ڕامانێکی کورت بۆ کتێبی “لێکۆڵینەوەیەک لە سۆسیۆلۆژیای ئیسلام”ی عەلی وەردی
ئارام سدیق
لەم ماوەیەی ڕابردوودا (2017)یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی کۆمەڵناسی عێراقی عەلی وەردی کرایە کوردی کە ئەویش کتێبی “لێکۆڵینەوەیەک لە سۆسیۆلۆژیای ئیسلام” بوو، کە #دانا مەلا حەسەن# کردوویەتی بە کوردی “د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد” پێیداچۆتەوە و ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە دوتوێی 234 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەی د. عەلی وەردییە، کە ساڵی 1948 لە زانکۆی تەکساس لە ئەمەریکا بە دەستیهێناوە.
ئەم کتێبە جگە لەوەی لە شەش بەشی سەرەکی پێکهاتووە، هاوکات دوو نووسەری وەردیناس پێشەکیان بۆ ئەم کتێبە نووسیوە. یەکەمیان لە ماجید شبرە، کە تیشکێکی گشتی دەخاتە سەر چۆنێتی چاپکردنی بەرهەمەکانی وەردی و هاوکات ئەو بەرهەمانەی کە چاپ بوون و هەروەها ئەو توێژینەوانەشی کە وەردی کردوونی و ئەگەری ئەوەی هەیە فەوتابن. هەرچی پێشەکی دووەمە د. حسەین ئەلهەنداوی لەژێرناونیشانی “عەلی وەردی و میتۆدەکەی”دا نووسیویەتی. ئەم پێشەکییە کە زیاتر لە سی لاپەڕەی کتێبەکەی گرتووە. ئەلهەنداوی، کە نووسەرێکی دیاری عێراقییە لە بواری فەلسەفەدا، بە وردی تیشیکی خستۆتە سەر میتۆدی کارکردن و بیرکردنەوەی وەردی و ئاراستە فیکرییەکانی ئەم نووسەرە. لە جێگەیەکدا لەبارەی وەردییەوە دەنوسێت: “لەنێو تەواوی بیریارە هاوچەرخەکانی عێراقدا لە بواری کۆمەڵناسیدا تا ئێستا کەس ئەو سەرکەوتنەی ئەوی بەدەست نەهێناوە. تەنانەت لە ڕووی جەماوەریشەوە…” لە جێگەیەکی دیکەدا لەبارەی بیرکردنەوەی وەردییەوە، ئەلهەنداوی ئەوە دەخاتەڕوو کە “هەڵەیە پێمانوابێت وەردی یەک ئاڕاستەی هزری یان فەلسەفی گرتووە…” دواتریش دەنوسێت: “بەڕای ئێمە وەردی هەرگیز یەک ڕێبازی فەلسەفی دیاریکراوی نەگرتۆتە بەر هەروەک چۆن لەنێو ڕێبازەکانیشدا ئەمبەروبەری نەکردووە، بەڵکو بیریارێکی ڕەخنەگر و ئازاد بووە.”
هەر لەو پێشەکییەدا ئەلهەنداوی تیشکی خستۆتە سەر چەندین خاڵی گرنگ لەسەر بیرکردنەوەی هزری وەردی و بە وردی هێڵە فیکرییەکانی دیاری کردووە.
بەدەر لەوەی تا هەنووکە ئاماژەمان بۆ کرد کتێبەکە بێجگە لە شەش بەشەکەی پێشەکییەکی دیکەی وەردی هەیە کە لەوێدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە مەبەست لە توێژینەوەکە لێکۆڵینەوەیە لە مێژووی کۆمەڵایەتی ئیسلام لە ژێر ڕۆشنایی ئەو چەمکەی لە کۆمەڵناسی پێی دەوترێت (گرفتی کڵێسا). دواتر وەردی باس لەوە دەکات کە “چەند کۆمەڵناسێک لە شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکانی گرفتی تایبەت بە ئاینی مەسیحییان کۆڵیوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیاری ئێمە تا ئێستا هیچ کەس لەم شوێنەوارانەی و پەیوەندیان بە ئیسلامەوەی نەکۆڵیوەتەوە. پێمانوایە ئەم گرفتە ڕۆڵێکی گەورەی لەمێژووی ئیسلامدا گێڕاوە وەک لە مێژووی مەسیحیەت. لە ڕاستیدا ئیسلام وەکو شترومان باسی لێوە دەکات دیاردەیەکی سیاسی-ئایینییە”.
