هەستیار قادر لەگەڵ ئاواره حەمید
مەترسی کەمئاویی لەعێراق جارێکی دیکە برینی دروستنەکردنی بەنداوی بێخمەی کولاندەوە، ئه و گرێکوێرەیەی هێشتا سەرەداوەکانی ئاشکرا نیین.
زیاتر لەشەست ساڵە پرۆژەی بەنداوی بێخمە (60 کیلۆمەتر لەباکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر) چاوەڕێی ئەوەیە خۆر ببینێت، عێراق له و ماوەیەدا سیستمی پادشایی و دەسەڵاتی حزبی بەعس و قۆناغی دوای ڕوخانی ئه و ڕژێمەشی تێپەراند بەبێ ئەوەی بتوانێت ئه و ڕێگاچارەیە بۆ گلدانەوەی ئاو بکات کردار.
ناکۆکی سیاسی نێوان بەغداو هەولێرو مەترسی لەدەستدانی چەند گوندێکی سنوری بارزان ئه و پڕۆژەیەی لەباربرد، هەرچەندە هەرێم و بەغدا لەوپەڕی پێویستیدان بەگلدانەوەی ئاو لەکاتێکدا دراوسێکانیان شەڕی وشکردنەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
لەگەڵ گرتنەوەی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاو کەمکردنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێرانەوە لەمانگی ڕابردوودا بۆ جارێکی تر عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتنەوە بەر نەشتەری مەترسی وشکەساڵی و بێ ئاوی.
لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هەموو کەمئاویەک چیرۆکی بەنداوی بێخمە دەگێڕێتەوە سەرەتای دۆسیەکە، پرۆژەیەک تائێستا بەتەواونەکراوی ماوەتەوە.
$لەپادشاوە بۆ مالیکی$
لەساڵی 1937 دیراسەی پرۆژەکە کراوه و شەست و پێنج ساڵ لەمەوبەرو لەساڵی 1953 دا کە ئه و کات سیستمی پادشایی لەعێراق دەسەڵاتدابووە نەخشەی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکییەوە کێشراوە کە ئامانج لێی گلدانەوەی ئاو بووە لەسەر ڕوباری زێی گەورە کە لەتورکیاوە دەچێتە سنوری هەرێمی کوردستانەوه و دواتر دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە.
لەساڵی 1979داو لەسەرەتا دەسەڵاتی حزبی بەعسدا کۆمپانیایەکی ژاپۆنی گۆڕانکاریی لەنەخشەی بەنداوی بێخمەدا کرد و لەساڵی 1986دا دوو کۆمپانیای تورکی و یوگسلافیای پێشوو دەستیان بەجێبەکێکردنی پڕۆژەکە کرد تا ساڵی 1991 کە بەهۆی جەنگی کەنداوی دووهەمەوە پڕۆژەکە ڕاگیرا هەرچەندە 34%ی لێ جێبەجێکرا.
$بۆشایی کەمئاوی پڕدەکاتەوە$
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ماڵپەری ڕەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2005 بڵاوکردووەتەوە بێخمە لەباری دروستکرنیدا توانای گلدانەوەی 14 بۆ 17 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوی دەبوو بەقوڵایی 179 مەتر کە جگە لەگلدانەوەی ئاو پاڵپشتی ئاودانی زیاتر لە 560 هێکتار زەوی کشوکاڵی و بەرهەمهێنانی 1500 مێگاوات کارەبا بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لەئێستادا توانای گلدانەوەی ئه و بڕە ئاوەیان نییە کە هەرێم پێویستێتی.
ئەکرەم محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوو کۆگانی ئاو لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە”نیقاش”ی وت “بەهەر سێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک توانای گلدانەوەی حەوت بۆ هەشت ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە 10 ملیار مەتر سێجا ئاوە”.
وتیشی “ئێمە پلانێکی ستراتیژیمان هەیە بۆ دروستکردنی 250 بەنداوی گەوره و مامناوەندو بچووک، بەڵام لەئیستادا 14 بەنداو تەواو بووە، ئەگەر بەمجۆرە هەنگاو بنێین لەساڵانی ئایندە ڕوبەرووی گرفتی کەم ئاوی دەبینەوە”.
