مەلا غەفوری حافزی
تا بژیم تێت دەبڕم خاوەنی جوانی و دەسەڵات
چاوی ئاوات و هیوام ئەی گوڵی سەر تۆپی وڵات
دادەمرکێ کوڵی دڵ، تاوێکی ڕێت خەم چ دەبێ
بە سەری نوکی زمانم لە بنی پەنجەی پات
ڕۆژی هەڵکەوتە دەجا بێ گوڵەکەم تێت ڕاکەم
لە ترۆمبێلی فیداکاری بەرەو کۆ ڕی خەبات
لێت دەبەم جارێ بە بێدەنگی، نەچی بیکەیە قاو
نێوی هاوکاری لەگەڵ شۆ ڕشەکەی.................
یاری شیرین! دە وەرە تا زووە، تا لێت نە چووه
تەمەنی جوانی؛ بژین پێکەوە، تا کەی بە تەمات
گیانەکەم خۆ تۆ هەزار جار پترت داوە بە من
قەولی بێ کردەوە هەر وشکە تریتم بە تەمات
کە نگێ بۆم دادەکەنی خۆمی بەسەر داکێشم
کەوشەکەت ماچ کەم و سەر دانێمە بەر پێت کز و مات
لێت نەچی ڕەنگە لەبەر تەنگی ئەشێ بۆت تەڕ کەم
دەستە نەرم و شلەکەت، بازنە ئازاری نەدات
توند و تیژی بەسە، بۆم تیل کە، دە با لێی ڕادەم
بە سمێڵ گەسکی دەم ئەو تۆزە لە سەر شانی کەوات
تۆ لە سەر ئەو ڕقە بی تێک دەچەقێنین لە پڕا
من لە پێت دڕکی مژۆڵ، تۆ لە دڵم تیری نیگات
هەر نەبێ تاقە یەکێکم دەیە تا خۆم نەکوژم
لەم هەموو دەسرە کە پێی دەسڕی دەم و لێوی نەبات
بێڵە خاوی کەمەوە، ڕەق بووە سندوقی سەرت
باری لێوم بە تکەی ئارەقەکەی سەر گۆنات
پاش و پێش هەر یەکە بۆ من کە مەبەستم چوونه
زەردە لیمۆ چووە ناو دەستمەوە یا پرچی سیات
هەر لە لای تۆیە ئەوەی من دەمەوێ تێی کێشم
خۆڵی بەر پێتە لە چاوم کرێ ڕوناکی دەکات
حەز دەکەی جارێ بژیم بۆم وەرە پێش با تێی نێم
دەم لە نێوانی مەم و سینە، وەخۆم ئاوی حەیات
نایەڵم بێشێ، وەرە پێشێ دەبا بۆت تێخەم
ئەم دوو ئەنگوستیلە ئاڵتونە لە قامکت بە خەڵات
دە وەرە گیان و قەوەت، تاوێ ئەوەم بگرە بەوەت
نەزمی دەستم بە سەری پەنجە، نەخۆشم کە لەلات
من کە خۆم ناوەتە پێناوت، ئەتۆش بۆم فش که
قۆڵی ڕاستت بخەمە باسکم و دەرچین لە وڵات
با بکەم تۆبە لە سەر دەست و ئیتر دای هێڵم
ڕیشی بۆزم ؛ ببمە سالکی بەر کۆشک و سەرات
تا کوتم کوانێ؟ بڵێ : هانێ ! دڵم مەشکێنه
حافزم، موستەحەقم، چاو لە دەسی تۆم هەموو کات
جوانی تۆی دا لە محەک، ناحەزی من، بۆم دەرکەوت
ئەوەی جوانان هەیانە، بە تەنیا هەیە لات
گۆڵەکەم بۆیە نەشەت سازە دەڵێن چاکت دا
ئیمتیحانی شەشی ناوەندی، بژی مامۆستات
خۆت کەمێ شل کە، سەرت داخە دەبا پێتەوەنێم
دوو زەر و کوڵمی گەش و چاڵی چەنەت زیپکە نەکات