێکۆڵینەوەکانی زەویی ناسان نیشان دەدات کە پێشینەی ئەم ئەشکەوتە بە پێی چالاکییەکانی زەویی ناسیی دەگەڕێتەوە بۆ 70 ملوێن ساڵ لەمەوبەر.
بۆ یەکەم جار، ئەم ئەشکەوتە 100 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ژاک دیمۆرگانی فەڕەنسی کەوتە بەر پشکنین و لێکۆڵینەوه. پاشان لە ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانیدا لەلایەن وەفدێکی بریتانیاییەوە دیسان توێژینەوەی لەسەر کرا و لە مانگی ڕەزبەری ساڵی 1373ی هەتاوی لەلایەن ئەشکەوت ناسانی ئێرانییەوە ناسێندرا.
تەنیا گیانلەبەرانی ئەم ئەشکەوتە، کۆتر و شەمشەمەکوێرەن کە بەشێک لەو ئەشکەوتەیان وەک هێلانەی خۆیان هەڵبژاردووە. بەهۆی تاریک بوونی ئەو ئەشکەوتە هیچ چەشنە بوونەوەری ناو ئاوی تێدا ناژی، جگە لە زیندەوەرە میکرۆسۆکۆپێیەکان. ئاوی دریاچەکە زۆر بێگەرد و ڕوونە، سەرەرای تاریک بوونی، قوڵاییەکەی هەتا چەند مەتر دیارە و دەبیندرێ.
یەکەم دریاچەی ئەو ئەشکەوتە، نزیکەی 200 مەتر پانتاییەتی کە ئاوێکی پاک و ڕوونی هەیە، داڵانی سەرەوەی دەریاچەکە زیاتر لە 50 مەتر بەرزایەتێ و لە کۆتاییەکەیدا دوو داڵانی باریکی بە پانایی دوو مەتر هەیە کە بەرەو دەریاچەو و داڵانەکانی دیکەی دەکرێتەوە.[1]