فۆکۆ؛ فەیلەسوف و ڕۆژنامەنووس
لەبارەی کتێبی ئێرانییەکان چۆن بیر دەکەنەوە
ئارام سدیق
یەکێک لەو کارانەی تا هەنووکەش تاڕادەیەک بە چاوێکی کەم سەیر دەکرێت پیشەی ڕۆژنامەنووسییە. زۆرجار هەندێک برادەر پێیان ناخۆشە وەکو ڕۆژنامەنووس ناویان ببرێت، بەڵکو لەپەنا ناوی خۆیاندا دەنووسن نووسەر وەک ئەوەی ڕۆژنامەنووسی پیشەیەکی کەم و ئەرکێکی ئاسان بێت لەسەر کەسی ڕۆژنامەنووس. لە ماوەی ئەو دە پازدە ساڵەی کاری ڕۆژنامەنووسیم کردووە هەمیشە بە شانازییەوە کارم کردووە و لاموابووە، کەسی ڕۆژنامەنووس جودایە لە کەسی نووسەر. ڕۆژنامەنووس چاوێکی تیژتری هەیە لەسەر ڕووداوەکان و ئاگادارترە لە زۆر بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەنووکەیی کە پێناچێت نووسەران ئەو ئاگادارییە وردەیان لەبارەیەوە هەبێت.
لەم پێشەکییە کورتەوە ویستم بچمە سەر کرۆکی ئەم نووسینە، کە قسەکردنە لەسەر کتێبی ئێرانییەکان چۆن بیر دەکەنەوەی میشیل فۆکۆی فەیلەسوفی فەرەنسی. ئەم کتێبە، کتێبێکی قەبارە بچووکە و هەژار مەجید کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاویکردۆتەوە. ئەوەی ئەم کتێبە بە پیشەکی ئەم نووسینەوە دەبەستێتەوە کارکردنی میشیل فۆکۆیە وەکو ڕۆژنامەنووسێک. فۆکۆ کە خاوەنی چەندین کتێبی گرنگی لە چەشنی مێژووی سێکسواڵێتە، کۆنترۆڵ و سزا، وشەکان و شتەکان، مێژووی شێتی و ڕیزبەندی گوتارە. بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا شەرم لەوە ناکات، کە کتێبێکی ڕۆژنامەنووسی لەسەر ڕووداوی شۆڕشەکانی ئێران بنووسێت، کە لە بنەڕەتدا زنجیرە وتارێکی ڕۆژنامەوانیانەیە.
فۆکۆ لەم کتێبەدا وەکو فەیلەسوفێک دەرناکەوێت، بەڵکو ئەو ڕۆژنامەنووسێکە و چاوێکی دیکەی هەیە بۆ بینینی ڕووداوەکان و خوێندنەوەیان. واتە فۆکۆ لەم کتێبەکە ئەو فۆکۆیە نییە، کە کتیبی وشەکان و شتەکانی نووسیوە، یان کتێبی کۆنترۆڵ و سزای نووسیوە، بەڵکو ئەو فۆکۆیەی لەم کتێبەدا دەدوێت فۆکۆی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسییە. ئەو لەم کتێبەدا لە ڕێی وتارەکانەوە ڕوانینی ئەو لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران دەخوێنینەوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە فۆکۆ نەیتوانیوە دەستبەرداری زمانە شیعرییەکەی بێت و تاڕادەیەکی زۆر ئەم وتارانە بە زمانێکی شیعریی تژی لە وەسف نووسراون.
کاتێک خوێنەر ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە لەوە تێدەگات کە کاتێک ئێرانییەکان شۆڕشیان لە دژی محەمەد ڕەزا شا بەرپاکرد بە کۆمەڵێک خەونی گەورەوە ئەو شۆڕشەیان ئەنجامدا. بەڵام دواجار ئەو شۆڕشە نەهامەتی زیاتری بۆ ئێرانییەکان هێنا و نەیتوانی خەونەکەی ئەوان لەبار نەبات. ئێستا کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنینەوە تێدەگەین کە ئێرانییەکان بیریان لە ئێرانێکی نوێ دەکردەوە. ئێرانێک جیاوازبێت لە ئێرانی سەردەمی ڕەزا شا و ئێرانێک جێگەی پێکەوە ژیانی زیاتر و مافی ئینسانی زیاتر تێدا پارێزراو بێت، نەک ئێران هەمووان لە ژێر یەک عەمامەدا کۆبکاتەوە و بیەوێت هەموان بە یەکچاو لە دنیا بڕوانن. فۆکۆ لەم کتێبەدا ئاشنامان دەکات بە خەونی ئێرانییەکان بۆ ئێرانێکی باشتر لەوەی پێشووتر، نەک ئەو ئێرانەی ئێستا بۆتە مۆتەکەی نەک ئێرانییەکان، بەڵکو هەموو جیهان.
ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، بۆ ئەوەی لە بەلاڕێدا ڕۆیشتنی شۆڕشی ئێرانی تێبگەین زۆر گرنگە لەم کتیبەوە دەست پێبکەین و دەکرێت ئەم کتێبە دەروازەیەک بێت بۆ تێگەیشتن لە زۆرێک لە شۆڕشەکانی دیکەش کە ئامانجە سەرەکییەکانی شۆڕشەکان بەلاڕێدا براون.