لە دانیشتنی ڕۆژی 21-09-2016ی پەرلەمانی عێراق، بە پلانێکی پێشوەخت داڕێژراو و لە پرۆسەیەکی شێوە گەلەکۆمە، متمانە لە بەرێز هوشیار زێباری وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق سەندرایەوە. بەرێز زێباری کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە و، لە کابینەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا لە هەردوو پۆستە وەزارییەکەیدا، بەتایبەتی لە سەردەمی وەزیریی دەرەوە و پاشان وەزیری داراییدا کە، بەڕای چاودێرانی ناوخۆ و دەرەوە، زۆر تێدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەردەوام ئامانجی هێرشی ناحەزان بووە.
لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا لە بەرانبەر هەوڵەکانی بەڕێز هوشیاردا بۆ ڕێکخستنی وەزارەتی دارایی بەشێوەیەک کە پەردە لەسەر گەندەڵیە زۆروزەبەند و قەبەکان لابچێت و ڕێگەیان لێ بگیرێ، لەوکاتەدا هەوڵی چڕو پڕ هەبووە بۆ ئەوەی ململانێ سیاسییەکان تۆختر بکرێنەوە تا لە کەشێکی لەباردا ئەو پرۆسەیە بەرگێکی تری پێ ببەخشن و بتوانن هەوڵەکانی هەڤاڵ هۆشیار بەو شێوەیە لەبار بەرن.
ئێمە ئەو کردارەی لێسەندنەوەی متمانە لە کاک هوشیار زێباری و بەو شێوەیە بە پیلانێکی سیاسی دەزانین. ئەوانەی لە پشت ئەم هەوڵەشبوون درێژەپێدەرانی سیاسەتی شۆڤێنی دژ بە کورد بوون و لێدوانەکانی ڕابردوو و ئێستاشیان لە میدیاکاندا گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن.
ئەو کەس و لایەنانە ئامانجیان لەناوبردنی هەموو ئومێدێکە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەم دەڤەرەداو دەخوازن ڕەوشەکە بۆ دۆخی سەردەمی تاکڕەوی بگەڕێننەوە. لە وەڵامی ئەو هەوڵەدا ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوکاریکردنی حکوومەتی بەرێز عەبادی و هەموو ئەو کەس و لایەنانە بەردەوام دەبین کە بڕوایان بە پرۆسەی دیموکراسی و ڕێزگرتنی دوولایەنەو گیانی لێبوردەیی و پێکەو ژیان و سەرجەم مافەکانی گەلەکەمان هەیە. بۆ ئەو لایەنانەی کە لەم پیلانگێریانەشدا بەشدارن لە کاتی خۆیدا وەڵاممان دەبێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
22-09-2016