$گرێی دوای ڕاپەڕین$
پەککەوتنی پڕۆژەی بەربەستی ئاوی بێخمە لەدوای ساڵی 1991 گرێی کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد کاتێک حکومەتی عێراق دەستی لەئیدارەدانی شارەکانی هەرێمی کوردستان کشاندەوه و پڕۆژەکەش بە ڕاگیراوی مایەوە.
راگرتن تەنیا کێشەی پڕۆژەکە نەبوو، بەڵکو فەوتانی ئه و ئامێرانەش کە لەشوێنی کارکردنیدا هەبوون بووە کێشە، چونکە بەپێی قسەی خەڵکی ناوچەکە ئەوکات هەموو ئامێرەکان و تەنانەت شیش و کەرەستەی بەنداوەکەش بەرێی قاچاغ و بەئاگاداری حیزبە فەرمانڕەواکانی کوردستان بەئێران فرۆشران.
لەخولی دووەمی پەرلەمانی کوردستاندا (2005 بۆ 2009) لەرێگەی لیژنەیەکەوە کار لەسەر چارەنوسی بەنداوی بێخمە کرا، بەڵام نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دیار بوو نەتوانیشی تەکانێک بە پڕۆژەکە بداتەوە.
جەمیل محەمەد کە له و خولەدا بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمان بوو بە”نیقاش”ی وت “کارمان لەسەر ئه و بابەتە کرد، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک”. بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر ئه و بابەتە بدات.
پەیامنێری “نیقاش” بەدواداچونی بۆ دەرەنجامی ئه و ڕاپۆرتە کرد لەرێگەی ئەندامانی ئەم خولەی لیژنەی کشوکاڵی پەرلەمانەوە، بەڵام وەڵامەکەوە ئەوەبوو کە ڕاپۆرتی لەوجۆرە لەلیژنەکەیان بوونی نەماوە.
لەدوای خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستانەوە باسکردنی هۆکاری دروستنەکردنی بەنداوی بێخمە شەرمنانەبووە کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کێشەکە ئەوەندە سادە نییە وەک هەر پڕۆژەیەکی تر.
عەبدولڕەحمان عەلی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان بە”نیقاش”ی وت “لەلیژنەکەماندا تەنیا یەکجار گفتوگۆ لەسەر بەنداوی بێخمەکراوه و خۆشم بەدواداچوونم کردو ئەویش لە وەڵامدا وتراوە کە بابەتەکە سیاسیە بۆیە تاوەکو ئێستا ئاوها ماوەتەوە”.
$گرێکە لەکوێیدایە؟$
دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2005دا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوی بێخمە بەربەستی نوێی هاتە بەردەم کە ئەمجارە پەیوەندی بەبێ پارەییەوە نەبوو به و پێیەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئه و کاتەی عێراق ئامادەیی دەربڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەبوجەی عێراق خەرج بکات.
بەڵام ئەمجارەش بەهۆی ناکۆکی نێوان بەغداو هەولێرەوە لەسەر هەندێک وردەکاریی پڕۆژەکە نەتوانرا بەنداوی بێخمە به و وێستگەیە بگەێنێت کە پێویست بوو پێش چەندین ساڵ پێی بگات بۆ پاشەکەوتکردنی ئاو.
مەحمود ڕەزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە”نیقاش”ی وت “بەدواداچونمان ئه و بڕە پارەیە کرد کە لەسەردەمی حکومەتی مالیکیدا تەرخانکرا بوو بۆ بێخمه و دەرکەوت کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ هەرێم کردووه و چەند جارێک پلانی دروستکردنی گۆڕاوە، بەڵام هەرێم هەر ڕازی نەبووە دروست بکرێت”.
ناکۆکی نێوان هەرێم و ناوەند سەبارەت بە پڕۆژەکە بە ڕوکەش پەیوەندی بە قەبارەی بەنداوەکه و بەرزی ئاوە گلدراوەکەیەوە هەبووە.
زافر عەبدوڵا ڕاوێژکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراقی بە”نیقاش”ی وت “ئه و کاتە کێشەی دروستنەکردنی بەنداوی بێخمە لەلای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بوو، چونکە ئەوان ناڕازی بوون و شرۆڤەی سیاسیان بۆ کرد، چەند پێشنیارێکی جێگرەوەشیان کرد کە لەرووی هونەرییەوە سودمەند نەبوو لەوانە دابەزاندنی ئاستی بەرزی ئاوی بەنداوەکه و قەبارەی ئەمبارەکەی”.
