گوندی وەندرێنە گوندێکی تری کوردستانەو سەر بەناحیەی بەرزنجەیە. سەختی کەش و هەوای زستانی ئەم گوندە هاوشانی ملەکەوەو گوندەکانی سەر بەقەزای پێنجوێنە.
دانیشتووانی ئەم گوندە ژمارەیان 51 خێزان بووە پێش ڕاگواستنیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەساڵی نەوەدەکاندا ژمارەی دانیشتووانی زۆر زیادیکردووە گەیشتۆتە زیاتر لە 90 خێزان، لەدوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 وە تەنها 45 خێزانیان گەڕاوەتەوە، نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت کە ئێستا ئەم ژمارەی خێزانانە زۆر زیادیکردووە چەندین نەوەیان خستۆتەوە کە دەکرێت بڵیین دووئەوەندەو ونیوی ئەوکات دەبن.
سێ جار ڕاگواستن
وەندەرێنە لەمێژووی خۆیدا سێ جار کاولکاریی و ڕاگواستنی بەخۆیەوە بینیوە، لەساڵی 1974 حکومەتی عیراقی بەفڕۆکە بۆردومانی کردووە، جگە لە شەهیدو برینداری پێشمەرگە، 2 مەدەنیش کوژراون و 7 هاووڵاتی دیکە برینداربوون 3 خانوو بەتەواوەتی ڕووخاوە، پاشانیش لەساڵی 1985-1986 جارێکی تر ئەم گوندە چۆڵکراوە لەبەر تۆپبارانی شەڕی عیراق -ئێران خەڵکەکەی چوونە گێڵدەرە، پاشان خەڵکەکە چوونەتەوە ناو گوندو بۆ ماوەی ساڵێک بە کولەمەرگی لەوێدا ژیانیان بەسەربردووە، دواجار لەساڵی 1987دا، بەتەواوەتی پێیان چۆڵ کراوەو بە شۆفڵ گوندەکەیان ڕوخێنراوەو پاشانیش سووتێنراوەوخەڵکەکەشی ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملێکانی نەسر و باریکە و عەربەت کراوەو هەندێکیشیان بەرەو سلێمانی ڕێگایان گرتۆتە بەر بەهۆی بوونی کەس وکاریان. وەک خەڵکی گوندەکە ئاماژەیان پێکرد ژمارەیەک خێزانی ئەم گوندە وەک هەموو خێزانەکانی تری ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تەمەنێکیان لەزیندانە تاریکەکانی ڕژێمی بەعس بەسەربردووە، لەوانە لەبەندینخانەکانی سەماوەو ئەبو غرێب و ئەمنی سلێمانی، لەڕاپەڕیندا ڕزگاریان بووە تەنها تاوانیشیان ئەوەبووە کە کەسوکاری پێشمەرگەبوون.
33شەهیدیان داوە
شایانی باسە دانیشتووانی ئەم گوندە بەجۆرێک هەستی نەتەوایەتی لەناخیاندا هەڵقولاوە کە زۆربەیان بەشدارو پێشمەرگەی ئازادیخوازی کوردستان بوون، شایەتیش بۆ ئەم ڕاستیە بوونی 33 شەهیدە کەشەهیدێکیان شەهیدی کۆماری مهابادەو 32 تریش شەهیدی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستانن.
لەبەر سەختی شوێن و کەش و هەوای وەندەرێنە لە لایەک و لەلایەکی تریشەوە کەمی ئاو بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵ وایکردووە کە دانیشتووانی ئەم گوندە کەمتر خۆیان بەکشتو کاڵی بەراوەوە خەریک بکەن، هە بۆیە پشتیان بەستووە بەباخداری وەکو هەڵوژەو قەیسی و بەربوومە دێمییەکانی وەک ڕەزو چوالەو قەزوان و ترش و بەڕوو. لەلایەکی تریشەوە هەندێ لەدانیشتوانی ئەم گوندە بژێوی ژیانیان لەسەرکردنی بنێشتەو هەندێکی تریشیان لەسەر بەخێوکردنی ڕەشەولاخ و بزن و مەڕە کەئەمەش سامانێکی تری نیشتمانییە و بوژانەوەیەکی تری ژێرخانی ئابووری کوردستانە.
