بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی شارەزورو ئاشکراکردنی ئاماری 6 مانگی ڕابردو لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە، تەنها 282 حاڵەت تۆمارکراوە کە هیج له و حاڵەتانەش توندوتیژیی دەرونیی و کوشتن و لێدان نەبون، چالاکوانانی ناوچەکەش هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە لەرابردودا ژنان له و دەڤەرە دەسەڵاتداربون و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتیان هەبوە کە دیارترینیان عادیلە خانم بوە.
ئا: میهرەبان سەلام، هەڵەبجە
شیلان مەحمود کە چالاکوانێکی مەدەنیە، باس لەوە دەکات "تا ئێستا هیچ توندوتیژییەک بەرامبەر ژنان نەکراوە و هۆکارەکەش بۆ بەرزیی ئاستی ڕۆشنبیریی هەردو ڕەگەزی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە کە توانیویانە باوەڕ بەتواناکانی یەکتر بکەن و شان بەشانی یەکتر کار بکەن".
پێکهاتەی دانیشتوانی هەڵەبجە ژمارەیەکی زۆر عەشرەت لەخۆدەگرێت، وەک ئیناخی، ڕێشاوی، کۆکۆیی، هاواری، بۆینی، نەورۆڵی، گریانی، خەرپانەیی، شەمێرانی و تاویرەیی، جگە لەوەی لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ چەندین پێکهاتەی جیاوازی وەک کاکەییەکان و خێڵەکانی جاف و جولەکەکانی تیادا ژیاوە.
ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنوس، پێیوایە هۆکاری سەرەکی کەمیی توندوتیژیی ئەوەیە کە "پێکهاتەی دانیشتوانی هەڵەبجە زۆری ئه و عەشیرەتانەیه و هەریەک لەوانەش وەک داب و نەریتێکی گشتیی، ڕێزی زۆریان لەئافرەت گرتوه و شانبەشانی پیاوان توانیویانە لەلادێ و شوێنەکاندا کار بکەن. ئەگەر سەیری زۆربەی دامودەزگا ئیدارییەکانی هەڵەبجەش بکەین، ژنان توانای زاڵبونیان هەیە بەسەر کارەکانیاندا، لەلایەکی تریشەوە زۆری پێکهاتەی ئاینیی لەهەڵەبجە، هۆکارێکە بۆ کەمیی توندوتیژیی و ڕێزگرتن لەیەکتر".
هاوکات نوخشە ناسیح، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بەئاوێنەی ڕاگەیاند، "کەمبونەوەی ڕێژەکانی توندوتیژیی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە لەخۆوە نیە، بەڵکو هاوڵاتیان و حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنیی هۆکارە کە هەریەکەیان لەڕێگەی ڕێنمایی یان یاساوە کاریانکردوە بۆ کەمبونەوەی توندوتیژیی. سروشتی هەڵەبجه و هەورامان و کارە دەستەجەمعیەکان، ئەوە دەخوازێت کە بەهیچ جۆرێک توندوتیژیی نەبێت".
بەپێی وتەی گوڵستان ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤ لقی هەڵەبجە، لەئاماری شەش مانگی ڕابردو تەنها 100 حاڵەت تۆمارکراوە کە هیچیان حاڵەتی کوشتن و لێدان و سوتان و برینداربون نین، تەنها کێشەی لاوەکی بون و زۆربەی حاڵەتەکان چارەسەریشیان بۆ کراوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرێتیی مافی مرۆڤی شارەزوریش، کۆی گشتیی حاڵەتەکان 282 حاڵەتە کە پێنجوێن 26و هەڵەبجە 62 و سەیدسادق 121 و شارەزور 73 حاڵەتی بەرکەوتوە.
- 01-01-2015