دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا 169 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجە و دەریای ڕەشدا خنکاون.
نەزهەت حسێن، بەرپرسی بەشی #پەنابەر#ان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ڕۆژی 21ی ئەم مانگە یەختێک لە دەریای ڕەشدا لەنێوان ڕۆمانیا و تورکیا نقومبوو کە ژمارەیەکی زۆر لەسەرنشینەکانی ئەو یەختە خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام توانراوە ژمارەیەکیان بۆ هەولێر و سلێمانی بگەڕێنرێنەوە.
وتیشی ئەو یەختە لەکاتی ڕووداوەکەدا 84 کۆچبەری هەڵگرتووە، لە کاتی ژێر ئاوکەوتنیشیدا توانراوە 42 کەسیان ڕزگار بکرێن و تەرمی 22 کۆچبەریان هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەرپرسەکەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، 169 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجە و دەریای ڕەشدا خنکاون.
هاوکات فیدراسیۆنی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان ئاشکرایدەکات کە تائێستا زیاتر لە چوار هەزار کۆچبەری هەرێم لە تورکیا ماونەتەوە کە دەیانەوێ بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.[1]
02-10-2017