گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی زۆری لە کەرتی گەشتیاری داوە، بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان و داخستنی ناوچە گەشتیارییەکان، هاتنی گەشتیار لە نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا سفر بوو، بەم هۆیەوە نزیکەی 150 میلۆن دۆلار زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیشتووە.
بەپێی ئاماری دەستەی گشتی گەشتوگوزار، لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2013 کەرتی گەشتیاری بەردەوام لەگەشەدا بوو، 2013 ساڵی زێرینی ئەم کەرتە بوو، لەو ساڵەدا دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام بەهۆی شەڕی #داعش#ەوە گەشەی ئەم کەرتە لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2016 ڕووی لە کزی کرد، بە جۆرێک هاتنی گەشتیاران ساڵی 2014 بە بەراورد بە ساڵی 2013 بە ڕێژەی 48.2% و لە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 73.6% و لە ساڵی 2016 بە ڕێژەی 45.7% کەمیکرد.
بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا جارێکی دیکە ئەم کەرتە ڕووی بووژانەوە کردەوە، بە جۆرێک ساڵی ڕابردوو 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
$کوردستان چاوی لە هاتنی 4 ملیۆن گەشتیار بوو$
نادر ڕووستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەپێی ئەو پلان و بەرنامەی بۆ ساڵی 2020 دامانڕشتبوو پێشبینیمان دەکرد تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگاتە سەرووی 4 ملیۆن، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان، سەرجەم پلان و بەرنامەی ئێمەی ڕاگرت.
رووستی پێیوایە کەرتی گەشتیاری بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاتر لە هەموو کەرتەکانی دیکە زیانی بەرکەوتووە، چونکە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان و داخستنی ناوچە گەشتیارییەکان، هاتنی گەشتیار لە نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ گەیشتە خاڵی سفر.
بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی ڕابردوو لە سێ ڕۆژی نەورۆزدا 243 هەزارگەشتیار و لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیشدا 250 گەشتیار ڕوویان لە شار و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە 80%یان گەشتیاری عەرەب بوون، ئەوانی دیکەش گەشتیاری ئێرانی و بیانی بوون، گەشتیاری ناوخۆش لەم ئامارە هەژمار نەکراوە.
نادر ڕووستی دەڵێت: لە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوودا زۆربەی گەشتیاران لە ڕێگەی گروپی گەشتیاری هاتبوونە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان زیاتر لە چوار شەو و ڕۆژ دەمێننەوە، ئێمە بەتێکرا سێ شەومان بۆ مانەوەی هەر گەشتیارێک داناوە، بۆ خەرجی هەر گەشتیارێکیش تەنیا 300 د ۆلارمان داناوە، کەواتە ساڵی ڕابردوو تەنیا لە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزاندا نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار داهات لە ڕێگەی گەشتیارانەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان و نەبوونی گەشتیار ئەم داهاتە بووەتە سفر.
$هۆتێل و مۆتێلەکان زەرەرمەندی یەکەمن$
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان 1070 شوێنی مانەوەی گەشتیار هەن، کە پێکدێن لە 625 هۆتێل، 360 مۆتێل و 85 گوندی گەشتیاری. جگە لەوە 1853 ڕێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و خواردنی خێرا و سەتان کەپڕی گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان هەن.
لە پارێزگای #هەولێر# 281 هۆتێل، 122 مۆتێل و 42 گوندی گەشتیاری هەن، کە بە سەرجەمیان 14 هەزار و 615 ژووریان هەیە و دەتوانن شەوانە 370 هەزار و92 میوان لەخۆبگرن. هەروەها 340 چێشتخانە و 115 کافتریا هەن.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هۆتێل و مۆتێلەکان زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بارودۆخەن، چونکە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە لە نێوان پارێزگان و وەستانی زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکان هاتنی گەشتیار نزیک بووەتەوە لە سفر، بەم هۆیەشەوە 90%ی هۆتێل و مۆتێلەکانی هەولێر ماوەی چەند مانگێکە داخراون، 75%ی کارمەندانیان ناردووەتەوە ماڵەوە، بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی 1000 کارمەند بێکار بوون.
بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرجەم سەنتەرەکانی مەساج و یانەی شەوانە و بارەکانیش تائێستا بە داخراوی ماونەتەوە.
زیرەک بیا، دەڵێت: لەهەولێر تەنیا هەندێک هۆتێلی 4 ئەستێرە و 5 ئەستێرە کراونەتەوە، ئەوانیش شوێنی مەساج و یانەی شەوانە و باڕەکانیان داخراوە، میوانیشیان زۆر کەمە، بۆیە زۆرجار داهاتەکەیان بەشی خەرجی گازی مۆلیدەکانیشیان ناکات.
