بەهۆی زیادبوونی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی قارچک، هەرێمی کوردستان لەو بەرهەمەدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و بەشێکیشی لێ هەناردە دەکات، لە دوو مانگی داهاتووشدا بەرهەمی قارچک بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، حەوت پڕۆژەی هاوچەرخی بەرهەمهێنانی قارچک (سێ لە #هەولێر#، سێ لە #سلێمانی# و پرۆژەیەکیش لە #دهۆک#) هەن. کە بەرهەمی ڕۆژانەیان دەگاتە زیاتر لە 16 تۆن، لە دوو مانگی داهاتووشدا بەهۆی زیادکردنی هۆڵی چاندن بۆ 22 تۆن زیاد دەکات، ئەم بڕەش زیاترە لە پێویستیی هەرێمی کوردستان بە قارچک، بۆیە بەشێک لەو بەرهەمە هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێت.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: بەهۆی زیادبوونی ڕۆشنبیریی خەڵک بۆ کڕینی خۆراکی تازە و تەندروست، خواست لەسەر خواردنی قارچک زیاد بووە، ئەم خواستەش هانی وەبەرهێنەرانی داوە بۆ دامەزراندنی پرۆژەی مۆدێرن، ئێستا 7 پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک لەکوردستان هەن، دوو پرۆژەش لە قۆناغی دامەزراندندان.
بە گوتەی حوسێن حەمەکەریم، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی قارچک قۆناغێکی زۆر باشی بڕیوە و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و بڕێک بەرهەمیش هەناردەی شارەکانی عێراق دەکات.
قارچک یان کوارگ، بەهایەکی خۆراکیی بەرزی هەیە، ڕێژەیەکی زۆر پڕۆتینی تێدایە، بۆیە لە هەندێ وڵات وەک جێگرەوەی گۆشتی سوور چاوی لێدەکرێ.
چاندنی قارچک بەشێوەی هاوچەرخ لە کوردستان مێژوویەکی دووری نییە، بەڵام بوونی خواست لەسەری و ئاسانیی بەرهەمهێنان، وایکردووە ژمارەیەک پرۆژەی گەورە دابمەزرێ و لە ڕێگەیانەوە هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستی خۆبژێوی و لە جیاتی هاوردە، هەناردەشی بکات.
پرۆژەی کوارگی سپی کە ماوەی دوو ساڵە لەنزیک گوندی دۆڵەبەکرەی سەر بە شارەدێی قوشتەپە لە شاری هەولێر دامەزراوە، ڕۆژانە نزیکەی شەش تۆن قارچک دەخاتە بازاڕەوە.
زانا نووری، بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت: سەرەتا پڕۆژەکەمان بە چاندنی قارچک لە 19 هۆڵ دەستپێکرد، سەرکەوتنی باشمان بەدەستهێنا، ئەمساڵ گەشەمان بە پرۆژەکەمان دا و 24 هۆڵی دیکەمان زیاد کرد، ئێستا ڕۆژانە 6 تۆن بەرهەممان هەیە، لە ماوەی 45 ڕۆژی داهاتووشدا بۆ 12 تۆن زیادی دەکەین.
بەپێچەوانەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە، زانا نووری دەڵێت ئێستا گرفتی ساغکردنەوەی بەرهەمیان نییە زۆربەی قارچکەکەمان لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشین، بەشێکیشی هەناردە دەکەین بۆ شارەکانی عێراق.
پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک لە سێ بەش پێکدێت. بەشی یەکەم: بەرهەمهێنانی تۆو و سپۆراتی قارچکە. بەشی دووەم: دابینکردنی کۆمپۆستە ناوەندێکی بنەڕەتییە بۆ ڕووان و گەشەکردنی قارچک، بەشی کۆتاییش تایبەتە بە بەرهەمهێنان، بەشی زۆری کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشی یەکەم و دووەم پشت بە بەرهەمی ئێرانی دەبەستن، بەڵام زانا بۆ هەر سێ قۆناغەکە پشت بەخۆی دەبەستێ.
ئەو دەڵێت: بۆ دروستکردنی کۆمپۆست سوودمان لە قەسەڵی گەنم وەرگرتووە، ساڵانە بایی 300 هەزار دۆلار قەسەڵ لە جووتیاران دەکڕینەوە، بۆ دروستکردنی سپۆری قارچکیش تاقیگەیەکمان دامەزراندووە خۆمان تۆوەکە بەرهەمدێنین.
