رۆژنیوز ئارێز گەرمیانی
بەرپرسێکی ئەمنی باس لە هەوڵەکانی پاککردنەوەی ناحیەی جەلەولا دەکات لە بۆمبە چێنراوەکانی چەتەکانی داعش و ئاماژەش بەوە دەکات تیمەکانی سەر بە هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگ توانیویانە زیاتر لە (400) بۆمبی چێنراو پوچەڵ بکەنەوە و قوربانیشیانداوە.
رائید فەرهاد ڕەفعەت بەرپرسی تاوانە گەورەکان لە خانەقین بە (رۆژنیوز) ی گوت : لە دوای ئازادکردنی ناحیەی جەلەولا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان تیمەکانی هێزەکانی ئاسایش بە دوو تیم خەریکی پوچەڵکردنەوەی ئه و بۆمبە چێنراوانەن کە چەتەکانی داعش لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیان دایانناوە.
وتیشی" له و کاتەوەی کار لە هەڵگرتنەوەی بۆمبەکان دەکەن تا ئێسیتا نزیکەی 400 بۆمبیان پوچەڵ کردوەتەوە و ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک بۆمب هەن بە شێوەی مۆدێڕن دانراون و بە کارەبای ناو دەبرێن، تا نزیک نەبیتەوە لێی ناتەقێتەوە و پوچەڵکردنەوەی ئەم بۆمبانە هاوشێوەی ئەوانی ترنیە و تا ڕادەیەک زەحمەتە و لە ئاکامی پوچەڵکردنەوەی ئه و بۆمبانە تا ئێستا دوو ئەفسەری هێزەکانی پێشمەرگە لە هێزی پشتیوانی دوو شەهید بوونە".
بەرپرسی تاوانە گەورەکان ئاماژەی بەوەشدا" لە دوای نزیکەی 15 ڕۆژ لە ئازادکردنی ناحیەی جەلەولا تا ئیسشتا ئه و تیمانە توانیویانە 90% بۆمبەکانی نێوو ناحیەکە پوچەڵ بکەنەوە بە تایبەت ئەوانەی کە دیارن و دەبینرێن".
داعش لەوەی پتر لە سێ مانگی تەمەنی خویدا لەناو ناحیەی جەلەولا بە پلەی یەک کاری دانانی بۆمبی چێنراو بووە بۆ ئه و هێزانەی کە دوای ئازادکردنی جەلەولا دەچنە ناو ئه و ناحیەکەوە.