دەسەڵاتی چوارەم یان سێ و نیو
بابەت: ڕاگەیاندن
نووسین: جەمال ئارێز
#29-12-2021#
وەک ڕۆژنامەنووسێک ئەگەرچی لە میدیایەکی حزبیشدا کاربکەم، بایی ئەوەندەی لێ دەزانم کە ڕەنگە ئەرکی من وەک ڕۆژنامەنووسێک ئەرکی کادرێکی حزبییە و دەشێت لە هەندێک وێستگەی وەک بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی حزبیدا ئەرکەکەم لە نێوان ڕۆژنامەنووسی و کادری حزبیدا زیاتر تای تەرازووەکەی بەلای کادربووندا بشکێتەوە وەک لە ڕۆژنامەنووسی، بەڵام لە دۆخی ئاساییدا وەک هەر ڕۆژنامەنووسێک درک بە دیاردە دزێوەکانی وەک ناعەدالەتی و گەندەڵی و کەموکووڕییەکان دەکەم و قسەشیان لەسەر دەکەم بەڵام ڕەنگە زمانی ڕاپۆرت و نووسینی من جیاوازبێت لە هەندێک لەوانەی کە لەجیاتی یاسا و ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی، شێواز و سیستمی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە بە مەرجەع و ڕێنوێنی خۆیان.
با ڕەخنە و گلەییەکان هەبن
ماوەی ڕابردوو بینیمان میدیا (ئەهلی و سەربەخۆکان) بە تەلەفزیۆن و بە شێوەیەکی چرکە بە چرکە هەواڵی خۆپیشاندانی خوێندکاران و گرژیی و ئاڵۆزییەکانیان بڵاودەکردەوە، دیارە ئەوە ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە و کەس بۆی نییە گلەیی لەوە بکات، تەنانەت بەو وتار و بابەتانەشەوە کە لەو میدیایانە بڵاودەکرانەوە سەبارەت بە ناعەدالەتی و پێشێلکردنی مافی ڕەوای خوێندکاران، بەڵام ئەرکی ڕۆژنامەنووس بۆخۆی ئەوەیە کە ناونراوە میدیا، واتە نێوان و دەبێت ببێتە نێوەند لە نێوان هەردوو لایەنی کێشەکە، واتە چۆن دەستدرێژیی هەندێک لە کەسە ئەمنییەکان بۆسەر خوێندکارانی خۆپیشاندەر فۆکسی خرایە سەر، دەبوو ڕۆژنامەنووسان فۆکسیان بخستایەتە سەر ئەو (خوێندکار) یان خۆ بە خوێندکار زانانەش کە بە 10-15 کەس پەلاماری ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەدەن و هەواڵ و وێنەی ئەوانەشیان بە چەندین شێوە و وەک خۆی بگەیاندایە بە وەرگر و چۆن وتار و شرۆڤەی عەقڵییەتی ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە دەکرا کە بە شێوەی نەشیاو شەق لە خوێندکارانی خۆپیشاندەر هەڵدەدەن، وا گونجاو بوو بۆ میسداقییەتی خۆیان هەمان شتیان لەبارەی ئەو بەناو خۆپیشاندەرانەشەوە بکردایە کە بەدەیان کەسیان بەشەق و پێلەقە بەردەبوونە گیانی پۆلیسێکی بێ چەکی چالاکییە مەدەنییەکان.
میدیا سەلماندی دەسەڵاتە
دیارە سەرباری تێبینیم لەسەر چۆنێتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژە، بەڵام هەم ڕەوایی داواکارییەکانی خوێندکاران و هەم پێداگریی و سووربوونیان لەسەر داوا ڕەواکانیان و هەم ئەو ڕووماڵەش کە لەلایەن میدیاکانەوە کرا بۆ خۆپیشاندانەکان، سەلماندی کە بەڵێ شکور ڕۆژنامەنووسیش وەک دەسەڵاتێک لە هەرێمدا بەرجەستە بوو و توانیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێنێتە سەر خەتی بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانی خوێندکاران.
بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و تێبینیی هەمووانە بە خودی خوێندکاران و ڕۆژنامەنووسانیشەوە، ئەوەیە کە دوو دیمەنی جیاوازی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریمان بینی لە شێوازی مامەڵە و بەرخورد لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و داوا ڕەواکاندا، یەکێکیان ئەوەبوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی کەسی یەکەم بەبێ نێوەند و وەسیتێک لەگەڵ ناڕازیترین نوێنەرانی خوێندکارەکاندا بە دوو گەڕ بۆ ماوەی نزیکەی (20) سەعات کۆبۆوە و گوێی لە هەموو داواکارییەکانیان گرت تا ئەو شوێنەی بە ڕاست و ڕەوان بەڵێنی چارەسەرکردنی زۆربەی هەرە زۆری داواکارییەکانی پێدان.
