ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی یەکەمی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
یەکەمین کۆنگرەی (ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد) لە ڕێکەوتی 10/خەرمانان/1400 بەرامبەر به 4ی سپتامبری 2021 له ماوەی یەک ڕۆژ کۆبوونەوەی پڕاوپڕ، کە لە دوو بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات کە لە ڕێگای تۆڕی ئینتێرنێتەوە بە یەکەوە گرێدرابوون، بە بەشداری ئەندامان و میوانانی ڕێکخراوەکە، بەڕێوە چوو.
هاوڕێ پڕشنگ محەممەدی پێشکەشکاری کۆنگرە وێڕای بەخێرهاتن لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد و ئامادەکاری کۆنگرەوە، سڵاو و ڕێز و حۆرمەتی کۆنگرەی پێشکەش کرد بە هەموو ئەو ژنانەی کە هەر ئێستاکە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، تێدەکۆشن بۆ ڕزگار بوون و هەروەها هەموو ئەو ژنانەی لە ناوخۆی کوردستان سەرەڕای فشار و زەخت و زۆرێکی زۆر کە بە سەریانەوە هەیە لە خەبات بۆ مافی یەکسان کۆڵ نادەن.
کۆنگرە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی ڕێگەی ڕزگاری و یەکسانی مرۆڤ، دەستی پێکردوو و بە سرودی (ژنانی تێکۆشەر) بێدەنگیەکە شکێنرا.
هاوڕێ ئارێز محەمەدی لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەریی (ڕێکخراوی ئاسۆی ئاسۆی ژنی کورد) وە، قسە و باسێکی سەبارت بە
بار و دوخی ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی، بێ مافی ژنان لە کۆمەڵگاکان و کولتوورو سیستەمە جیاوازەکان بە گشتیی کرد.
هەروەها جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بە هۆی زاڵبوون و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی و کولتوور و سوننەتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگا بەستراو و دیکتاتۆرییەکان، بار و دۆخی ژنان بە چەند قات خرابترە و سەرکوت و بێ مافی و توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەگەلێکی زۆر ئاشکراو و پەت بچڕاو لە ئارادایە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی کرد بە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان لە دژی ئەم سەرکوت و بێ مافیە و ئەم ڕاستیە کە ئێستا ئیتر ئاستی وشیاری ژنان بە گشتی زۆر چۆتە سەرەوە و بە تایبەتی ژنانی کورد لە هەموو پارچەکان و لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دەور و نەخشی خۆیان، نیشان داوە. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە خەبات بۆ یەکسانیی ژن و پیاو تەنیا ئەرکی ژنان نیە و بەڵکوو پیاوانیش بە هەمان شێوە دەبێ لەم خەباتەدا، چالاک بن.
بڕگەیەکی تری کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە وتاری هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە، هاوڕێ عومەر لە سەرەتای وتارەکەیدا وێرای پیرۆزبایی لە لایەن خۆی و کومیتەی ناوەندییەوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە، جەختی لەوە کردەوە کە کار کردن لە بواری ژناندا ڕابردوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەڵسووکەوتی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، کۆمەڵە ڕێکخراوەیەک بووە کە بابەتی ژن و یەکسانی لە هەموو بوارەکاندا هێناوەتە گوڕێ، ئەلانیشی لەگەڵ بێت کۆمەڵە لەسەر ئەو ڕێبازەیە و یەکسانیخوازە، بەڵام ئێمە لە دەورەیەکی تایبەتیداین کە بە ڕادەیەک لەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتیانە کە کۆمەڵە لە کوردستاندا دایدەنا دوورکەوتووینەتەوە، هەموو شتێک لە ڕوانگەی حیزبییەوە بینین، تاراوگە نشین بوون کە لەو نێوانەدا پیاوان زۆرتر توانیویانە دەور بگێرن دەتوانن لەو هۆکارگەلە بن کە بە بڕوای من بواری کار بۆ ژنان لە کۆمەڵەدا تا ڕادەیەک لاواز بکات، ئەوەی ڕۆشنە ئەوەیە کە کۆمەڵە ڕوانگەی لە بواری هزری بۆ پرسی ژن نەگۆڕدراوە بەڵام لە باری کردەیی ئەو کارانەی کۆمەڵە بۆ ژن کردوویەتی هاوسەنگ نییە لەگەڵ ئەو ئامانجانەی وا کۆمەڵە لە سەرەتاوە بۆخۆی دیاری کردبوو.
هاوڕێ عومەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە بە حیزبی کردنی پرسی ژن بووەتە هۆکارێک کە پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵگادا لاواز بێت، لە درێژەدا هاوڕێ عومەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی ئەو ڕێکخراوەیە تەنیا نابێت لە چوارچێوەی ئوردووگا قەتیس بکرێت و دەبێ ڕوانگەی ڕوو بە دەرێوە پەرە پێبدات هاوکات بەو ئەندازەیەش لە ناو حیزبدا دەبێ گرنگی پێبدرێت.
هاورێ عومەر لە درێژەی وتەکانی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر بە گرینگ وەسف کرد و لەو پێوەندییەدا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت قاڵبێکی ئیدئۆلۆژیک لە جۆری پێوەندییەکان لەگەڵ ناوخۆ بدرێت، دەبێت ئاسۆی ژنی کورد لەگەڵ چالاکوانانی ناو کوردستان و چالاکانی ژنان لە ڕۆژهەڵات یەکبگرێتەوە و ئاشت بێتەوە و بەستێنی کارەکانمان دەبێت بەرینە ناوخۆ.
هاوڕێ عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا وێرای دەسخۆشی لە ئەندامانی بەرێوەبەری دەورەی پێشووی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد بۆ کار و چالاکییەکانیان پیرۆزبایی
گرتنی کۆنگرەی یەکەمی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کوردی کرد و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ کردن.
تەوەرێکی دیکەی کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە ڕاپۆرتی چالاکییەکانی ئاسۆی ژنی کورد لە کوردستان و دەروەی وڵات کە هاوڕێیان ئارێز موحەمەدی و سنوور حەنیفی پوور لەو بارەیەوە ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد و هەروەها ڕاپۆرتی داراییش لە لایەن هاورێ پڕشنگ محەممەدی پێشکەش کرا.
بڕگەی دواتری کۆنگرەکە تەرخان کرابوو بە قسە و باسی ئەندامانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە کە تێیدا بەشێکی زۆرێ ئەندامان قسە و باس و ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستە بەر دەم ئامادەبوانی کۆنگرەکە.
پەسەندکردنی بەیاننامەی پێشنیارکراو بەشێکی تری بەرنامەی کاری کۆنگرە بوو، پاش ئاڵووگۆری بیر و بۆچوونی هاوڕێیان و قسە و باسێکی چر و پڕ بەیاننامەی پێشنیارکراو کەوتە بەر دەنگی هاوڕێیانی بەشداربوو و پەسەندکرا.
بڕگەی کۆتایی کۆنگرەکە تەرخانکرابوو بە هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی بەرێوەبەری ئاسۆی ژنی کورد کە لە ئاکامدا 7 کەس لە ئەندامان بە دەنگی بەشداربوان وەک دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی ئاسۆی ژنی کورد هەڵبژێردران.
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
20ی خەرمانانی 1400ی هەتاوی
11ی سێپتامبری 2021ی زایینی