لە بەشی یەکەمدا وەردی تیشک دەخاتە سەر ناکۆکییەکانی نێوان سوننە و شیعە. بە وردی ڕیشەی ئەو ناکۆکیانە بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو و هەردوولایان وەکو یەک دەبینێت و ئەمەش ئەوکاتە بەتەواوی زەق دەبێتەوە کە قسەیەکی ئیبن خەلدوون دەهێنێتەوە کە دەڵێت: “ئایین بەبێ دەمارگیریی مەحاڵە”. لە بەشی دواتردا وردتر بە ڕیشەی کێشەکانی نێوان سوننە و شیعەدا ڕۆدەچێت و بەشەکەی تەرخان کردووە بۆ پرسی خیلافەت. لەجێگەیەکدا وەردی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە “زۆربەی ئەو مێژوونووسانەی لە پرسی سەرهەڵدانی مەزهەبەکانی ئیلامیان کۆڵیوەتەوە، کۆکن لەسەر ئەوەی خاڵی سەرەکی ناکۆکی سوننە-شیعە بریتییە لە بابەتی خیلافەت دوای پێغەمبەر محەمەد.”
بەشی دواتری کتێبەکەی وەردی تەرخان کراوە بۆ سورشتی ئیسلام. لەم بەشەدا بە جەختکردنەوەوە باس لەوە دەکات کە ئیسلام پرۆژەیەکی سیاسی-ئاینییە. هەر لەم بەشەدا ئاماژە بە چەندین گرفتی نێوخۆیی دەکات کە ڕووبەڕووی پیادەکردنی ئیسلام بۆتەوە لەسەرەتاکانی گەشەسەندیەوە. هەرچی بەشی چوارەمیشە وەردی تەرخانی کردووە بۆ ململانێی ناو ئیسلام و ڕێساکانی. لەم بەشەدا ئاماژەیەکی ورد بە ئەو ململانێیانە دەکات، کە لەنێو ئیسلامدا ڕوویانداوە و بەشی هەرە زۆریشیان هەر لەنێوخۆی عێراقدا بووە. تا دەگاتە ئەوەی وەردی ئاماژە بە قسەی توێژەرێکی وەکو “ئەحمەد ئەمین” بکات، کە دەڵێت: شۆڕش و جەنگە نێوخۆییەکانی ئیسلام لە عێراق ڕوویانداوە. هاوکات وەردی ئەو قسەیەی حەجاجیش دەهێنێتەوە کە بە خەڵکی عێراق دەڵێت: “ئەی خەڵکی عێراق، ئەی خەڵکی دووبەرەکی و پەرتبوون”. باسکردن لەم ململانێیانە لەم بەشەدا درێژ دەبێتەوە و توێژەر زۆر زانیاری ورد لەسەر ئەو ململانێیانە دەخاتەڕوو.
هەرچی بەشی پێنجەمە وەردی تەرخانی کردووە بۆ ئەو ململانێیەی لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراودا هەیە. لەم بەشەدا بەوردی و چڕی لەڕێی سوودوەرگرتن لە چەندین فەیلەسوفەوە ئەو ململانێیەی نێوان ستەمکار و ستەملێکراوی شیکردۆتەوە و هاوکات بەستوویەتییەوە بە بوونی ئەمە لەنێو ئاینی ئیسلامدا کە زۆرجار خەڵک پیاوانی ئایینی هێندە هەڵدەنێت تا دەیگەیەننە مەقامی خالق.
بەشی شەشەم و کۆتایی ئەم کتێبە تەرخان کراوە بۆ باسکردن لە عەلی و گرفتی ئیسلام. وەردی لەم بەشەدا بە وردی لە کێشەقووڵەکانی شیعە و سوونە دەکۆڵێتەوە و پەیوەست بە عەلییەوە. لە جێگەیەکدا لە باسکردنی شیعەگەری و سۆفیگەریدا شتێکی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو و دەنوسێت: “شیعەگەری پەرچەکردارێکی بە کۆمەڵە، لە کاتێکدا سۆفیگەری پەرچەکردارێکی تاکەکەسییە.”
لە بەشی کۆتایی کتێبەکەشدا وەردی تەنها یەک هیوا دەخوازێت ئەویش ئەوەیە کە هەقیقەتی ڕەها لای هیچ کام لەم دوو هێزە (مەبەست لە شیعە و سوننەیە) نییە. بەڵکو دەشێت هەقیقەت لە جێگەیەکی دیکە بێت. ئەم کتێبە زۆر لەوە دەوڵەمەندترە لە نووسینێکی لەم چەشنەدا هەموو لایەنەکانی بخەینەڕوو، ئەمە تەنها ناساندێکی کورتە، دەنا دەکرێت لەسەر هەر بەشێکی ئەم کتێبە بۆچوونی وردتر و زیاتر بخرێتەڕوو. بەڵام ئەوەی گرنگی ئەم کتێبەی لای من زیاتر کردووە ئەوەیە کە دوای نزیکەی 70 ساڵ لە نووسینی تا هەنووکە بۆچوونەکانی نێو هەر نوێن و هەموو ئەو بابەتانەی ئاوڕیان لێدراوەتەوە بۆ ئێستاش هەمان کاریگەرییان هەیە.
ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێبکەین تەنها دەستخۆشییە بۆ “دانا مەلا حەسەن” کە بە وەرگێڕانێکی جوان یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی وەردی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.