دواڕۆژ، بورهان یەحیا
دایکی سامی کە نزیکەی مانگێک دەبوو ژنی بۆ کوڕەکەی هێنابوو، پاش هاتنی #داعش# بۆ #شەنگال# کوڕەکەیان لەبەرچاویدا کوشت و کچ و بووکەکەشیان بە سەبایە برد، ئه و دەڵێت زۆر هەوڵیاندا منیش ببەن، نەڕۆیشتم و لەسەر تەرمی کوڕەکەم مامەوە و دەگریام، نیوە شه و هەستام گۆڕێکی بۆ هەڵبکەم، لەبەرئەوەی بێهێز بووم نەمتوانی ئەم کارە بکەم و بەجێمهێشت.
پیاوەکانیان کوشت و کچ و منداڵەکان وەکو سەبایە بران
موراد خەڵەف، توێژەری کۆمەڵایەتی و مێژووی ئێزدییەکان لەسەر زاری دایکی سامی گێڕایەوە و وتی لەسەرەتای هاتنی چەکدارانی داعش بۆ شەنگال کە گەیشتنە سنوری تەلعزێر، حەوت چەکدار بە سێ ئۆتۆمبێل هاتنە ناو گوندەکەی ئێمە و یەکسەر پیاوەکان ئاڵای سپییان هەڵکرد، به و مانایەی کە ویستی شەڕیان نییە، چەکدارانی داعش وتیان هەرچی چەک و مۆبایل و پارە و زێرتان هەیە بیهێنن بۆمان و هیچ زیانێکتان پێناگات.
باس لەوەشدەکات دواتر ژنە بەتەمەنەکان و ئەوانەی خوار تەمەن 40 ساڵن لێکجیاکرانەوە، دوای کەمێک گوێمان لە دەنگی گوللە بوو، هەندێک لە پیاوان لەناو خانووەکاندا و هەندێکیان لە دەرەوە کوژران کە ژمارەیان 12 پیاو بوو، پاشان هەموو ژنەکانیان خستە ژورێکەوە و پێیانوتین هەموو ئه و کچ و ژنانەی خوار تەمەن 40 ساڵن بە سەبایا دەبرێن بۆ موسڵ، ئیدی دەستمانکرد بەهاوار و قیژە و گریان.
کوڕێک مانگێک بوو هاوسەرگیری کردبوو لەبەرچاوی دایکی کوشتیان
دایکی سامی کە ئەم هەموو دیمەنە ناخهەژێنانەی بە چاوی خۆی بینیوە، بەچاوی پڕ گریانەوە دەڵێت هەموو منداڵەکان و کچ و ژنە خوار تەمەن 40 ساڵەکان خرانە سێ ئۆتۆمبێلەوە و بەره و جێگایەکی نادیار بردیانن و ئێمەیان نەبرد، تەرمی پیاوەکانیان لەبەردەمی ئێمەدا بەجێهێشت، ترس هەموو دایگرتبووین و نەماندەتوانی پیاوەکان بنێژین و هەمومان دەگریاین.
ئه و ژنە دەگێڕێتەوە و دەڵێت ویستیان منیش لەگەل خۆیان ببەن، ڕازی نەبووم و لەسەر تەرمی کوڕەکەم لەخۆم دەدا و دەگریام و بە داعشەکانم وت بەهەموو ژیانم یەک خولەک کوڕەکەم بەجێنەهێشتووە، چۆن ئێستا بەجێیبهێڵم، ئیدی نەیانبردم، چەندین کاتژمێر لەسەر تەرمی کوڕەکەم هاوارم دەگرد و دەگریام، بۆ نیوەشه و ئیتر بێهیوا بووم و زانیم کە بە تەنیا ماوم و کوڕە تازە زاواکەم لەگەل هاوسەرەکەی و کچە جوانەکەم و خانوو و باغ و هەموو شتێکم لەدەستداوە و تەنیا داواکاری من لەخوا ئەوەبوو کە گیانی منیش بۆ لای خۆی ببات.
دایکی سامی لەگەڵ هەڵکێشانی هەناسەیەکی درێژ و بەرچاوی پڕگریانەوە دەڵێت نیوەشه و بڕیارمدا لەسەر تەرمی کوڕەکەم هەستم و هەوڵبدەم گۆڕێک لەتەنيشت مەزارگەی شێخ مەند لەلای باخەکەی خۆمان هەڵبکەنم و بزانم کوڕەکەم لەکوێ شاردووەتەوە و دواتر بێم و سەردانی بکەم، هەرچەندە لەوکاتەدا تەنیا گیانێکی بێ ڕۆح بووم، کە هەوڵمدا کوڕەکەم بۆ نزیک مەزارگەکە ببەم، لەبەر بێهێزیم نەمتوانی ئەم کارە بکەم و بەجێمهێشت، ئیتر لەوکاتەوە تائێستا بڕیارمدا بەدوای کچ و بووکەمدا بگەڕێم و به و هیوایەوە ژیان ببەمەسەر.
لەگەڵ هاوڕێکەم دەرگای ژورەکەمان شکاند و هەڵاتین
(سامیه جندۆ) تەمەن 17 ساڵ و قوتابی ئامادەیی، کچی دایکی سامی بەمشێوەیە باس لەهەڵاتنی لەدەست داعش دەکات، ئەوکاتەی چەکدارانی داعش هاتنە ناو گوندەکەمان و بەره و کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر و بەعاج و تەلەعفەر و دواتر بۆ موسڵ بردیانین و هەر هەمومان لە هۆڵێکی دووقات لە تەنيشت دارستانێکی بچووک کۆکردینەوە و بۆ ماوەی 7 ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
کچەکە دەڵێت من و سەمیرەی هاوڕێم بەره و فەلوجە براین و کچ و ژنەکانی تریش هەر یەکێکیان بۆ شوێنێک بران، کە گەیشتینە فەلوجە، من و هاوڕێکەم دەرگای ژورەکەمان شکاند و بۆ لای بەغدا هەڵاتین، دواتر هاتین بۆ هەولێر، لەوێ لەرێگای تەلەفونەوە ویستم پەیوەندی بە تاکە براکەم یان دایکم بکەم، تەلەفۆنی هەردووکیان داخرابوو، دواتر زانیم کە تاکە براکەم داعش کوشتوویەتی و من و دایکم بە تەنیا ماوین.
ئه و کچە بەدەم گریان و چاوی پڕ فرمێسکەوە دەگێڕێتەوە ویستم بچمەسەر گۆڕی براکەم، بەڵام زانیم کە گۆڕیشی نییە، ئەمە جگە لەوەی هەموو ماڵ و موڵک و کەسوکارەکەم لەدەستداوە.[1]