دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەت سەرجەم پارەی سندوقی تووشبووانی شێرپەنجەی خەرجکردووە و ئامادەنییە بیگەڕێنێتەوە بۆیان، دەڵێت داواکاری گشتی بۆ گەڕانەوەی پارەکە کاری کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
حکومەتی هەرێم بە بیانوی قەیرانی دارایی، بڕی 72 ملیار دینارو بڕی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلاری لەسندوقی کۆمەکی توشبوانی شێرپەنجە بردووه و خەرجیکردووە، لەکاتێکدا ئه و پارەیە لەلایەن خێرخوازان و کۆمەکبەخشان کۆکراوەتەوە.
لەوبارەیەوە شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند حکومەت لەجێگەی هاوکاریکردنی تووشبوانی شێرپەنجە، زیانی زۆری پێگەیاندوون و سەرجەم ئه و پارەی بردووە کە لە سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە دانرابوو.
وتیشی لەرێگەی پەرلەمانی کوردستان توانیمان یاداشتێک بۆ داواکاری گشتی هەرێم بەرزبکەینەوه و لەسەر یاداشتەکە داواکاری گشتی هاتۆتەدەنگ و ڕێککاری گرتۆتەبەر بۆ گەڕانەوەی پارەکە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ڕونیشیکردەوە، بردنی ئه و پارەیە بە بیانوی قەیرانی دارایییەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بووە، بەڵام بەپێی بەواداچوونەکانمان دەرکەوتووە حکومەت ئامادەنییە پارەکە بگەڕێنێتەوە.
لەبارەی خەرجکردنی پارەکە، دواڕۆژ پەیوەندی بە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر بەکارهێنانی پارەکە لێدوان بدەن.
سندوقی کۆمەکی توشبووانی شێرپەنجە، بە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012 پەرلەمانی کوردستان دامەزراوه و بەپێی یاساکە دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکە دەبێت، تەنیا بۆ بواری شێرپەنجە خەرجبکرێت.[1]
#04-02-2018#