سەربە شارەدێی #پیرەمەگروون#ی شارۆچکەی #دوکان#ە، چەند کیلۆمەترێک لەپیرەمەگروونەوە دوورەو دەکەوێتە نێوان شاخی پیرەمەگروون و گردی ناو ڕەشکی و دەشتی چاڵە سەوز و دەشتی قەرەچەتان. هاوکات دەکەوێتە نێوان گوندەکانی بیران و سووسێ و کارێزی سەعید و زێوێ و یاڵانقۆز و گردەبۆر و قازیاوا و هەروەها شارەدێی پیرەمەگروون.
ناوی قەرەچەتان
لەسەر ناوی قەرەچەتان چەندین ڕاو بۆچوونی جیاواز هەیە لەوانەش دەڵێن قەرەچەتان لەچەتە ڕەشەکانەوە هاتووە، قەرە بەمانای ڕەشو چەتان بەمانای چەتەکان کە گوایە ئەو ناوچەیە چەتەی زۆری هەبووە و خەڵکە قاچاخو چەتەکان کە هەڵدەهاتن لەو شاخەو ئەشکەوتانەی پیرەمەگرون خۆیان حەشار دەدا.
ڕایەکی تریش هەیە دەڵێت: لەبەردە ڕەشەکانەوە هاتووە، چونکە لەو شاخە گڕکان تەقیوەو ئەو بەردە ڕەشانەی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام تا ئێستا ئەوە ساغنەبووەتەوە. هەروەها ڕایەکی تریش هەیە کە دەڵێت: ئەم بەردانە بەفر و باراناو هێناویەتی، بەردەکان بۆشن کە پێی دەوترێت بەردی دانە سەگو مادەی ئاسنی کەمەو زۆر بەئاسانی هەڵدەوەرێنو دەبنە خۆڵەمێش). دوایین ڕاش ئەوەیە گوایە لەقەرەئەشکانییەکانی ئێرانەوە هاتووە، بەوپێیەی قەرەئەشکانییەکان ماوەیەک هاتوونەتە ئەم ناوچەیەو لەوێ ژیاون واتە قەرەئەشکان بووەتە قەرەچەتان دەماودەم.
مێژووی قەرەچەتان
ئەم گوندە لەهەردوو بنەماڵەی هەرکیو گۆران پێک هاتوون. دەگێڕنەوە کە لە ساڵی 1800 کاندا شێخ سمایلی عەواڵان چەند بنەماڵەیەکی هەرکی دەنێرێت بۆ قەرەچەتان لەوێ نیشتەجێ دەبن. شێخ سمایلی عەواڵان کەسێکی دەستڕۆیشتوو ناودار بووە ئێستا مەزارەکەی لە گوندی عەواڵانی نزیک چەمی ڕێزانەکە تەکییەکەشی لە هەمان شوێن بووە، خەڵکێکی زۆر لەتەریقەتەکەی کۆبوونەتەوە کە ئێستا تەکییەکەی لەلایەن شێخ سەید گوڵ بەڕیوە دەبرێتو ئێستا ئەم دوو هۆزە بە جۆرێک تێکەڵ بوون کە ڕەنگە هەندێکیان لەبیری ئەوەدا نەبن کە سەر بەچ هۆزێکن.
ئەم گوندە خاوەنی پێگەیەکی مێژوویی زۆر تایبەتە، دوو شوێنی شوێنەواری تێدایە کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژیان زۆر لەکۆنەوە لەو شوێنە هەیە کە نزیکە لەگوندەکەوە، یەکەم: میرقولی، ئەم شوێنە بەم دواییانە لە ساڵی 1999 لەلایەن #چۆمان# ئیسماعیل دانیشتووی گوندی زێوێو دۆزرایەوە کە بۆ داربڕین چوو بووە ئەو ناوچەیە کە بەپێ دوو کاتژمێر لەزێوێوە دوورە کە قۆناغی یەکەم دەشتاییەو هەتا دەگاتە سەر گردەکەو قۆناغی دووەم بەرزاییەکی سەختە بە ڕێڕەوێکی تەسکی کە وەک دەروازەیەکە بۆ چونە ناو ئەو میرنشینە کە پێ دەچێ میرو میرنشینێکی تێدا ژیاوە و چەندین شوێنەواریش لەو شوێنە هەیە. بەشێکی میرقولی لەقەرەچەتانو بەشەکەی تری لەزێوێوە نزیکە. دووەم شوێنەواری ڕەبەنەیە کە ئەویش شوێنەوارێکی کۆنە ئاماژەیە بۆ بوونی ژیانو میرنشین لەو ناوچەیە ئەم شوێنە بەڕێکەوت لەلایەن هاووڵاتییەکی گوندی زێوێو دۆزراوەتەوە لە ساڵی 1993 کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی گوندی قەرەچەتانو دەکەوێتە نێوان هەردوو چیای نسێو چیای ڕەبەنە کە پێ دەچێ هەر بەو ناوەوە ناونرابێت. لای خۆراواوە لەدەربەندێک دەچێ بەو پێیەی ئەم دوو چیایە لەیەک زۆر نزیک بووەتەوەو هەڵکۆڵراوی ڕەبەنە لەنێو ئەم دوو شاخەداو لە دەروازەکەی درووستکراوە.
