قوماش 86
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دەوری چار ڕۆژان لەو ژۆرەی ماینەوە، کەسمان نەدەدیت، نەیاندەهێشت بێینە دەرێ، مەگەر لۆ ئاودەست و دەستنوێژ شووشتنی نەبی، ڕۆژی دوو جەمیان دەداینێ، سبەینان و نیوڕانان، ئەوەی نیوڕانان دەوری سعات سێی لۆیان دەهیناین، نانەکە زۆر باش نەبوو، نەمری و نەژی بوو، نەماندەزانی لۆ فەرمانی لە سێدارەدانیمە ڕاگیرایە، کێشەکە ئەوەبوو ئەو برادەرانەی دی کە مابوون پاشیمە لە سێدارە بدرێن، وایان دەزانی ئەمە لە سێدارە دراینە و تەواو، ئەو وەختی نانیشیان لۆ دەهیناین، دەمانپرسی ئەمە لۆ لێرەینە؟ هیچ وەرامیان نەدەداینەوە، هەر ئەوەندە نەبی بە توڕەیی دەیانگۆ: بلا کلام(بێ قسە)! ئەمن و ئەو برادەرەم مردین هەندی لێکبدەینەوە، دەمەک دەمانگۆ: لێبوردنی گشتی هاتیە، دەمەک دەمانگۆ: ڕەنگە کودەتا کرابی و سەدام لەناو چووبی، یان ڕەنگە دانوستان لەگەر پێشمەرگەی هەبی و بیانەوێ ڕێککەون، وەلحاسر نەدەگەیشتینە هیچ و لە ئاخیری دەمانگۆ: یاڵلا هەرچیبی، موهیم ئەوەیە ئەمە قورتار بووین!
ڕۆژەکی زابتە سێ ئەستێرەکە هات و گۆتی: ئەنگۆ جارێ چارەنووستان دیارنیە، هەر ئەوەندەمان لۆ هاتیە کەوا لە سێدارە دانتان ڕابگرین، ئەوجە نازانین هەتا کەنگیە، ئایا حوکمتان دەگۆڕێ بە لێبوردنی گشتی، یان زیندانی هەتا هەتایی، جارێ هیچ دیارنیە، لۆیێ ئەنگۆ لەو ژۆرەی دەمینێنەوە، هەتا فەرمانەکمان لۆدێ! گۆتم: ناکرێ بماننێرنەوە کن ئەو برادەرانەی دی؟ گۆتی: نەخێر ئەنگۆ مادام لەوێ هاتنە دەرێ ناچنەوە وێ، ئەمە چاوەڕێی بڕیارەکینە، هەنگینێ بەگێرەی بڕیارەکەی مامەڵەتان لەگەر دەکەین! برادەرەکەم گۆتی: باشە نازانی بڕیارەکە لۆ ڕاگیرایە؟ گۆتی: نا، بەران سیدولڕەئیس لەو ڕۆژانە چوویتە هەولێرێ و لەگەر کۆمەرەک لە خەرکی هەولێرێ دانیشتیە، ئەمن وا تێدەگەم ئەوان تەکلیفیان لێکردبی لێبوردنەکی لۆ برا کوردەکانمان دەربکا، ئیدی ئەویش ئەو بڕیارەی دایە! پاشان زابتەکە چووە دەرێ و دەرکەکەی پێوەدا، ئەمەش لێی ڕاکشاین و گۆتمان: دەی ئیشاڵلا لێبوردنی دەرکردیە و بە یەکجاری قورتارمان دەبی، گۆتمە برادەرەکەم: ئەگەر بەربووین لەسەر خێران چدەکەی؟ گۆتی: دەست بە ئیش و کاری خۆم دەکەمەوە و تۆبە جارەکیدی دەوم بجولێ، ئەدی ئەتوو چدەکەی؟ گۆتم: باوەڕ ناکەم لە هەولێرێ بمینێم، دەرفەتم لۆ هەرکەوی دەڕۆم و خۆم دەگەینمە ئەوڕوپای، هەتا سەدام مابی ژیان کەلکی نەمایە لۆ من، ئەمن دەزانم جارەکیدیش دەمگرنەوە، ئەوجە هەتا زووە خۆم قورتارکەم و چیدی هەناوی داک و بابم پڕی خین نەکەم! گۆتی: ئەدی ئەو کیژەی لەسەرەوی ئەوهات لێهاتیە، چیلێدەکەی؟ گۆتم: لێی دووربم باشە، چەند لەوی نێزیک بم ئەو ئازاری زیاتر دەخوا، دوایێ کێ دەرێ مایە، لەو شەوانە لەخەوێم دیت، درم دەرێ یان خۆی کووشتیە، یان مێردەکەی کووشتیتی! درم زۆر تەنگە و هەموو شەوێ خەونی بە کفن و قەبرستانی دەبینم، هەرچەند هورد دەبمەوە وا هەست دەکەم هەورین لە دنیایەکی دیکەیەو ئەمنی بە تاقی تەنێ لۆ خەمان بە جێهێشتیە!