ئەم گوندە تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی هەیەو لەڕووی ئاوی خواردنەوەوە تا ڕادەیەک باشە، ئاوەکەیان بەشی پێویستی ڕۆژانەیان دەکات. بۆ ئاژەڵیش پشت دەبەستن بەئاوی بیری ئیرتیوازی ناو گوندەکە گەر کارەبا بەردەوام بێت، چونکە یەکێک لەکێشەکانی ئەم گوندە نەبوونی کارەبای بەردەوامە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، چونکە هێڵی کارەبای لەسەید سادقەوە بۆ هاتووەو خەت و عەمودەکان کۆنن بەڕەشەباو بارانی زۆرو بەفر تەلەکان دەپچڕێن و چەند ڕۆژێکی پێدەچێت تا چاکدەکرێتەوە.
بەروبوومی کشتوکاڵی
خراپی ڕێگاوبانی ئەم گوندە وایکردووە کەجوتیارانی ئەم گوندە تا ڕادەیەک هان نەدات بۆ بەردەوامی لەسەر کشتوکاڵکردن، چونکە ناتوانن بەئاسانی بەروبوومەکانیان بنێرنە بازاڕ هەروەها کەمی داواکاریی لەسەر بەروبوومەکانیان یان باشتر بڵیین پەیدانەکردنەوەی نرخی تێچوونی ئەو بەروبوومە کە بەرهەمی دێنن، ئەمەش فاکتەرێکی ترە بۆ کەم بوونەوە ی بەروبوومی ئەم ناوچەیە.
هەر لەمێژەوە ڕیش سپیانی گوند هەوڵیانداوە کێشەکانی ناو گوند لە نێو خۆیاندا چارەسەربکەن و لەوانەش لەڕابردوودا ڕیش سپی گوند عەلی سەعید شەریف و ناسراو بە عەلی بێ تەل و ئێستاش کەریم خواڕەحم کە خەمخۆرو ڕیش سپی گوندەو بەهاوکاری خەڵکی گوند هەمیشە لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ هێنانی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ ناو گوندو خزمەتکردنی خەڵکەکەی.
ڕوودەکەنە بەرزنجە
وەندرێنە لەگەڵ ئەوەی بنکەیەکی تەندروستی تێدایە بەلام ناتوانێت هەموو چارەسەرێکی پێویستی خەڵکەکە دابینبکات هەربۆیە گوندنشینان ناچار دەبن بۆ هەندێ نەخۆشی ڕوو بکەنە ناحیەی بەرزنجە، کە ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نییە بە تایبەتی لەوەرزی زستاندا کەوەک باسمان کرد زستانی ئەم ناوچەیە زۆر سەختە زۆربەی جار بەفر ڕێگەکە دەگرێ، هەربۆیە نەخۆشەکانیان بە هیلاک دەچن.
شایانی باسە ئەم گوندە خاوەنی تیپَکی هونەری شانۆیی لێهاتوون بەناوی -تیپی هونەری وەندەرێنە- کە پێکهاتووە لە 16 هونەرمەندی پیاو دەرهێنەر و سیناریست و چەند ئەکتەرێکی کارامە تا ئێستا 3 بەرهەمیان هەیە ئەوانیش: (ڕێگایەکی دوور، قالە کوژراو، ولاتی من). نابێت ڕۆڵی ژنان لەیادبکەین ئەم تیپە هاوکاری دەکرێن لەلایەن چوار ژنی گوندەکەوە بە ئامادەکاری بۆ وێنە گرتن هەر لە بینینی ڕۆڵی لاوەکی پێویست و ئامادەکردنی خواردن و جێگەی پێویست و هەروەها ئامادەکردنی جلو بەرگ.
ئەندامانی ئەم تیپە داواکارن لەوەزارەتی ڕۆشنبیریی لایەکیان لی بکاتەوەو هاوکاریان بکات بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ و دەستگرتنیان هەروەها کڕینی هەندێ کەلوپەلی پێویست وەک کامێرایەکی دیجتاڵ، ئەمەش بۆ برەوپێدانی هونەر لە نێو گوندەکانی کوردستاندا.