وتیشی”روباری زێی گەورە تاکە ڕوباری سنوری عێراقە کە بەنداوی گەورەی لەسەر نییە بۆیە بەنداوی بێخمە لەباری دروستکردنیدا سودمەند دەبوو بۆ کاتی پێویستی و ئیدارەدانی ئاو لەعێراق”.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوو کۆگانی ئاو لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت “سەرکردایەتی سیاسی کورد ڕازی نەبوون بەدروستکردنی بەنداوی بێخمە هەرچەندە بەغدا سێ جێگرەوەی پێشکەش کرد”.
لەماوەی دوو هەفتەدا پەیامنێری “نیقاش” لەرێگەی تەلەفۆن و کورتەنامەی مۆبایلەوە پەیوەندی بەسەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد تا لە بارەی ئه و کێشەیەوە پرسیاری لێبکات، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی “نیقاش” سەرنەگرتنی پرۆسەی دروستکردنی بەنداوی بێخمە لەساڵی 2005دا پەیوەندی بەنقومبوونی ژمارەیەک گوندی ئه و سنورەوە هەبووە کە بەشێکیان ناوچەی بارزانە، ئه و شوێنەی پێگەی سەرەکی سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە هاوکات بەشێکی کاریگەریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیشن.
کاروان کەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان کە بەنداوی بێخمە دەکەوێتە سنوری ئیداری ناحیەکەی ئه و بە”نیقاش”ی وت” بەدروستکردنی بەنداوی بێخمە 54 گوند دەکەونە ژێر ئاوەوە”.
ئەوکات لەسنوری جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوی بێخمە هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە بۆ ڕێگری لەدروستکردنی دەستپێکرا کە بووە پاساوێک بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی.
حەسۆ محەمەد ئەمین (52 ساڵ) دانیشتوی گوندی (دۆڵە تێچوو)ە کە یەکێکە بووە له و گوندانەی وەک باس دەکرێت لەباری دروستکردنی بەنداوی بێخمەدا ژێر ئاو دەکەوێت بە”نیقاش”ی وت “بەنداوی بێخمە کێشەی گەورەی بۆ ئێمە دروست دەکردو ئاوارە دەبووین و زەوییەکانمان ژێر ئاو دەکەوتن، بۆیە ئیمزامان کۆکردەوە کە ئه و بەنداوە بوەستێنرێت یان بەم شێوەیە گەورەیە نەبێت و بچوک بکرێتەوە”.
گرێی دروستنەکردنی بەنداوی بێخمە تا ورد بێتەوە ئاڵۆزتر دەبێت و هۆکاری سیاسی پاڵنەرێکی تر بووە بۆ لەباربردنی پڕۆژەکە.
عەباس غەزالی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە خەڵکی ئه و سنورەیە کە بڕیار بوو بەنداوی بێخمەی لێ دروست بکرێت بە”نیقاش”ی وت “ئه و بەنداوە لەسەرەتادا هیچ کێشەیەکی نەبوو کە دروستبکرێت، بەڵام دواتر بەسیاسی کرا بۆ ئەوەی ناوچەی بارزان بەتەواوی بخەنە ژێر ئاو، هەروەها گوندی بارزانیش دەبوایە چۆلبکرێت”.
غەزالی وتیشی “لە ساڵی 2005 کە پارەی بۆ تەرخانکرا مەسعود بارزانی کێشەی نەبوو بەپێی ئه و پلانەی ڕاوێژکاری بیانی بۆ بەنداوەکەیان دانابوو، بەڵام کە زانرا بۆ مەرامی سیاسیە بۆیە بارزانی و خەڵکی ناوچەکەش ڕێگریان کردو خەڵکی ناوچەکە واژۆیان کۆکردەوە دژ بەدروستکردنی”.
قورسی کردنەوەی قوفڵی کێشەی بەنداوی بێخمە لەئێستادا کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر کارێکی وایکردووە حکومەتی عێراقیش ئومێدێکی زۆری پێ نەمێنێت و پشتی تێبکات هەرچەندە کەمئاوی تەنگی پێ هەڵچنیوە.
راوێژکارەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو حکومەتی عێراقی دەڵێت “ئێستا هیچ ئومێدێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بۆ زیندوو کردنەوەی پرۆِژەی بەنداوی بێخمە، بۆیە پشتمان بە بەنداوی سەرسار بەستووە بۆ گلدانەوەی ئاو”.[1]
#05-07-2018#