خەڵکی تێکۆشەری هەڵەبجە
کوردستانیانی خۆشەویست
بەبۆنەی دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگا بونی شاری هەڵەبجە لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و ناردنی بڕیارەکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە شاری هەڵەبجەی خۆڕاگر و قوربانیدەر، پیرۆزبایی گەرمیش ئاراستەی یەکە یەکەی هەڵەبجەییەکان و سەرجەم کوردستانیانی ئازیز ئەکا. ئەمەش گەرچی لەچاو قوربانیدانی ئەو شارە سەربەرزە، قەرەبووکردنەوەیەکی بچوکە، بەڵام لە ڕووی ڕەمزییەوە بەبەرزی ئەینرخێنین.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە پێشەنگی تێکۆشانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەبوو و لە پاڵ هێزە سیاسیەکانی تری کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ وەدیهێنانی ئەو داوایەی هەڵەبجەییەکان، کە خۆشبەختانە ئەو هەوڵانە لە کابینەی شەشەمی حکومەتەوە چووە ناو بەرنامەی حکومەتی هەرێم و کابینەی حەوتەم و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو کەیسەیان گەیاندە ئەم قۆناخە پێشکەوتووەی ئێستا.
بەو بۆنەیەوە، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و وەزیرە کوردەکانی کابینەکەش ئەکەین، کە بە دەست و بردەوە ئەو پێشنیارەی حکومەتی هەرێمیان زووبەزوو پەسەندکرد و ناردیانە ئەنجومەنی نوێنەران.
لێرەوە داوا لە فراکسیۆن و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین، کە بە گیانی پەرۆشی و هاوخەمییەوە پشتیوانی لەو بڕیارە بکەن و لە ڕاستیشدا هەر ئەو چاوەڕوانییەمان لە نوێنەرانی گەل هەیە لە بەغدا.
هاوکات داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەکەین کە پێش تەواوبوونی خولی پەرلەمانی ئێستا کەیسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخەنە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران.
هاوکات داوا لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستانی و فراکسیۆنەکانی تری کوردستان ئەکەین لە بەغدا، کە هاوئاهەنگ و پێکەوە هەوڵەکانیان لە گەڵ فراکسیۆنەکانی تر بخەنە گەڕ بۆ دابینکردنی دەنگی پێویست بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکە.
پێشمانوایە هەستی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری تەواوی نوێنەرانی گەل لە ئەنجومەنی نوێنەراندا تا ئەو ئەندازەیە کاریگەری ئەبێ، کە بە زۆرینەی هەرەزۆری نوێنەران بڕیارەکە پەسەند بکرێ.
هەر بەو بۆنەیەشەوە، داواکارین لە حکومەتی هەرێم، لە پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2014، بودجەی پارێزگاکە دەست نیشان بکرێ. لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە پەرلەمان یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانیان ئەوەیە کە لە وەختی پێداچوونەوە و پەسەندکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بەرگری زۆر لە دیارکردنی بودجەی پارێزگای چاوەروانکراوی هەڵەبجە بکەن و بۆ ئەو مەبەستە، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تری پەرلەمانی کوردستاندا هاوئاهەنگی بکەن و پێکەوە بەرگری لێ بکەن.
دووبارە پیرۆزبایی لە خۆمان و لە خەڵکی هەڵەبجە بە تایبەت کەسوکاری قوربانیان ئەکەین و گەلەکەمان سەلماندییەوە کە هەرگیز هەڵەبجە بە تەنیا جێناهێڵن.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
01-01-2014