ئارام سدیق
د. عەلی وەردی تەنها کۆمەڵناسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەو لەپاڵ ئەمەدا مرۆڤناسێکی گەورە و هاوکات مێژوونووسێکی بیرکەرەوەشە، کە خودی ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی بایەخی کتێب و توێژینەوەکانی زیاتر بکات. ئەگەر ئەم نووسەرە لە کتێب و توێژینەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیدا چەند باسێکی تایبەتمەندی بە کۆمەڵگەی عێراق خستبێتەڕوو ئەوا لە کتێبی وانەکانی ژیانم، کە بیرەوەرییەکانی لە خۆگرتووە، دەبێتە مرۆڤناسێک و ڕەفتارەکانی مرۆڤی عێراقی شیتەڵ دەکات و دەیانخاتە بەر خوێندنەوە و شرۆڤەکردنەوە.
د. عەلی وەردی کۆمەڵناس و مێژوونووسی ناوداری عێراقی لە 1913 لە شاری بەغداد لە گەڕەکی کازمییە هاتۆتە دنیاوە و لە 1995 کۆچی دوایی کردووە. لە قۆناغی ئامادەییدا لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بووە هەر بۆیە لەسەر حسابی دەوڵەت نێردراوە بۆ زانکۆی ئەمەریکی لە بەیروت و لە ساڵی 1943 بەکالۆریۆسی لە سۆسۆلۆژیا لە هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1948 ماستەری لە سۆسۆلۆجیادا بەناوی لێکۆڵینەوەیەک لە سۆسۆلۆژیای ئیسلام لە زانکۆی تەکساسی ئەمەریکی بەدەستهێناوە. دوو ساڵ دواتر لە هەمان زانکۆ دوکتۆرانامەشی لە هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە بەناونیشانی تیۆری مەعرفە لای ئیبن خەلدوون. ئەم کۆمەڵناسە خاوەنی چەندین توێژینەوەی گرنگە لەسەر سروشتی تاکی عێراق و کۆمەڵگەی عێراقی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و دەروونییەکان لەسەر تاک بە گشتی و تاکی عێراقی بەتایبەتی.
لەم چەند ڕۆژە ڕابردوودا کتێبێکی ئەم کۆمەڵناسەم خوێندەوە بەناوی وانەکانی ژیانم، کە بیروەرییەکانی لە خۆگرتوووە و د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کردوویەتی بە کوردی و دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان لە دوتوێی 164 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
ئەم کتێبە وەک د. عەلی وەردی خۆیشی باسی لەسەرەتادا باسی دەکات ئەم کتێبە بیروەری نین بەو شێوەیەی لە بیرەوەری کەسانی دیکەدا هەیە، من بەوەندە واز ناهێنم ئەو ڕووداوانە تۆمار بکەم کە بەسەرمدا هاتوون، بەڵکو هەوڵ دەدەم لە ژێر تیشکی ئەو تیۆرە زانستییانەی لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆمدا خوێندومن، شیکردنەوەیان بۆ بکەم و بەدوای هۆکارەکانیاندا بگەڕێم، جا لە بەدبەختیم بێت یان خۆشبەختیم پسپۆڕیەم لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسیی کۆمەڵایەتی بەدەستهێنا، بۆیە بەردەوام بەسەر ئەو ڕووداوانەدا دەچمەوە کە بەسەرم هاتوون.
هەروەک وەردی خۆیشی باسی دەکات کە ئەم لاپەڕە ڕەشکراوانە لەم کتێبەدا تەنها بیروەری نین، بۆیە خوێنەر زۆرجار بەر ڕاڤەی کۆمەڵناسیانە و مرۆڤناسیانە دەکەوێت لەکاتی گێڕانەوەی هەر ڕووداوێکدا. یەکێک لە سەیرترین ڕووداوەکان کە وەردی باسی دەکات هاتنی یەکەمجاری فڕۆکەیە. وەردی باس لەوە دەکات کە سەرەتا کە دەنگۆی ئەوە هەبووە کە شتێکی لە ئاسن دروستکراو بە ئاسماندا دەفڕێت هەموان ڕەتیان دەکردەوە و لایانوابوو کە ئەمە خورافەیە. بەتایبەت نموونەی باپیری دەهێنێتەوە کە زۆر بە جیدی ڕەتیکردۆتەوە و نموونەی ئەوەی هێناوەتەوە چۆن ئاسن کە لە هەوا سووکترە دەتوانێت بفڕێت. بەڵام پاشان کە بە واقیعی فڕۆکە دەبینن، ناچارن وەکو شتێکی خورافی و دەسەڵاتی خورافە ڕاڤەی بکەن.
وەردی لەم بیروەرییانەدا نموونەگەلی زۆر دەهێنێتەوە و زۆر بە وردی و زۆرجاریش بە زمانێکی سادە دەکەوێتە ڕاڤەکردنیان. بەڵام کۆی ئەم کتێبە ئەوەمان پێدەڵێت کە کۆمەڵگەی عێراقی کۆمەڵگەیەکی سەرەتاییە. دوور بووە لە هەر پێشکەوتن و زانست و زانیارییەک و تاڕادەیەکی زۆریش کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی بووە و دوور بووە لە شارستانییەت. ئەو شارستانیەتانەشی کە بە حسان لەم ناوەچەیەدا بوون. شارستانییەتی ڕاگوزەربوون. بەو مانایەی بەهۆی ململانێی ئایینی و سیاسییەوە نەیانتوانیوە ڕەگدابکوتن و ببنە بناغەیەک بۆ دروستبوونی شارستانییەتێکی نوێتر و گەورەتر و گەشەسەندووتر. بەڵکو ئەگەر بەناو چەند شارستانییەتێکیش لەم ناوچەیەدا هەبووبێت هەر لەگەڵ لاوازبوونیدا دەسەڵاتێک لە دواتردا هاتووە و بەیەکجاری سڕیویەتییەوە.
ئەم کتێبە بەتەنها وانەکانی ژیانی عەلی وەردی نووسەر و کۆمەڵناس نییە، بەڵکو کۆمەڵێک وانەی نوێشە بۆ ئەوەی ئێمە باشتر لە عێراق تێبگەین و بە هەستیاری زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دەڵەمەیە بکەین کە دوای سەدەیەک هێشتا هەر بە دەڵەمەیی ماوەتەوە و ئەگەر بوون بە دەوڵەتێکی دیموکراتی دادپەروەی لێ چاوەڕوان ناکرێت.