ناسراوەکانی گوند
قەرەچەتان گوندێکی گەورە بووە و لەچلەکانی سەدەی ڕابردوودا بووە بەشارەدێ، بەڕێوەبەری شارەدێش شێخ یوسفی شێخ عەزیز شەدەڵەیی بووە و زۆربەی کاروبارە ئیداریەکان لەشارەدێکە بەڕێوەچووە. لە ساڵی 1932دا قوتابخانەی بۆ یەکەم جار تیاکراوەتەوە، لە ساڵی چلەکاندا لە ناوچەکە دوو پاسی تەختە هەبووە کە یەکێکیان پاسی قەرەچەتان بووە واتە خاوەنەکەی خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵا ڕەزاق قەرەچەتانی بووە کە بەم دواییانە کۆچی دوایی کردووە کە لەهێڵی دوکان-#قەڵادزێ# کاری کردووە و هەندێک لەسەرنشینەکان لەبری پارەی کرێ، هێلکە و شتومەکی تر، لە کاتی حوکمی عوسمانییەکاندا زەوییەکانی قەرەچەتان تەسویە کراوە و لەتەسویەی1957 تاپۆی هەبووە کە گوندەکانی دەوروبەری وا نەبووە، ئەم گوندە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1947 نەخۆشخانەی تیاکراوەتەوە و جێگەی 8 نەخۆشی هەبووە کە لە نەخۆشخانەکە بمێننەوەو تەنانەت نەشتەرگەری بچوکیشی تیادا کراوە و گوندەکانی دەوروبەری ڕوویان دەکردە ئەم نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ گوندەکە ئەویش ڕوخێنراوەو درووست نەکراوەتەوە و ئێستا بڕیارە بنکەی تەندرووستیان بۆ درووست بکرێت.
لەپێش ڕاگواستندا ئەم گوندە زیاتر لە 90 ماڵ بووە، زۆری دانیشتووانی ئەم گوندە وایکردووە کە پێویست بکات نانەواخانەی تێدا بکرێتەوە، لە ساڵی پەنجاکاندا کە خاوەنەکەی خالید حەسەن عەزیز بووە و هەردوو وەستا عەبدولڕەحمان کەریم گورونو ئاڵی هوسەین -ئاری حسێن-نانەوخانەکەیان بەڕێوە دەبردو کاریان تێدا دەکرد. هەر لەساڵەکانی پەنجاکاندا چایخانەی تێدا کراوەتەو کە بەچایخانەکەی خاڵە مارف ناسراو بوو کە خاوەنەکەی مارف حسێن بووە، هاوکات لەسەرەتای هەشتاکاندا قەسابخانەی تێدا بووە کە لەلایەن عومەری خاوەرو حەمەخان محەمەدو مەحموود تەیفور حەمەلاو یاخسەمەریی بەڕێوەبراونو خاوەنیشی بوون، لە ساڵی 1972 مزگەوتی تێدا درووستکراوە و یەکەم مەلاش مەلا محەمەد حسێن بووە. لە ساڵی 1977 کارەبای نیشتمانی بۆ هاتووە و هەر لە هەمان ساڵدا ڕادێوو تەلەفزیونیش گەیشتۆتە ئەم گوندە.
قوربانییەکانی قەرەچەتان
نەجمەدین ئەحمەد بەم دواییانە پلێتی ژماریەکی ئۆتۆمبێلی کۆنی دۆزیوەتەوە لە کاتی ڕووخانی خانوو دیواری کۆندا کە لەحەوت جۆش درووستکراوە کە شکاوەو بەفافۆن شکاویەکەی چاککراوەتەوە کە نازانرێت ڕەقەمی چ ئۆتۆمۆبێلیەک بووە و لای خۆی پاراستویەتی، بەڵام نەیتوانیوە سەرچاوەکە بدۆزێتەوەو دەشڵێت بەنیازم پێشکەشی بکەم بەمۆزەخانەی #سلێمانی#.
خەڵکی ئەم گوندە دەگێڕنەوە کە هەر لەزەمەنی سەفەر بەلکەوە ئێمە شەهیدمان هەیە و گوندەکەمان تۆپباران دەکرێتو وەک دەڵێن فڕۆکە ڕەشو قومبەلە ڕەشەکان لێی داون.
