لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج سەد و 55 کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگاکانیی هەولێر و دهۆک دەستی بەسەرداگیراوە و هەزار و 133 تۆمەتباریش دەستگیرکراون، هەروەها باس لە دەستبەسەرداگرتنی دراوی ساختە و چەکیش کراوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرکان لە هەریمی کوردستان، ئاماری ساڵی 2020ی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەزار و 133 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، 88 کەسیان بە دەستەبەر (کەفالەت) ئازادکراون و لێکۆڵینەوەکانیان لەدادگا بەردەوامە، 916 تۆمەتباریش دۆسیەکەیان یەکلایی بووەتەوەو بەپێی یاسا سزا دراون، هەروەها 58 تۆمەتبار بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازادکراون و 71 تۆمەتباریش بەفەرمانی دادگا سنوور بەدەر کراون.
لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوەشکراوە، 10 ملیۆن و 955 هەزار دیناری عێراقی، 65 هەزار دۆلار و 100 یۆرۆ کە سەرجەمیان ساختەبوون دەستیان بەسەردا گیراوە.
باس لە دەستبەسەرداگرتنی چەک کراوە و ڕاگەیەندراوە، کە 88 چەکی کڵاشینکۆف، 39 دەمانچە، یەک قەناس، یەک بڕنەو، یەک تاپڕ و 29 دووربین دەستیان بەسەردا گیراوە.
جێگای ئاماژەیە، هەرچەند بەڕێوەبەرایەتییەکە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بەڵام ناتوانن دەستیان بگاتە ئامارەکانی سلێمانی و تەنها ئاماری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک یان بڵاوکردووەتەوە.[1]
#28-12-2020#