دوای کۆتاییهاتنی کابینەی هەشتی حکومەت و خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیرەکان مووچەی شەش مانگیان پێ دەدرێت و دواتریش بە 80%ی مووچەکانیان خانەنشین دەکرێن، بڕی ئه و پارەیەی کە 111 پەرلەمانتار و 19 وەزیر وەری دەگرن زیاتر لە 6 ملیار دینارە.
مووچەی مانگانەی هەر ئەندام پەرلەمانێک هەشت ملیۆن دینارە و بۆ 6 مانگ هەر پەرلەمانتارێک 48 ملیۆن دینار وەردەگرێت، هەر 111 پەرلەمانتارەکە 5 ملیار و 328 ملیۆن دینار دەکات. وەزیرەکانیش 6 ملیۆن و 800 هەزار دینار مووچەیانە و هەر وەزیرێک مووچەی شەش مانگەکەی دەکاتە 40 ملیۆن و 800 هەزار دینار، مووچەی سەرجەم وەزیرەکانیش بە یەکەوە دەکاتە 775 ملیۆن و 200 هەزار دینار. کۆی ئه و پارەیەی دەدرێت بە پەرلەمانتار و وەزیرەکان دەکات 6 ملیار و 103 ملیۆن و 200 هەزار دینار.
مەڕوان گەڵاڵی، پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ دەڵێت: ئه و کارە یاساییە و هەر کەسێک خانەنشین بکرێت مووچەی شەش مانگی تەواوەتی مووچەکەی بەسەر یەکەوە دەدرێتێ و ئەوە مافێکی پەرلەمانتارە و هیچ هەوڵێکی ڕەتکردنەوەشی نییە.
وتیشی: دەبێت ئه و پارەیە بدرێتە ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان لەبەر ئەوەی لەم خولەدا چوار پەرلەمانتار خانەنشین بوون و پارەکەیان وەرگرتووە.
خانەنشینکردنی ئه و پەرلەمانتار و وەزیرانە به و مووچە بەرزە و وەرگرتنی ئه و شەش مووچەیان بەسەر یەکەوە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم بە بیانووی قەیرانی دارایی زیاتر لە دوو ساڵە بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی پاشەکەوت کردووە و تا ئێستاش فەرمانبەران به و پاشەکەوتەوە مووچە وەردەگرن.
شوان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کاروباری یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بۆ هەموو فەرمانبەرێکی حکومەت وایە حەقێکی خۆیەتی کە مووچەی شەش مانگی بە تەواوی پێ دەدرێت، بەڵام تەنها وەزیر و پەرلەمانتار و پۆستە باڵاکان دوای چوار ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن.
وەرگرتنی ئه و پارەیەی پەرلەمانتاران لە کاتێکدایە کە پەرلەمان دوو ساڵ پەک خرا و لە ماوەی ئەم خولەشدا تەنها 37 یاسای دەرکردووە.
وتیشی: نازانم بۆچی تەنها لەسەر پەرلەمان قسە دەکرێت، پێشتر مووچە کەم کراوەتەوە پەرلەمانتار هەیە ئێستا قەرزدارە، هەیە بەهۆی پێنەبوونی پارە نەهاتووە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆیە هیچ هەوڵی ڕەتکردنەوەی ئه و پارەیە نییە.
لەم خولەی پەرلەماندا یاسایەک هەبوو بۆ ڕێکخستنەوەی مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی، بەڵام لەم خولەدا نەتواندرێت تێپەڕێندرێت و مووچەی پلە باڵا و خانەشینییەکانیان وەک خۆی ماوەتەوە.
هیوا نەسرەدین، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: هەر کەسێک لە وەزیفە بێت ئه و پارەیە وەردەگرێت، شەش مانگ مووچەی تەواوەتی بەسەریەکەوە پێ دەدرێت، ئێمە ئامادەکاریمان نەکردووە بۆ پێدانی ئه و پارەیە بەڵام وەکو ئیستحقاقێک نووسراو دەکەین بۆ پێدانی ئه و پارەیە بە ئەندامانی پەرلەمان.[1]
#10-10-2018#