قارچک بۆ ڕووان و پێگەیشتنی لە دوو هەفتەی یەکەمدا پێویستی بە کەشێکی لەبار هەیە. بۆ پێگەیشتنی پێوستی بە 35 ڕۆژە و بۆ ماوەی سێ هەفتەش بەرهەم دەدات. قارچک دەتوانرێ لە هەر چوار وەرزەکەدا بچێنرێ.
پارێزگای سلێمانی، خاوەنی سێ پرۆژەی هاوچەرخی بەرهەهێنانی قارچکە کە بەرهەمی ڕۆژانەیان دەگاتە نزیکەی 6 تۆن. کارگەی قارچکی #پێنجوێن# یەکێکە لە کۆنترین کارگەکانی قارچک لە سلێمانی، ڕۆژانە 2300 تۆن قارچک بەرهەمدێنێ.
یوسف نامیق، بەڕێوەبەری پرۆژەی قارچکی پێنجوێن و نوێنەری گروپی پرۆژەکانی قارچک لە سلێمانی دەڵێت: سەرجەم کارگەکانی سلێمانی لەکاردان، هەریەکەیان بەپێی توانای خۆی ڕۆژانە قارچک دەخاتە بازاڕ و بەرهەمەکەش ساغ دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی تێچوو و دابەزینی نرخ، قازانجی باش ناکەین، چونکە تێچووی هەر هۆڵێکی 25 تۆنی نزیکەی 12 ملیۆن دینارە و تەنیا 5 تۆن بەرهەم دەدات، جۆرە هەرەباشەکەی قارچک کیلۆی بە 2500 دینارە.
پرۆژەکانی قارچک لە سلێمانی سوود لە کۆمپۆستی ئێرانی وەردەگرن. یوسف نامیق دەڵێت تێچووی یەک تۆن کۆمپۆستی خۆماڵی 500 هەزار دینارە، بەڵام کۆمپۆستی ئێرانی بە 250 هەزار دینارە، بۆیە کۆمپۆستی ئێرانی بەکاردێنن.
سەرەڕای دابەزینی نرخی قارچک و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، بەڵام کارگەکان بەردەوامن لە کار و زۆربەشیان پرۆژەکانیان فراوان کردووە.
پرۆژەی شلێر بۆ بەرهەمهێنانی قارچک، شەش ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، سەرەتا تەنیا 7 هۆڵی چاندنی هەبوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو ژمارەی هۆڵەکانی بۆ 21 هۆڵ زیاد کردووە، ئَێستا ڕۆژانە 2.5 تاوەکو 3 تۆن بەرهەمی هەیە.
هیوا تۆفیق، بەڕێوەبەری پرۆژەی شلێر، دەڵێت: قارچک بەهایەکی بەرزی خۆراکی هەیە، هیچی کەمتر نییە لە گۆشتی سوور، بەڵام هێشتا خەڵک وەک پێویست بەهای ئەم خۆراکە هەرزانە نازانێ، بۆیە لەسەر خاوەن کارگەکان پێویستە لە ڕێگەی ڕیکلامەوە سوودەکانی بە خەڵک بناسێنن، ئەوکات هەرگیز گرفتی ساغکرنەوەی بەرهەممان نابێت.
سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ بەڕێژەیەکی بەرچاو، بەڵام هێشتا چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکان بۆ بەشی زۆری پێداویستییەکانیان پشت بە قارچکی هاوردە دەبەستن.
زانا نووری، دەڵێت: ئەگەر حکومەت بۆ گەشەپێدان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەی قارچکی لە قوتوونراو قەدەغە بکات و دڵنیایی ئەوەمان پێبدات کە لە سنوورەکان بە قاچاخ نەهێنرێت، ئامادەین کارگەی لە قوتوونانی قارچک دابمەزرێنین.
هاوردنی قارچکی فرێش قەدەغەکراوە
بۆ پاراستنی بەرهەمی پرۆژەکان، لە قۆناغی یەکەمدا وەزارەتی کشتوکاڵ هەزار دینار ڕەسمی گومرگی خستە سەر هاوردنی هەر کیلۆیەک قارچک، بەڵام ئەمساڵ دوای زیادبوونی بەرهەمی کارگەکان، هاوردەکردنی قارچکی فرێشی قەدەغە کرد.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: بۆ پاراستنی بەرهەمی پرۆژەکان ئەمساڵ لە جیاتی دانانی ڕەسمی گومرگی، هاوردەی قارچکی فرێشمان بە یەکجاری قەدەغە کرد. هەر کاتێکیش توانای پرۆژەکان بگاتە ئەو ئاستەی بەرهەمەکانیان لە قوتوو بنێن و پێویستی ڕێستۆرانتەکان و بازاڕ پڕبکەنەوە، هاوردنی قارچکی لە قوتوونراویش قەدەغە دەکەین.[1]
#06-11-2019#