پەیامی سەرۆک #مەسعود بارزانی# لە یادی شەست ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەکداری و سەرتاسەریی گەلی کوردستان بوو لە پێناو مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی گەلی کوردستان. شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی کورد گەڕاندەوە و بوو بە بنەمایەکی بەهێزی سیاسی و فکری و جەماوەری بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لەدژی ستەم و داگیرکاری.
شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی ڕەسەن و خۆماڵیی کوردستان بوو کە تێیدا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاکان، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بەیەکەوە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و، بۆ یەک ئامانجی پیرۆز خەباتیان کرد. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی سەروەری و مێژوو و دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکرێن و لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دەنگ بداتەوە.
هەموو ئەو دەستکەوت و تێکۆشان و گەشەی سیاسیەی لە کوردستاندا هاتووەتە دی درێژکراوەی قوربانیدان و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. بۆیە وانە و بەهاکانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە ڕووناکی ڕێگەی داهاتوومان.
لە یادی شەست ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو قارەمان و خەباتگێڕانەی ماندوونەناسانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا ڕۆڵیان هەبووە و قوربانیان داوە، چ ئەوانەی لەناوماندا نەماون و ئەوانەی کە هێشتا لە ژیاندا ماون.
لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
مسعود بارزانی
11 ئەیلوول 2021