دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بودجەیەکی دیاریکراویان بۆ نۆژەنکردنەوەی هەر سێ بەنداوی #دوکان# و #دەربەندیخان# و دهۆک تەرخانکردووە.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە #وەزارەتی کشتوکاڵ#ی حکومەتی هەرێم، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەنداوە کۆن و تازەکان پێویستیان بەدەستکاریکردن هەیە، هەربۆیە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بودجەیەکی دیاریکراویان بۆ نۆژەنکردنەوەی هەر سێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک تەرخانکردوە و لەماوەی داهاتوویەکی نزیکدا دوای کۆتاییهاتنی ڕێوشێنە ئیدارییەکان ئه و بەنداوانە نۆژەندەکرێنەوە.
بەڕێوبەری گشتی بەنداو و کۆگاکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان 15 بەنداو هەن کە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لەسەد پۆند (حەوز) هەن، بەنداوی دوکانیش بەگەورەترین بەنداو هەژمار دەکرێت لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لەگەڵ بەنداوی دەربەندیخان تاکە سەرچاوی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بوون.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان، ڕوونیشیکردەوە، بەنداوەکانی سنووری سلێمانی کە بریتین لە دوکان کە توانای گلدانەوەی 6 ملیار و 800 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، دەربەندیخان توانای گلدانەوەی 3 ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە، #ئاوەسپی# توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن و500 هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و هەڕاوە توانای گلدانەوەی 10 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماژەشی بەوەکرد، بەنداوی دهۆکیش کە دەکەوێتە پارێزگای دهۆک توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەترسێجایە، هاوکات لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چەند بەنداوێک هەن کە بریتین لە بەنداوەی باوەشاسوار، حەسەن کەنووش، خۆرنەوازان و قادر کەرەم و شیوەسوور.
بە وتەی ئەکرەم ئەحمەد، کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی بەنداوی دوکان زۆر زیاترە لە ساڵی پار، هەرچەندە ئەمساڵ بارانبارین کەم بووە بەڵام جێگای مەترسی نییە.
بەڕێوبەری گشتی بەنداوەکان، ئاماژەشی بەوەکرد، دروستکردنی پڕۆژەکانی ئێران کاریگەرییەکی زۆری هەیە و لە داهاتووشدا مەترسی دروستبوونی کارەساتی لێ دەکرێت، چونکە 12 پڕۆژەی بەنداو و 4 وێستگەی کارەبا و 2 تونێلی لەسەرە، واتا ئەگەر تەواوی ئەو پڕۆژانە بکەونە کارکردن ئەوا نزیکەی سەدا 70ی ئاوەکەی دەبات.
ئەکرەم ئەحمەد، لە بارەی کاریگەرییەکانی ئه و بەنداوانە لەسەر ئاوی دەربەندیخان، وتی بەهۆی ئەوەی بەنداوی دەربەندیخان دەکەوێتە سەر ڕووباڕی #سیروان# و لە دیوی ئێرانیش ژمارەیەک پڕۆژە لەسەر ئەو ڕووبارە دروستکراوە و بەم هۆیەوە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان دەکرێت.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بەنداوی نوێ دروست بکرێت بۆئەوەی لە کشتوکاڵ و خواردنەوە سوودی لێ ببینرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم لێکتێگەیشتنێکیان هەیە لەوبارەیەوە.
#22-05-2017#