قایمقامی #دەربەندیخان# دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانەوە دوو وێستگەی دیکەی کارەبای بەنداوەکە دەخەنەکار، بەو جۆرەش بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە 83 مێگاواتەوە بۆ 249 مێگاوات بەرزدەبێتەوە.
ناسیح مەلا حەسەن بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند بەهۆی نزمی ئاستی ئاوەکەیەوە، پێشتر تەنیا یەک وێستگەی کارەبای بەنداوی دەربەندیخان کاریدەکرد، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکەوە وێستگەیەکی دیکەمان خستە کار و ڕۆژی دووشەممەش 10-12-2018 وێستگەی سێیەم دەست بەکارکردن دەکات.
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، هەر وێستگەیەکی بەنداوی دەربەندیخان بڕی 83 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، کۆی کارەبای بەرهەمهێنراوی سێ وێستگەی کارای بەنداوی دەربەندیخان لە 83 مێگاوات بۆ 249 مێگاوات کارەبا بەرزدەبێتەوە.
لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا 180 ملم باران لە سنووری دەربەندیخان باریووە، کۆی گشتی بارانبارینی لە ماوەی ئەمساڵدا گەیاندووەتە 390 ملم. بەگوتەی ناسیح مەلا حەسەن جگە لە ساڵی 2015، لەماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا ئەمساڵ لە قەزاکە زۆرترین باران باریووە.
قایمقامی دەربەندیخان گوتیشی زۆری بارانبارین و دروستبوونی لافاو زیانی گەورەی بە ناوچەکەمان گەیاندووە. بەشێک لە ڕێگەوبانەکانی دەوروبەری دەربەندیخان تێکچوون و هاتووچۆکردن ئەستەمبووە. ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی پاککردنەوە و چاککردنەوەی ئەو ڕێگایانەن.
ناسیح مەلا حەسەن ڕاشیگەیاند، بەهۆی ڕووخانی پردی دەرەدۆین کە دەربەندیخان - #کەلار# پێکەوە دەبەستێتەوە، ڕێگەی هاتووچۆ لەو ڕێگە سەرەکییە وەستاوە و ڕێگەکانی دیکەی هاتووچۆی نێوان ئەو دوو شارە گوشاری زۆریان کەوتووەتەسەر. تیمەکانی ڕێگەوبانی #سلێمانی# و کەلاریش دەستیان بە ڕووخاندن و چاککردنەوەی ئەو پردە کردووە و بودجەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بودجەی زیاتر بۆ دروستکردنەوەی پردەکە پێویستە.[1]
#09-12-2018#