ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بەرزبوونەوەیان بەخۆوەوە بینیوەو لەپڕبوون نزیکبوونەتەوە، بەتایبەتی بەنداوی دەربەندیخان کە بەپێی پێشبینی بەڕێوەبەری بەنداوەکە تا کۆتایی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ بەنداوەکە پڕدەبێت لەئاو.
لە سنووری قەزای دەربەندیخاندا لەمساڵدا 600 ملیم باران باریوەو ئاوی دەریاچەکە لە 900 ملیۆن مەتر سێ جاوە بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا، ئەم بڕەش دەکاتە نیوەی ئاوی بەنداوەکە.
عەبدولڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بەخەندانی وت "لەماوەی ئەمساڵدا و لەسەرەتای وەرزی بارانبارینەوە ئاستی ئاوی دەربەندیخان 18 مەتر زیادیکردووە ئێستا 12 مەتر بەراورد بەساڵی ڕابردوو زیاترە، ڕۆژانەش بەرزبوونەوەی ئاو لە 4 بۆ 5 سم، تەنها شەش مەتر ماوە بۆ پڕبوون و پێشبینی دەکەین پڕببێت".
ئاماژەی بەوەشکرد ڕۆژانە 93 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەردەدرێتەوە وێستگەیەکی کارۆئاوی کە 80 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت لە کاردایە.
بەنداوی دەربەندیخان لەسەر ڕووباری سیروان لە پارێزگای سلێمانی دروستکراوە بۆ گلدانەوەی ئاو و کاری ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.
درێژی بەنداوەکە 445 مەتر و پانیەکەی 17 مەتر و بەرزی بەنداوەکەش دەکاتە 128 مەتر و توانای گلدانەوەی نزیکەی 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
لە دوو هەفتەی ڕابردەودا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی دەرکرد وەک فشارێک لەسەر حکومەتی ناوەند لە بەرامبەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشکی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەپاساوی نەخۆشی ئەنفلۆنزا هەرچەندە هەرێم بە بەردەوامی ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
عەبدولڕەحمان خانی وتیشی "ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەو بەرنامەیەی دامانناوە بۆ کۆکردنەوەی ئاو، بەپێی پێویست ڕۆژانە ئاو بەردەدرێتەوە، تائێستا بڕیارێکی تایبەت بە گرتنەوەی ئاومان پێنەگەیشتووە لەلایەن حکەمتی هەرێمەوە".
بەراورد بە بەنداوی دەربەندیخان ئاستی ئاو لە بەنداوی دوکان بەڕێژەیەکی ئەوتۆ زیادی نەکردووە بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان کەمی ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکەو گەورەیی بەنداوی دوکان ڕێژەکەی کەمکردووەتەوە.
بەنداوی دوکان لە ساڵانی 1954 تا 1959 لەسەر ڕووباری زێی بچووک و لە پارێزگای سلێمانی دروستکراوە، درێژییەکەی 260 مەترە و بەرزی بەنداوەکە لە ئاستی ڕووی دەریاوە 516 مەترە، توانای گلدانەوەی بڕی 6.8 ملیار مەتر سێ جا ئاوی هەیە.
محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بەخەندانی وت "ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان لە ئێستادا زیاتر لە 11 مەتر زیاترە بەراورد بەساڵی ڕابردوو، بەنداوەکە ئێستا دوو ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایەو ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا یەک ملیارو 700 ملیۆن مەتر سێجای تێدابوو".
وتیشی: "پێشبینی دەکەین پێنج مەتری تر ئاستی ئاوەکە بەرزبێتەوە ئەمەش نزیکی دەکاتەوە لە پڕبوون، بۆ پڕبوونی بەنداوەکە پێویستمان بە 8 مەتر عەمودیە کە دەکاتە چوار ملیار مەتر سێجا".
محەمەد تاهیر باسی لەوەشکرد، هێشتا وەرزی بڕی بارانبارین ماوەو توانەوەی بەفر دەستی پێنەکردووە بۆیە پێشبینی زیاتر بوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکە دەکەن، بەنداوەکە بەهۆی ئەوەی دووهێندە زیاتری بەنداوی دەربەندیخان ئاو دەگرێت لەگەڵ ئەوەشدا بڕی بارانبارین 450 ملیم بووە هۆکار بوە بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاوی بەنداوەکە بەراورد بە بەنداوی دەربەندیخان زیاد نەبێت.
دەڵێت بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوکان لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تر جیاوازە، ڕۆژانە لە نێوان 67 بۆ 70 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو بەردەدرێتەوە.
سەبارەت بە بڕیاری کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاوەکە، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان وتی "تائێستا بڕیارەکەمان پێنەگەیشتووەو بەردەوامین لەبەردانەوەی ئاو".
- 08-03-2016