ئێوارەی ڕۆژی (11-6-2016) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرپەرشتی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی و بەئامادەبونی جێگری دووەم و تەواوی ئەندامانییەوە، کۆبوونەوەی ئاسایی لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان ئەنجامدا. لەکۆبوونەوەکەشدا، دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی دۆخەکەو کێشەکان، بەتایبەتی تەنگوچەڵەمەی دارایی و ئابوری خەڵک و بازاڕو بانکەکان، هەروەها کێشە چارەسەرنەکراوەکانی ئێستای سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمیش، لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە.
یەکەم: داوا لەحکومەت بکرێ پیاچوونەوە بەپرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران، بەشێوەک کە ئەو توێژەی موچە کەمە، هیچیان لێ کەمنەکرێتەوە. باقی موچە کەمکراوەکانیش، پیاچونەوەی بنچینەیی پێویستە، بەتایبەتی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆو دەزگاکانی خومەتگوزاریی و دادوەری.
دووەم: بەکردەوە کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و چارەسەری سیاسی ڕاستەقینەی نێوان لایەنەکان.
سێهەم: بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، لەلایەکەوە درێژەپێدانی گفتوگۆ، بەپێی پرۆژەیەکی نوێی ئابوریی و سیاسی و جێبەجێکردنی یاسایی پەسەندکراوی تەواوی لایەنەکانی حکومەت، لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی. هاوکات، دەبێ شەفافییەتی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت، گاز، گرێبەستەکان و داهاتەکانیان، بۆ ڕای گشتی ڕوونبکرێتەوە.
چوارەم: یەکێتیی، هەردەم لەگەڵ مافی چارەی خۆنوسینی نەتەوەکەمانە. بۆیە، جەختدەکەینەوە، کە لەهەلومەرجی ڕەخساودا، لەکوردستاندا ڕیفراندۆم بەمافی دیموکراسی و یاسایی گەلەکەمان دەزانین. چاوەڕوانی گەلی عەرەب و تورکمان و خەڵکی تری عیراق و گەلانی ناوچەکەشین، لەبەدیهێنانی ئەم مافەدا، پشتیوانی گەلی کوردستان بن.
لەکۆتاییشدا، داوا لەهەموو لایەک دەکەین، کە لەم دۆخە دژوارەی جەماوەردا، هاوئاهەنگ بین بۆ جێبەجێکردنی داخوازی خەڵک، لەهەمانکاتدا، پشتیوانی حکومەتیش بین بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە سەختەی ئەزمونەکەمان پیاتێدەپەڕێ، بەتایبەتی پێشمەرگە لەشەڕی خوێناویدایە دژی داعشە ڕەشەکوژەکان؛ ناوچەکەش لەناو ئەگەری جۆراوجۆری سیاسی و گۆڕانکاریدایە.
11-02-2016