بەگوتەی زیرەک بیا، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان حکومەت بەڵێنی زۆر پێدابوون کە لە پارەی باج، ڕەسمی نوێکردنەوەی مۆڵەت، پارەی دڵنیایی کارمەندان، کرێی کارەبا لێخۆشبوون یان داشکاندنیان بۆ بکات، بەڵام تائێستا هیچ جێبەجێنەکراوە، تەنانەت چەند ڕۆژێک دوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ فەرمانگەکانی دڵنیایی تەلەفۆنیان بۆ هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و کافتریاکان کردووە، کە دەبێت پارەی دڵنیایی کارمەندان بدەن، فەرمانگەی کارەباش ئاگادارکردنەوەی بۆ هەندێ هۆتێل و مۆتێل ناردووە، ئەگەر پارەی کارەبا نەدەن کارەبایان لەسەر دەبڕێت.
زیرەک بیا دەڵێت لەلایەن خاوەن هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانتەکان گوشارێکی زۆریان لەسەرە و داوا دەکەن ئەو کافێ و ڕیستورانتانەی لە باخچەکانن یان کراوەن وەک قۆناخی یەکەم بە پابەندبوون بەرێنماییە تەندروستییەکان وەک دوورخستنەوەی مێزەکان لە یەکدی و دانانی سۆندەی سەفەری ڕێگە بە کێشانی نێرگەلە بدرێت.
$کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئۆفیسەکانیان دادەخەن$
لە هەرێمی کوردستان چەندین کۆمپانیای گەشتیاری هەن، پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراقدا هەیە، ساڵانە لە ڕێگەی گرووپی گەشتیاری لە هەموو شارەکانی عێراق گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن.
هەڤاڵ سابت ئاغا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بووکی دەریا بۆ گەشتوگوزار، دەڵێت: هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ گروپ و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراقدا هەیە. ساڵی ڕابردوو تەنیا لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا زیاتر لە چوار هەزار گەشتیارمان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان شارەکانی عێراق و کوردستان، تائێستا هیچ گەشتیارێکمان نەهێناوە.
ئەو خاوەن کۆمپانیا گەشتیارییە دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی زۆری بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان گەیاندووە، نموونە بە کۆمپانیاکەی خۆی دێنیتەوە و دەڵێت: 28 نووسینگەی گەشتیاریمان لە شارەکانی کوردستان و عێراق و تورکیا هەیە، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی و زەمینی سەرجەمیان داخراون. خەرجی هەر مانگێکی کرێی نووسینگە و کارمەندانمان 50 هەزار دۆلارە، جگە لەوە 43 پاسی گەشتیاریمان هەیە هەر پاسێک چوار کارمەندی هەیە بەهۆی نەبوونی گەشتیار وەستاون و کارمەندەکان بێکار بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی کارمەندی ڕاهێنراو و شارەزان ناتوانم دەستبەرداریان بم، بۆیە سەڕەرای نەبوونی کار، تائێستا دوو مووچەم پێداون.
$لە #دهۆک# 12 هەزار کارمەندی کەرتی گەشتیاری بێکاربوون$
رەنگە بەهۆی هاتووچۆی شاندی سیاسی و کارمەندانی سەر بە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندە بیانییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت، بارودۆخی هۆتێلەکانی پارێزگای هەولێر باشتربێت بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە.
لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 200 هۆتێل و مۆتێلی گەشتیاری و میللی و 4 گوندی گەشتیاری و 80 ڕێستورانتی گەشتیاری و 130 ڕێسورانتی میللی هەن.
ئیحسان شێخ عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ساڵی ڕابردوو 53 هەزار گەشتیار تەنیا لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا هاتبوونە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک، بەڵام لە جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا هیچ کەسێک بۆ گەشتکردن سەردانی دهۆکی نەکردووە. 95%ی هۆتێل و مۆتێل و گوندە گەشیارییەکانی دهۆک داخراون، ئەوانەش لەکاردان میوانیان زۆر کەمە، بەهۆی نەبوونی میوانیش هۆتێلەکان بە ڕێژەی 75%ی کارمەندانیان ناردووەتەوە ماڵەوە.
پارێزگای دهۆک خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوینەهەوار و شوێنی گەشتیارییە، بەگوێرەی بەدواداچوونی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان، لە وەرزی گەشتیاریدا بە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ نزیکەی 12 هەزار کەس سوودمەند دەبن لە کەرتی گەشتیاری، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی گەشتیار زۆربەی ئەو کەسانە بێکار بوون.
شێخ ئیحسان دەڵێت: ئەگەر حکومەت پارەی باج و ڕسوماتی نوێکردنەوە و پارەی کارەبا کەم نەکاتەوە لەوانەیە زۆربەی خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکان بکەونە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، بۆ نموونە هۆتێلێکی سێ ئەستێرە ئەگەر ژمارەی ژوورەکانی سەرووی 40 ژوور بێت، ساڵانە دەبێت نزیکەی 50 ملیۆن دینار باج و ڕەسمی نوێکردنەوەی مۆڵەت و کرێی ئاو و کارەبا و پارەی دڵنیایی کارمەندان بدات، ئەگەر کاری نەکردبێت حکومەتیش لەو باج و کرێ و ڕەسمانە خۆش نەبێت، یان کەمی نەکاتەوە، بێگومان خاوەن ئەم هۆتێلانە دەکەونە ژێرباری قەرزێکی زۆرەوە بە تایبەت ئەگەر هۆتێلەکەی بە کرێ گرتبێت.[1]
#09-06-2020#