دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سامان قوبادی
بەهۆی قەرەباڵغی شەقامەکان، هەموو بەیانیان دەبێت زیاتر لە نیو کاتژمێر زووتر لە ماڵەوە دەربچم بۆ ئەوەی فریای دەوام بکەوم، ئەمە وتەی عەبدولڕەحمان جەلالە کە فەرمانبەرێکی حکومییە و گەیشتنی بە شوێنی دەوامەکەی خەمی بەردەوامیەتی، ئەوەش بەهۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێلە لە شەقامەکان و ئاستەنگەکانی هاتوچۆ.
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم ئاشکرای دەکات: لە 2018دا زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕێگەوبانەکان توانای لەخۆگرتنی ئه و ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلیان نییە، هاوکات بەرێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت: ناتوانین هێنانی ئۆتۆمبێل سنوردار بکەین، لەکاتێکدا داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت.
سەبارەت بەوەی تاچەند ڕێژەی هێنانی ئۆتۆمبێل زیادیکردوە لەکاتێکدا شەقامەکان توانای لەخۆگرتنیان نەماوە، لیوا ڕزگار عەلی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم بۆ دواڕۆژ وتی: دەبێت ئەمە ڕووبەڕووی بازرگانان بکرێتەوە بۆچی ئه و ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرێت، تەنیا تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکە پەیوەندی بە ئێمەوەیە، لە 2018دا زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە تۆمارکراون، ڕێژەکەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادیکردووە، ئه و ئۆتۆمبێلانەی دەهێنرێنە هەرێم لەلایەن کۆمپانیا کۆری و ژاپۆنی و ئەوروپی و ئەمریکیەکانەوە دروستدەکرێن.
هاوردەکردنی ئه و ژمارە زۆری ئۆتۆمبێل لەکاتێکدایە کە گۆڕانکاری لە شەقام و ڕێگەکاندا نەکراوە، نەک فراوان نەکراون، بەڵکو چاکسازیشیان تێدا نەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم ڕونیدەکاتەوە: شەقامەکانی ناو شارەکان هەر وەک ساڵانی ڕابردوون و توانای لەخۆگرتنی ئه و ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلیان نەماوە، ئەمەش پەیوەندی بە شارەوانییەکانەوە هەیە و خۆشیان ئاگادارن، هەر شەقامێک فراوان بکرێت ڕوخاندن و قەرەبووکردنەوەی دەوێت ڕەنگە لە توانای شارەوانیدا نەبێت، پێویستە بۆ ئه و شەقامە نوێیانەی دروستدەکرێن ڕەچاوی ئەوە بکەن ژمارەی ئۆتۆمبێل بەره و زیادبوون دەڕوات، ڕێگەی یەک ساید لە پلانی شارەوانیدا نەمێنێت.
لیوا ڕزگار باسی لەوەشکرد: بەراورد بە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان ساڵانە #هەولێر# زۆرترین ئۆتۆمبێلی بۆ دەهێنرێت و تۆمار دەکرێت، ناتوانین ڕێژەی هێنانی ئۆتۆمبێل لەلایەن کۆمپانیاکانەوە سنوردار بکەین، هاوکات لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پەرەپێداندا باسمان لەم کێشانە کردووە کە شەقام و ڕێگەوبانەکان ناتوانن ئه و ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل لەخۆبگرن.
بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆی گشتی هەرێم لە ساڵی 2016دا 35 هەزار و 43 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، لە ساڵی 2017ش 83 هەزار و 980 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، لە 2018شدا ئه و ڕێژەیە بۆ 124 هەزار و 944 ئۆتۆمبێل زیادیکردووە، هاوکات لەئێستادا کۆی ژمارەی ئه و ئۆتۆمێلانەی لەناو هەرێمدا هەن 1 ملیۆن و 579 هەزار و 244 ئۆتۆمبێلە.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگ، دەروازەکانی هەرێم بوون بە سەرچاوە بۆ هاتنی ئۆتۆمبێل بۆ هەموو عێراق، بەراورد بە دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە دەروازەکانی ئێمە ڕۆتین و ڕسومات کەمترە لەگەڵ گومرگێکی شیاو.
ساماڵ عبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئه و ئۆتۆمبێلانەی لە دەروازەکانی هەرێمەوە داخڵ دەکرێن لە 70%ی دەنێردرێن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بۆیە ڕەوتێکی باشی بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێم دروست بووە و داهاتێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، کەواتە بۆچی سنورداری بکەین، جگەلەوە زۆربەی ئه و ئۆتۆمبێلانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تۆمار دەکرێن بۆ هاووڵاتیانی ناوەڕاست و خواروون.
ناوبراو وتیشی: بڕی گومرگ بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بەپێی مۆدێل و بستۆن و جۆری ئۆتۆمبێلەکە دیاری دەکرێت کە لە نێوان 2 بۆ 4 ملیۆن دینارە.
بەیانی لەکاتی دەستپێکردنی دەوامی فەرمانگە و زانکۆ و قوتابخانەکان شەقامەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دادەپۆشرێن، لەکاتێدا زۆربەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان یەک یان دوو سەرنیشی تێدایە، ئەمەش بەهۆی خراپی یان کەمی هێڵی گواستنەوەی گشتی، بۆیە زۆربەی فەرمانبەر و خوێندکاران لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ناگەنە دەوام و شوێنی کارکردنیان.
عەبدوڕەحمان جەلال، فەرمانبەرە لە یەکێک لە فەرمانگە حکومییەکان و شوێنەکەی دەکەوێتە سەنتەری شاری #سلێمانی#، بە پاس هاتوچۆدەکات بۆ دواڕۆژ وتی: بەهۆی قەرەباڵغی شەقامەکان لە بەیانیاندا بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێل، ناچارم زیاتر لە نیو کاتژمێر زووتر لە ماڵ دەربچم بۆ ئەوەی فریای دەوام بکەم.
ئه و فەرمانبەرە وتیشی: خۆزگە حکومەتی هەرێم پێداچوونەوەی بە گواستنەوەی گشتیدا دەکرد و سیستمی پاسەکانی دەگۆڕی بۆ ئەوەی خەڵک ئەوەندە ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەکار نەدەهێنا.
رائید کاروان محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی له و بارەیەوە بۆ دواڕۆژ وتی: لە ساڵی 2017دا 26 هەزار و 421 ئۆتۆمبێل لە هاتوچۆی سلێمانی تۆمار کراوە، ڕێژەکە لە 2018دا زیادی کردووە بۆ 43 هەزار و 639 ئۆتۆمبێل.
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: بۆ ئه و ئۆتۆمبێلانەی لە خاڵە سنورییەکانەوە تۆماردەکرێن کار بە نوسراوی #وەزارەتی بازرگانی# و بەرێوەبەرایەتی گومرگ دەکەین، بەم پێیە دەبێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا تۆمار بکرێت.[1]
#23-01-2019#