ئەگەرچی سەرەتا بەشێک لە خوێندکاران دەترسان لەوەی کە ئەم بەڵێن و گفتانەش وەک ئەوانەی جارەکانی پێشوو بێت، ئامادە نەبوون کۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن و (میدیا سەربەخۆ و ئەهلی)یەکانیش فۆکسیان لەسەر ئەو چەند خوێندکارە دانابوو کە متمانەیان نییە، بەڵام لەگەڵ دڵنیابوونی خوێندکاران لەوەی کە ئەو بەڵێنانەی کە لە سەرکردەی یەکەمی یەکێتی وەریانگرتووە لە ماوەیەکی قیاسیی کەمدا %90ی جێبەجێ کرا، بەبێ هیچ گوشارێک خۆیان بە بەیاننامەیەک کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکان هێنا و گەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن.
هەمان خواست و داواکاریی ڕەوای خوێندکارانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆلێژ و زانکۆکانی قەزاکانی زۆنی سەوز لە زۆنی زەردیشدا هەبوو، بەڵام لەوێ:
یەکەم: هەر لەبنەڕەتەوە ڕێگە بە خۆپیشاندان نەدرا و ئەوانەی بەنیازبوون سەرکردایەتی خۆپیشاندان بکەن، هەموویان دەستبەجێ دەستگیرکران.
دووەم: دەستبەجێ داواکاریی خوێندکاران لەلایەن کەسی دووەمی پارتییەوە بۆ دەرماڵە ڕەتکرایەوە بەپاساوی ئەوەی لە جیهاندا شتێک نییە ناوی دەرماڵە بێت بۆ خوێندکار.
سێیەم: ئەو پێداویستی و کەرەستانەی کە بۆ زانکۆ و پەیمانگە و بەشە ناوخۆییەکانی سنووری زۆنی سەوز لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە بۆ خوێندکاران دابینکران، زانکۆ و پەیمانگە و بەشە ناوخۆییەکانی هەولێر و سۆران و دهۆک و زاخۆ و ئەوانی تریش هەمان پێویستییان هەیە، بەڵام هیچیان بۆ نەکرا.
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هیچ کام لەو (میدیا پرۆفیشناڵانە) نەهاتن بەراوردکارییەک لە نێوان ئەو دوو حاڵەتەدا بکەن، بەبێ ئەوەی وەسف و سەنای یەکێتی و بافڵ جەلال تاڵەبانی تێدا بکەن، تەنیا وەکو دیاردەیەک کە لە هەرێمێکدا بەو دوو شێوازە مامەڵە لەگەڵ یەک گرفتدا کراوە و هیچی تر.
دیاردەیەکی دیکە مەسەلەی شەڕی ناو خوێندنگە عەرەبییە ئەهلییەکە بوو، کە بینیمان چۆن دەستبەجێ هەڵایەکی گەورەی میدیایی بۆ دروستکرا و شەجەرەی بنەماڵەی کەسی دەستدرێژیکار بە جلی سەربازییەوە کرایە بابەتێکی گەرم و چەندین شیعرو شانامەی لەسەر هۆنرایەوە، بەڵام کاتێک دەستگیر کراو ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێنرێتەوە و کەسی غەدرلێکراو لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی یەکێتی پێشوازیی لێ دەکرێت و پارێزەری بۆ دەگیرێت و تۆمەتباری کێشەکەش سەرەڕای ئازادکردنی بە کەفالەت لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە لە فەرماندەیی تەوقیف دەکرێت لەسەر ئەوەی پلە سەربازییەکەی و جلوبەرگی ڕەسمیی سەربازیی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی بەکارهێناوە، ئەمەیان هیچ ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەیەکی لەو میدیایانەدا نابێت و بێدەنگەی لێ دەکەن.
کەوابێت ئەگەر قەولە میدیا دەسەڵاتی چوارەم بێت، ئەوە خەریکە ئەو دەستەواژەیە شوێنی خۆی دەگرێت و مایەی خۆشحاڵیی منیشە، بەڵام نابێت وەک دەسەڵاتی سێ و نیو بمێنێتەوە و دەبێت بە ڕاستی دەسەڵاتی چوارەم بێت و لەسەر لووتکەی ڕووداوەکان بووەستێت و ڕەخنە لە ناعەدالەتی و کەموکووڕییەکان بگرێت و باسی چارەسەرەکانیش بکات، ناڵێین ستایشی بکات چونکە ستایش ئەرکی ڕۆژنامەنووس نییە.
[1]