بەهۆی کۆچی دوایی پێشمەرگەی پارتیزان و تێکۆشەری دێرینی کوردایەتی و سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی #گەرمیان# هەڤاڵ سەلاحی کوێخاوە، مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# پرسەنامەیەک ئاڕاستەی کەسوکارو هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەموو هەڤاڵانی و خەڵکی تێکۆشەری گەرمیان دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگەی پارتیزان و تێکۆشەری دێرینی کوردایەتی و سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان هەڤاڵ سەلاحی کوێخا ڕادەگەیەنین، کە پاش ململانیەکی سەخت لەگەڵ پەتای نەگریسی کۆرۆنا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
سەلاحی کوێخا، بەشی زۆری تەمەنی لە خەبات و تێکۆشان بەسەربرد، ساڵی 1976 بووەبە پەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتی و ساڵی 1982 بووە بە پێشمەرگە و لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، نمونەی پێشمەرگە و تێکۆشەرێکی دڵسۆز و خۆنەویست و پشوودرێژ بوو، لەڕۆژانی دژوار و ڕەشی دوای ئەنفالیشدا، وەک پارتیزان خاکی گەرمیانی سووتماک کراوی جێنەهێشت.
لەژیانی پێشمەرگایەتیدا، دووجار بەسەختی بریندار بووە و کەمئەندامی سەنگەربووە. هەمیشە نمونەی پێشمەرگە و کادرێکی ژیر و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی ناو خەڵک بووە.
لەدوای ڕاپەرین، لەخەباتی شاردا، لەکاروباری حزبی و حکومیدا، ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقدا، لەئەرکی بەرپرسیارێتی مەڵبەندی #خانەقین#دا، لە خزمەتکردنی ناوچەکەدا بێدرێغ تێکۆشاوەو هەوڵیداوە.
لە ئەرکی حکومیدا، وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لەخەباتی ئاوەدانی و خزمەتکردنی گەرمیاندا، دە ساڵ تێکۆشاو و ووچانی نەدا و نمونەیەکی جوانی لە خزمەتکردن و بەرێوەبردندا بەجێهێشت.
لەدەستدانی هەڤاڵێکی تێکۆشەری وەک سەلاحی کوێخا، داخێکی گەورە و خەمێکی قووڵە، بەناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکارو هاوڕێ و هاوسەنگەرو هەموو هەڤاڵانی و خەڵکی تێکۆشەری گەرمیان دەکەین. ڕۆحی شاد و بۆ هەمیشە ناو و سەروەرییەکانی بەزیندوویی دەمێنتەوە.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان