بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دەستەی دادوەران) بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممە #03-07-2018# ەوە پرۆسەی هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی ڕێژەیی بۆ سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیراق لە کەرکووکەوە دەستپێبکات و لەماوەی 3 ڕۆژدا کۆتایی پێبهێنرێت و بریکاری قەوارە سیاسییەکانیش ئەتوانن وەک چاودێر ئامادەبن.
ئێمە وەک هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری هەڵوێستی فەرمی خۆمان لەوبارەیەوە بەم شێوەیەی لای خوارەوە ڕادەگەیەنین:
سەرباری ڕەخنە و نیگەرانییەکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە 12/5، هاوپەیمانی و لیستی نیشتمان بە ڕەچاوکردنی بار و دۆخ و تایبەتمەندێتی نەتەوایەتی کەرکووک هیچ تانەیەکی بە هەڵبژاردنی کەرکووک پێشکەش نەکرد، بەڵکو تانە و سکاڵاکانمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم و عێراق داوە، و هەروەها لە تەواوی ناکۆکی و مشتومڕی نێوان پەرلەمان و کۆمسیۆن و دادگای فیدڕاڵیدا ئێمە سووربووین لەسەر شێوازێکی چارەسەر کە زامنی بێگەردی و نەزاهەتی هەڵبژاردن و شەرعییەتی پرۆسەکە و گەڕاندنەوەی دەنگەکان بێت بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان.
ئەمرۆش دوای سڕکردنی کارەکانی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیاران و دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی نوێی دادوەران بەپشتبەستن بە ڕاگەیەنراوی 24/6/2018 کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە بڵاوکراوەتەوە، بۆ هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە سەرباری ئەو پێشێلکارییانەی کە لەپرۆسەکەدا ڕوویاندا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی کەرکووک و هەستیاری بارودۆخەکە و بەتەنگەوەهاتنی پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەباشمان نەزانی سکاڵا لەسەر سندووقەکانی دەنگدان تۆماربکەین و تانەمان لە کۆی پرۆسەکە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران (دەستەی دادوەران) داوە.
بۆیە پەیوەندیمان بەو پرۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە نیە کە بڕیارە لە کەرکووک دەستپێبکات و نوێنەری خۆمان وەک بریکار و چاودێر ڕەوانەی پرۆسەکە ناکەین.
هەڵوێستی کۆتاییشمان پاش ڕاگەیاندنی دوایین ئەنجامەکانی پرۆسەی هەژمارکردنەوە و جیاکردنەوەی ڕێژەیی دەنگەکان و موسادەقەی دادگای فیدڕاڵ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیی و نەتەوەیی و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیان و پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق دەبێت.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
کەرکووک
#02-07-2018#