دوو مانگمان لە چاوەڕوانی بەڕێ کرد، هەر ئەو دوو کەسە بووین و نەماندەزانی چمان بەسەردێ و ئەوانیدیش چیان بەسەر هاتیە! بەیانیەکی لەسەر نانی بووین، هاتن و گۆتیانەمە: خۆتان خڕکەنەوە، دەتانبەینەوە هۆرەکەی و لەگەر برادەرەکانیدی ئێکدی دەبیننەوە! ئەوە لۆمە خۆشترین قسە بوو، درمان کراوە و هەستمان کرد ژیانمان بەرەو باشی دەڕوا، لە خۆشیان وازمان لە نانەکەی هیناو گۆتمان: ئەمە حازرین! هەندەی نەبرد هەردووکمانیان کەلەپچە کرد و گۆتیان: یاڵلا با بڕۆین، لە هەمووش سەیرتر چاویان نەبەستاین! بەڕێکەتین و گەیشتینە هۆرەکەی، دەرکەیان کردەوە و چووینە ژۆرێ، برادەرەکانمان چاویان زەق بۆوە و سامگرتی بوون، بەینەکی تەماشامەیان کرد و باوەڕیان نەدەکرد ئەمە مابین، غاریاندا و باوەشیان پێکردین و دەستیان بە گریانێ کرد، هەر هەموومان تێر تێر فرمێسکمان باراند، فرمێسکی ئەوجارە زۆر جوودا بوو لەوانی پێشتر، ئی پێشان فرمێسکی خەم و مردن و دابڕان بوو، بەران ئی ئەوجارە فرمێسکی شادی و قورتار بوون بوو لە مردنەکی مسۆگەر!
دانیشتین گۆتیان: بەس پێمان برێن ئەنگۆ کوو ماینە؟ گۆتم: مانی من مەجالەکی تێدا، بەران ئەو برادەرە گوریسیشیان لە ملی کرد، چونکە ئەجەلی نەهاتبوو، لە ئاخیر لەحزە دەرباز بوو، هەر ئەوەندەیان بەمەگۆ: جارێ فەرمانی لە سێدارەدانتان ڕاگیرایە و چاوەڕێی ئەوەی دەکەن بزانن چارەنووسمان بەرەو کێ دەچی! ئێکیان گۆتی: وەڵلاهی دەنا ئەو سەگبابانە ئەمەیان تۆقاندیە، هەموو شەوێ دێن دوو ناوی دەخیننەوە و دەمانبەن، هەتا بن گوریسەکەی و دوایێ دەرێن: لێگەڕێن سبەینێ وەکی ئەوانیدی لە سێدارەیان دەدەین، بەمەشیانگۆ ئەنگۆ لە سێدارە دراینە و تەواو، ئیدی ئەمە هەم خەمینگۆمان دەخوارد و هەم خەمی ئەو شەڕە دەروونیەی لەگەریان دەکردین! گۆتم: ئەمەش هەتا ئێستا هیچی لێ نازانین و هیچیشمان پێنارێن، ئەوەندە نەبی زابتەکە گۆتی: سەدام سەری لە هەولێرێ دایە و پێدەچی لەوێ خەرک تەکلیفی لێکردبی و ئەویش بڕیاری لە سێدارە دانینگۆی ڕاگرتبی، ئەوجە نازانین هەتا کەنگیە!
ڕۆژی پاشی پێشی نیوڕانێ دەرکەی هۆری کراوە و دوو سێ زابت و پاسەوان هاتنە ژۆرێ، ئەمە هەستاینەوە و ڕێز بووین، ناویان خیندینەوە و گۆتیان: خەبەرەکی خۆشمان لۆنگۆ پێیە و دوعای لۆ سەیدوڕەئیس و حزب و شۆڕشی بکەن، هەرچەندە ئەنگۆ شایانی ئەو مەڕحەمەتەی نینە، بەران ئەوە بڕیاری سەیولڕەئیسیە و کەس ناتانی لێی لابدا، بڕیارەکەش ئەوەیە حوکمی لە سێدارە دانینگۆ گۆڕا لۆ حوکمی زیندانی هەتا هەتایی، واتە هەتا دەمرن لە زیندانی دەمینێنەوە، یاڵلا خۆتان ئامادەکەن هەتا بتانبەینە زیندانی تایبەت و لەوێ جێ و ڕێی تایبەتتان لۆ دیاری دەکرێ و پاش ماوەکیش کەس و کارتان دەتوانن سەردانتان بکەن! ئەمە لە خۆشیان هەر وەختبوو بفڕین، درمان ئەوەندە خۆشبوو هەتا خوا دەرێ بەس، باوەشمان پێکدی کرد و پیرۆزباییمان لێکدی کرد، یەکسەر خۆمان کۆکردەوە و گۆتمان حازرین ئەگەر دەمانبەن!
نیو سعاتەکی پێچوو هاتنەوە، دەستیان کەلەپچە کردین و چاویان بەستاین و ئەمەیان بە پێشەخۆدا، بڕەک ڕۆیشتین، دوایێ سواری تڕومبێلیان کردین و تڕومبێل بە ڕێکەت، دەوری دوو سێ دەقەک ڕۆیی و ڕایگرت، ئەمەیان هینا خوارێ، بە پێشە خۆیان داین لۆ ژۆرێ، بەینەکی ڕۆیشتین و دوایێ ڕایانگرتین، دەست و چاویان کردینەوە و گۆتیان: ئەوە ژۆرینگۆیە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!