گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن #ئێران#ەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر سنووری #ڕاپەڕین# و #سلێمانی# دروستکردووە، بەجۆرێک ڕێژەی 70%ی ئەو ئاوەی دەڕژێتە دووکان کەمی کردووە.
بەکر بایز، قایمقامی قەزای #پشدەر# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ئەو بەنداوەی ئێران لەدیوی ڕۆژهەڵاتەوە لەسەر زێی بچووک دروستی دەکات، قەبارەی 800 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت و، کاریگەری نەرێنی لەسەر سنوورەکەمان دروستکردووە.
نزیکەی 95%ی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزی، لە زێی بچووکەوە دابیندەکرێت، لەئەگەری گرتنەوەی سەرچاوەی ئاوەکەش لەلایەن ئێرانەوە، قەیرانێکی گەورەی بێئاوی ڕوو لە ناوچەکە دەکات. گرتنەوەی ئاوەکە لەسەر ئاستی کشتووکاڵی کێشەی بۆ پرۆسەی ئاودێری و کشتووکاڵ و پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی دروستکردووە.
بەکر بایز هەروەها دەڵێ بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک دابەزیوە، ئاستی ئاوی بناوان و بیرە کشتووکاڵییەکانیش دابەزیون، ناتوانرێت ئاوی پێویست بۆ کشتووکاڵ دابین بکرێت.
لە ڕووی ژینگەییەوە گرتنەوەی ئاوەکە زیانی زۆری هەبووە، بەجۆرێک قایمقامی پشدەر دەڵێ ئاوەکە لەناکاو گیرایەوە، بەهۆیەوە ماسیەکی یەکجار زۆر لەنێوچوون، یان لەلایەن ماسیگرەکانەوە ڕاوکران.
گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەڕووی سامانی ئاویش کاریگەری هەبووە، بەهۆیەوە ئاوی دووکان کەمیکردووە، لە داهاتووشدا کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوەی سلێمانی دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئاوی دووکان سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانیشە.
حکومەتی ئێران لەسەر زێی بچووک و لە خوار گوندی کۆلسەوە بەنداوێکی 117 مەتر بەرزی دروستکردووە، کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای شاری سەردەشت و، بەدوری 20 کم لە سنووری عێراق - ئێران هەڵکەوتووە.
بەنداوەکە بەمەبەستی برەودان بە کشتووکاڵ و بەرهەمهێنانی 150 میگاوات کارەبا دروستکراوە، نزیکەی 11 ساڵە کاری تێدادەکرێت و، لە دوو ساڵی داهاتووشدا کۆتایی بەکارەکانی دێت و، بەتەواوەتی دەکەوێتە کار.
تاوەکو بەنداوی کۆلسە پڕدەبێت، 75%ی ئاوی ناوچەکانی پشدەر کەمدەکات، لە کاتی پڕبوونیشی تەنها 25%ی ئاوەکە کەم دەکات.
01-07-2017