پیاوێک مەحکوم بە مەرگ
ئارام سدیق
یەکێک لە کێشەکانی شیعری کوردی و مانەوەیەی لە دۆخێکی وەستاودا و نەخوێندنەوە و سەرنجنەدانی ئەزموونی شیعری بیانییە و بەتایبەتیش شیعری ئەوروپی و ئەدەبی زیندووی ئەوروپی و ئەمەریکی. بەشی هەرە زۆری شاعیرانی کورد تەنها کاریگەرن بە شیعری عەرەبی و فارسی و زۆرجاریش ئەزموونە گرنگ و کاریگەرەکانی ئەم دوو نەتەوە گرنگەیان نەخوێندۆتەوە و ڕۆنەچوون بەنێو پەنهانەکانی ئەدەبی ئەم دوو نەتەوەدا. بەڵکو لە زۆر جێگەدا تەنها بەر ڕووکەش کەوتوون. بەرنەکەوتنی شاعیرانی کورد و نەخوێندنەوەی ئەزموونی شیعریی شاعیرانی داهێنەری جیهانی دۆخی شیعریی کوردی لە چەقبەستن و دۆگمادا هێشتۆتەوە. بۆیە لە دوای ڕاپەڕینەوە هەنگاوی گەورەی شیعریی نەنراوە ئەوەی هەیە دەقگەلێک بەرهەم هاتوون، کە دەقە هەرە باشترینەکانیشیان بخوێنینەوە ڕەنگە سەرساممان نەکان، یان ناتوانین چەند جارێک بگەڕێینەوە سەریان. بەڵکو بە جارێک و دووجار خوێندنەوە تێرمان دەکەن و ئیتر بۆ هەمیشەیی بیرمان دەچنەوە.
ڕەنگە باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی شیعریی کوردی لە چەقبەستووی ڕزگار بێت وەرگێڕانی ئەزموونی شیعریی زیندووی ئەوروپی و ئەمەریکی بێت. لەم ئەزموونانەوە دەتوانین هەنگاوی گەورە بنرێت و بە زۆر شت ڕازی نەبین و وشەی ڕیزکراومان لێ نەکرێتە شیعر و دەردەدڵ و هەڵڕشتنی سۆز بەناوی قەسیدەوە بە خوێنەر نەفرۆشرێت.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا کتێبی پیاوێک مەحکوم بە مەرگ، کە هەڵبژاردەیەکە لە شیعری بیانی و شەهید کەوڵۆسی لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی و خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا لە دوتوێی144 لاپەڕدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ناساندنی چەند شاعیر و چەندین دەقی گرنگی جیهانی هەر لە دەقی پیاوێک مەحکوم بە مەرگی ژان ژونێ و دوکانی توتنی فێرنادۆ پێسواوە تا دەگاتە شیعرەکانی لویس ئاراگۆن و تۆماس هاردی و پۆڵ ئیلوار و ڤیکتۆر هۆگۆ و پاتریسا گۆنۆ، ئەمە بێجگە لەوەی شیعری فراسیس پۆنژ و چارلز بۆکۆفسکی و چەند شاعیرێکی دیکەی لە خۆگرتووە. کۆی ئەم دەقانەی لەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە هەڵبژاردەیەکن لە شیعری ئەم شاعیرانە و ڕەنگە زیادەڕەوی نەبیت کە بڵێم دەقە گرنگەکانی ئەم شاعیرانە لەم کتێبەدا کۆکراوەتەوە. کتێبەکە بۆ خوێنەری کورد دەشێت هەوڵێک بێت بە ئاڕاستەی نوێکردنەوەی دونیابینی شیعریی و نوێبوونەوە و بەرکەوتنیش بێت بە جۆرێکی دیکەی شیعر، کە دوور بێت لە وشەڕیزکردن و لاوانەوە و دەردەڵنووسین. بەڵکو شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە جۆرێکە لە ڕیسک و یاخیبوون و ڕامان بەدیار ڕووداو و دیاردەکانەوە. ئەم دەقانە دەشێ هەوڵێک بن بۆ ئەوەی لێرەوە شاعیرانی کورد پەنجەیەکی دیکەی شیعریی و ئەزموونی جیاوازی شیعرییان بەڕوودا بکرێتەوە. هاوکات ئەمەش دەکرێت دەروازەیەکیش بێت بۆ ئاشتبوونەوەی خوێنەرانی کورد لەگەڵ شیعردا، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە سەدان کتێبی بەناو شیعریان بەناوی شیعرەوە دەرخوارد دراوە، کە جگە لە وشەی ڕیزکراو هیچی دیکە نەبوون. بۆیە دەکرێت ئەم کتێبە دەستکاری چەشەی شیعریی خوینەرانی شیعریش بکات و ببێتە خاڵێک کە دونیای دیکە بەڕووی خوێنەری شیعردا بکاتەوە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا من و چەند هاوڕێیەک کە بڵاوکراوەی شیعرمان سەرپێ خست یەکێک لەو خاڵانەی بیرمان لێکردەوە ئەوە بوو، کە ئەزموونی شیعری بیانی، بەتایبەتیش ئەزموونە گرنگەکانیان بکرێنە کوردی و ڕووبەڕووی خوینەری کوردی بکرێتەوە و پێیان بوترێت ئەمەیە شیعریی ڕاستەقینە. بۆ ئەوەی چیتر وشەی ڕیزکراویان لێ نەکرێتە شیعر و دەردەدڵ و لاوانەوەیان بەناوی شیعرەوە پێ نەفرۆشرێت. ئەم کتێبەش دەشێت بەشدارییەکی دیکە بێت بۆ دەستکاریکردنی چەشەی خوێنەر بۆ شیعر و ئاشناکردنەوەی خوێنەرانی شیعر بێت، کە بە خۆشبەختییەوە چەند دەقێکی نێو ئەم کتێبە پێشتر لە دەقە بڵاوکروەکانی نێو بڵاوکراوەی شیعر بوون.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم دەستخۆشیە بۆ وەرگێڕی ئەم کتێبە شەهید کەوڵۆسی، کە بە وەرگێڕانێکی جوان و بە پشوودرێژییەوە ئەم دەقانەی کردۆتە کوردی. هەر لێرەوە هیوای بەردەوامی و کاری نوێی بۆ دەخوازم.