دەوڵەتی کۆنەپەرست و داعش پەروەری تورکیا ئەمڕۆ 25ی نیسان، لەرێگای 26 فڕۆکەی جەنگیەوە هێرشێکی ئاسمانی فراوانی کردە سەر شارۆچکەی شەنگاڵ و چیای قەرەجوخ و کانتۆنی جەزیرە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی پارتی و گەریلاو شەڕڤانی پەکەکە و پەیەدە.
ئامانجی ئەم هێرشە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دەرپەڕاندنی هێزەکانی پەکەکەیە لە شەنگاڵ و تەنگ هەڵچنینە بە پەیەدە کە بە درێژکراوەی پەکەکەی دەزانێت. هێرشەکەشی لە هەلومەرجێکدا ئەنجام داوە کە خەریکە جەنگی داعش بەرەو کۆتایی دەچێت و ئارایشی سەربازی و سیاسی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێت. بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر ڕوو لەناوچەکە دەکات بەهۆی ململانێ ی نێوان هێزە جیهانی و ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەت و هێزە ناوچییەکانەوە، کە هەریەکەیان دەیەوێ بەشە غەنیمەی دوای شکستی داعش بۆخۆی بچنێتەوە. دەوڵەتی تورکیاش بە سەرۆکایەتی ئۆردوگان و حکومەتی ئاکەپە، دەیەوێ بەشێکی بەرچاوی لەو غەنیمەیە دەست بکەوێت!
بۆرژوازی تورکی بەسەرکردایەتی ئەکەپەو ئۆردوگان، لەپاڵ ئەوەی کە هەوڵ دەدات پێگەی تورکیا وەکو هێزێکی سیاسی- سەربازی ناوچەیی کاریگەر و ستراتیژی جێگیر بکات، هاوکات لە هەولێ ئەوەدایە لە دابەشکاریە ئابوریەکانی ناوچەکەدا پێگەیەکی گەورەی هەبێت و ئەو قەیرانە ئابوریەش کە ڕوبەرووی بوەتەوە بە ئاراستەی قایمکردنی دەسەڵات و سیستەمەکەی یەکاڵا بکاتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی دوو جەنگی هاوزەمانی دژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و دژی نەیارە سیاسیەکانی لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و لەئاستی دەرەوەو لە نزیک سنورەکانیدا بەرپاکردوە.
ئۆردوگان و پارتە کۆنەپەرستە ئیسلامیە نەتەوەپەرستە شۆڤێنیەکەی، لەدوای کۆدێتا سەربازیە سەرنەکەوتوەکەی تورکیاوە و بە بەکارهێنانی وەکو بیانویەک، دەستی داوەتە داپڵۆسین و سەرکوتی سیاسی و پڕکردنی زیندانەکان لە نەیارە سیاسیەکانی. کەشوهەوای جەنگی بەسەر ناوچە کوردنیشینەکاندا داسەپاندۆتەوە. بارودۆخێکی سیاسی میلیتاریزەکراوی بەسەر خەڵکی تورکیادا سەپاندوە. ڕیفراندۆمی گۆڕینی دەستوری تورکیاش کە دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ ئۆردوگان و پارتەکەی دەستەبەر کرد، پرۆسەی توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی بە سەرەنجام گەیاند. بۆرژوازی تورکی پێویستی بە سەرکوت و بێدەنگکردنی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاری و یەکسانیخوازی و پێشکەتنخوازی ئەو وڵاتەیە، تا ڕۆژە ئالتونیەکانی سەرمایە لە تورکیا دەست پێبکاتەوە. هێرشە ئاسمانیەکەی بۆسەر شەنگاڵ و قەرەجوخ و کانتۆنی جەزیرە گۆشەیەک دەبێت لە سیاسەتی جەنگخوازی و هێزنیشاندانی دەوڵەتی تورکیا و ئامانجێکی کۆنەپەرستانەو دژی کرێکاری و دژی ئینسانی جێبەجێ دەکات کە هاوکات دەبێتە یەکێک لە فاکتەرەکانی ڕاکێشانی ناوچەکەش بۆ ناو گێژاوی سیاسی و نائارامی و جەنگی زیاتر. ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەو هێرش و بۆرودمانە ئاسمانیە درندانەیەی دەوڵەتی فاشیست- ئیسلامی تورکیا کە بە ئاگاداری بارزانی ئەنجامی داوە بە توندی ئیدانەی دەکەین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
25-04-2017