لەسەر بودجەی حکومەتی ئەڵمانیا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری پارێزگای #هەولێر# و دەوروبەری دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
تاهیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری هەولێر بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، پڕۆژەکان بۆ ئاو، کارەبا و ڕێگاوبانن و سەنتەری هەولێر و دەوروبەری دەگرێتەوە.
هەر لەوبارەوە هەمزە حامید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند پڕۆژەکان بە گوژمەی سێ ملیۆن و 623 دۆلار جێبەجێدەکرێن، لەسەر بودجەی حکومەتی ئەڵمانیا و بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی (UNDP) و (ICRRP) بۆ ئەو شوێنانە جێبەجێدەکرێن کە ئاوارە و پەنابەریان تێدان.
هەمزە حامید ڕاشیگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە #04-07-2018# نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و نوێنەرانی وڵاتانی ئەڵمانیا و ژاپۆن و ڕێکخراوەکانی (UNDP) و (ICRRP)، لە ڕێوڕەسمێکدا واژۆ لەسەر گرێبەستەکە دەکرێت و گوتیشی هەلیکار بۆ دەیان کەسیش دەڕەخسێنێت.
پڕۆژەکان بریتین لە:
- قیرتاوکردنی گەڕەکی سەربەستی - هەولێر بە گوژمەی 209 هەزار دۆلار.
- دروستکردنی دوو شەقامی 20 مەتری و ئاوەڕۆ لە گەڕەکی فەرمانبەران - هەولێر بە گوژمەی 238هەزار دۆلار.
- دروستکردنی ڕێگەی هەولێر-بەحرکە و دابینکردنی ڕووناککەرەوە بە درێژایی 2.5 کم بە گوژمەی 914 هەزار دۆلار.
- لێدانی دوو بیری ئاو و دروستکردنی تۆڕی دابەشکردن بە گوژمەی 167 هەزار دۆلار.
- ڕاکێشانی کارەبا بۆ گەڕەکی شەمامک - هەولێر بە گوژمەی 210 هەزار دۆلار.
- بەستنەوەی کارەبای گەڕەکی کرێچییانی شەقڵاوە بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بە گوژمەی 149 هەزار دۆلار.
- دابینکردنی محاویلە بۆ ئاوی ئیفراز بە گوژمەی 972 هەزار دۆلار.
- دابینکردنی 40 محاویلەی کارەبا بۆ سەنتەری شار بە گوژمەی 199 هەزار دۆلار.[1]
#03-07-2018#