ئەم گوندە لە ساڵی 1963دا سوتێنراوەو چۆڵ کراوە و خەڵکەکەی تا ماوەیەکی زۆر لەشاخو کێوەکانی دەوروبەری گوزەریان کردووە. پاشان لە ساڵی 1974 جارێکی تر حکومەت بەفڕۆکە لێیداونو بەتۆپ زۆربەی ماڵەکانی ڕووخاندوە، لە ساڵی 1988 بەتەواوەتی داگیراونو هەموو خانووەکانی ڕووخێنراون، دوایەمین گوندی ئەم ناوچەیە بوو کە چۆڵ کرا لەگەڵ گوندی زێوێ. خەڵکەکەی نەهامەتیو دەربەدەری زۆریان بینی تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991. خەڵکی گوند محەمەد تەیب یەکەم کەس بوو کە هاتەوە ناو گوند و بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی دا پاشانیش چەندین خێزانی تر ڕوویان لەگوندەکەی خۆیان کردەوە بۆ جارێکی ترو ئێستا نزیکەی 35 ماڵێک لەم گوندەدا دەژینو ئاوەدانکردنەوەش بەردەوامە بەپشتبەستن بەپێشینەی خانووبەرە.
لەکۆنداو لەپەنجاو شەستەکاندا لەم ناوچەیە گەنمو جۆو نۆکو نیسکو توتن دەکراو خەڵکەکە دەچون لەچەمەکانی قازیاوا، چەرمەگا، کرژەو کۆکە، دەیان کردوو و لەپایزاندا دەگەڕانەوە، هەروەها پیازو تەماتەو سەوزەواتیش دەکرا. بەڵام ئێستا بەهۆی کەمی بارانو وشکە ساڵییەوە، بەربوومی بەراو کەم بووەتەوەو ناکرێت. هەرچەندە ئێستا گەنمو جۆ بەکەمی دەکرێت لەم ناوچەیە، بەڵام ئێستا ترشو دارەبەنو بەروو قەزوانو گۆیژو چوالەو بادام دەکرێت، ئەمە جگە لەبەربوومە سرووشتییەکانی وەک ڕێواسو کاردو بارێزەو قارچکو چەندین بەربوومی تر. ئێستا بەربوومی سەرەکی ئەم گوندە باخە هەنجیرو هەنارو ڕەزە.
ئاوی گوند
چەند کارێزێکیان هەیە کارێزی ژنان، ژنان لەم کارێزە بەشەڵتە کە لەپێستی بزن درووستکراوە یان بەسەتڵ ئاویان هێناوە، بەڵام ئێستا بۆ کشتوکاڵکردن بەکاردەهێنرێت. کانی پیاوان، بۆ نۆێژکردنو مزگەوتو پاشانیش زیادەکەی بۆ ماڵانو باخە هەنجیر بەکاردەهێنراو ئێستا تەنیا بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت.
کارێزی محەمەد قادر -حەمەی قایەر چاوەش-کارێزی ماڵی حەسەنۆکە، کارێزی سادق، کارێزی کانی درێژ، کارێزی کانی پلوسک، کارێزی کانی نزرگە، کارێزی مەحموود و کارێزی کانی قوڵەرەش کە ئێستا وشکی کردووە، ژمارەیەک خێزان لەم گوندەدا بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێو کردنی وڵاخو مەڕوماڵاتە. کە ژمارەی وڵاخ لەم گوندەدا دەگاتە نزیکەی 500 سەروو و زیاتر لە 2150 سەر مەرو و بزن، ئەم ژمارەیە لەپێش ڕاگواستندا پێنج هێندەی ئێستا بووە.
بۆ خواردنەوەش پڕۆژەی ئاوو تۆڕی ئاویان بۆ کراوە لەسەر بیری ئیرتوازی، بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە ئێستا بەرەو لەکارکەوتن دەچێت، چونکە زۆربەی ماڵەکان لەسەروو تانکی ئاوەکەوە درووستکراوە و تەنکییەکەش لەسەر زەوی درووستکراوە و بەرز نییە، بەو پێیە ماڵەکانی سەروو تەنکییەکە بەسەتڵ دەبێت ئاو ببەن. قوتابخانەی قەرەچەتان تا پۆلی شەشی سەرەتایی تێدا دەخوێنرێتو بۆ ناوەندیو دوا ناوەندی قوتابییەکانیان ڕوو لەناوەندی پیرەمەگروون دەکەن. هاوکات هەرچەندە ڕێگەی قەرەچەتان خۆڵو ناخۆشە، بەڵام خەڵکەکەی دڵخۆش بوون بەوەی کە بڕیاری قیرتاوکردنی جادەکەیان بۆ دەرچووەو بڕیاریشە بەم زوانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.